English | عربي

وردەکاریی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ ھەرێمی کوردستان


وردەکاریی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ ھەرێمی کوردستان

2019/07/14 | 17:20

(هەواڵ كوردستان)-

ھەولێر-KDP.info- ئاژانسی ھەواڵی کاتپرێسی کاتۆلیکی، لیستێکی وڵاتانی بڵاو کردووەتەوە، کە ساڵی داھاتوو بڕیارە پاپا فرانسیس، پاپای کاتۆلیکەکانی جیھان سەردانیان دەکات، کە یەکێک لەوانە ھەرێمی کوردستانە، نوێنەرێکی مەسیحییەکانیش لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، وردەکاریی سەردانەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێ، ڕاستە لە سەرەتای ساڵی داھاتوودا پاپا سەردانی ھەولێر دەکات، وەکو ڕێزگرتن لەو ھەڵوێستانەی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت سەرۆک بارزانی، بەرامبەر بە مەسیحییەکان ھەیبووە.

وەحیدە یاقۆ ھورمز، نوێنەری مەسیحییەکان لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داھاتوو پاپا فرانسیس سەردانی عێراق بکات و لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا دەچێتە نەجەف بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەلی سیستانی و سەردانی ناوچەی ئوریش دەکات، کە شوێنی نەبی ئیبراھیم بووە و، دوواتر سەردانی ھەرێمی کوردستان و شاری ھەولێر دەکات و دەچێتە عەنکاوە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستانیش کۆ دەبێتەوە."

وەحیدە یاقۆ ھورمز گوتیشی: "ھەڵوێستەکانی ھەرێمی کوردستان بەرانبەر بە مەسیحییەکان لەسەر ئاستی جیھان کاردانەوەی زۆری ھەبووە و دەرگای بۆ ئاوارەکان کردووەتەوە و خزمەتی زۆری مەسیحییەکانی کردووە، بەتایبەت سەرۆک بارزانی، بۆیە وەکو ڕێزگرتنێک لە ھەرێم و سەرۆک بارزانی، پاپا سەردانی ھەولێر دەکات."

ھورمز باسی لەوەش کرد: "مەسیحییەکان زیاتر لە ھەرێمی کوردستان ئارامن و بەراورد بەعێراق زۆریان ھاوکاری کراوە، بۆیە ھاتنی پاپا کاریگەریی زۆری دەبێت و دەبێتە ھۆی ئەوەی زیاتر ھاوکاریی ئێمەش بکرێت."

بڵند ئیبراھیم 

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending