English | عربي

سلێمانی.. گه‌نمى جووتیاران ڕێگرى له‌ ته‌واوكردنى شه‌قامێك ده‌كات


سلێمانی.. گه‌نمى جووتیاران ڕێگرى له‌ ته‌واوكردنى شه‌قامێك ده‌كات

2019/07/16 | 01:40

(هەواڵ كوردستان)- "داوا له‌ جووتیاران ده‌كرێت گه‌نمه‌كانیان لاببەن"

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ڕێگاوبانى سلێمانى ڕای ده‌گه‌یه‌نێت له‌شاره‌دێی وارماوا گه‌نمى جووتیاران ڕێگرى له‌ ئه‌نجامدانى پرۆژه‌ى درووستكردنى سایدى دووه‌مى ڕێگاى ده‌ربه‌ندیخان ـ وارماوا و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى سایده‌ كۆنه‌كه‌ كردووه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێی وارماواش ڕایده‌گه‌یه‌نێت له‌ڕێگه‌ى موختاره‌كانه‌وه‌ جووتیارانمان ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ گه‌نمه‌كانیان لابه‌رن.

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ڕێگاوبانى سلێمانى، له‌ نووسراوێكدا كه‌ به‌ ژماره‌ 845 له‌ 27/6/2019 ده‌رچووه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ (باسنیوز) نێردراوه‌، ڕایگه‌یاندووه‌ "كۆمپانیاى (پورنام ـ قه‌ڵا) و لیژنه‌ى سه‌رپه‌رشتیارى پرۆژه‌ى درووستكردنى سایدى دووه‌مى ڕێگاى وارماوا ـ ده‌ربه‌ندیخان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى سایده‌ كۆنه‌كه‌/ قۆناغى یه‌كه‌م، سكاڵا ده‌كه‌ن كه‌ناتوانن له‌ 5 كیلۆمه‌ترى ده‌ستپێكى پرۆژه‌كه‌دا كاربكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ى جووتیارانى شاره‌دێی وارماوا بڕێكى زۆر گه‌نمیان له‌سه‌ر ڕووى سایده‌ قیرتاوكراوه‌كه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌".

 

ڕێگاوبانى سلێمانى داوا له‌ قایمقامیه‌تى قه‌زاى شاره‌زوور ده‌كات "فه‌رمان و ڕێنمایی به‌په‌له‌ بده‌ن به‌ۆلایه‌نى په‌یوه‌ندیدار بۆ لابردنى گه‌نمى جووتیاران له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ و ئه‌و هۆكارانه‌ى ده‌بنه‌ڕێگر له‌ئه‌نجامدانى كارى پرۆژه‌كه‌".

 

كامه‌ران عه‌بدوڵڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێی وارماوا، به‌ (باسنیوز) ى ڕاگه‌یاند: "ڕۆكردنى گه‌نمى جووتیارانى گونده‌كانى سنووره‌كه‌ له‌سه‌ر ڕێگاى سه‌ره‌كى ده‌ربه‌ندیخان ـ وارماوا، بووه‌ته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م ئه‌و كۆمپانیایه‌ى كار له‌ درووستكردنى سایدى دووه‌مى ڕێگاكه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وى ڕێگا كۆنه‌كه‌ ده‌كات".

 

گوتیشی: "جووتیاران به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ى ئیداره‌ى شار و شاره‌وانى گه‌نمه‌كانیان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ داناوه‌ و تائێستا چه‌ندجارێكى لیژنه‌ى زیاده‌ڕۆییمان ناردووه‌ته‌ شوێنه‌كه‌ به‌ڵام هیچ جووتیارێكیان نه‌بینیوه‌ ئاگاداری بكه‌نه‌وه‌، پێشمان باش نه‌بووه‌ شۆفڵ ببه‌ینه‌ شوێنه‌كه‌ و گه‌نمه‌كانیان ڕۆبكه‌ینه‌ سه‌ر خۆڵه‌كه‌ چونكه‌ به‌رى ڕه‌نجى ساڵێكیانه‌".

 

ڕاشیگەیاند: "په‌یوه‌ندیمان كردووه‌ به‌ موختارى ئه‌و گوندانه‌ى نزیك ئه‌و شوێنانه‌ن بۆئه‌وه‌ى جووتیاران ئاگاداربكه‌نه‌وه‌ گه‌نمه‌كانیان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ لابه‌رن".








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending