English | عربي

مەخمووری: سەردانی شاندی ھەرێم، بۆ دەرخستنی نیازپاكییه‌ بۆ چارەكردنی كێشەكان


مەخمووری: سەردانی شاندی ھەرێم، بۆ دەرخستنی نیازپاكییه‌ بۆ چارەكردنی كێشەكان

2019/07/16 | 10:45

(هەواڵ كوردستان)-

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمڕۆ بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوان ھەردوو حكوومەت، شاندێكی ھەرێمی كوردستان بگاتە بەغدا، سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانیش پێی وایە، ھەرێمی كوردستان نیازی پاكە و دەشڵێ، سەردانی ئەمڕۆی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەرھەمدار دەبێت.

غەفوور مەخمووری، سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە درێژایی مێژوو ھەرێمی كوردستان دەستی كراوە بووە لەبارەی دانوستان و لێكتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا، بەڵام حكوومەتەكانی ئێستا و رابردووی عێراق خواستەكانی گەلی كوردستانیان بەجێ نەھێناوە،  سەردانی ئەمڕۆی شاندی باڵای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، بۆ دەرخستنی نیازپاكیی ھەرێمی كوردستانە لەگەڵ بەغدا بۆ چارەكردنی كێشەكان".

سكرتێری گشتیی یەكێتیی نەتەوەیی گوتیشی: "ئومێدی زۆرمان ھەیە ئەمجارە بگەنە ئەنجامێك بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە ھەڵواسراوەكان، چونكە كارنامە و ھێڵە گشتییەكانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێم ئەوەیە، تەواوی كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارە بكرێن، لەبەر ئەوەی نیازی ھەرێمی كوردستان بۆ گەیشتن بە ئەنجامێك، پاكە".

مەخمووری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەوەی تا ئێستا بەدی دەكرێت، سەرۆكوەزیرانی عێراق سیاسەتێكی نەرمی بەرامبەر بە ھەولێر پیادە كردووە، ئەوەش رێگەخۆشكەرە و دەبێتە ھۆی ئەوەی بگەینە جۆرێك لە تێگەیشتن لەگەڵ بەغدا، كێشە لەوەدایە بەشێك لە كارەكتەرەكانی دیكەی كە وێنای سیاسەتی بەغدا دەكەن، ئەوان تێڕوانینی جیاوازیان ھەیە، بە دیدی من ئەگەر كێشەكان لە چوارچێوەی گفتوگۆی ھەردوو سەرۆكوەزیردا بێت، ئەوە دەگەنە ئەنجامێكی باش، گەشبینم بەوەی سەردانی ئەمڕۆی شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، بەرھەمدار دەبێت".

 

قائید میرۆ








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending