نێچیرڤان بارزانى: هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى چاره‌سه‌ره له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستور
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
سەرۆكی هەرێمى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یه ته‌واوى كێشه و دۆسیه هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات.
له راگه‌یه‌نراوى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا هاتووه، نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تى و سه‌ركرده و لایه‌نه عێراقییه‌كان، كێشه و به‌رپرسیارییه‌تییه‌كانى به هاوبه‌ش بۆ هه‌موو عێراقییان له قه‌ڵه‌م دا و گوتى: هه‌موومان یه‌ك چاره‌نووسمان هه‌یه و كێشه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان كێشه‌ى هه‌موو عێراقییه‌كانه، دووپاتیشى كرده‌وه دواى ئه‌زموونى تاڵى چه‌ندین ساڵى گرفت و كێشه‌ى نێوان هه‌ردوولا، ئیتر ده‌بێ نه‌چینه‌وه سه‌ر ڕابردوو، به‌ڵكوو ئێستا كاتى ئه‌وه‌یه بگه‌ینه تێگه‌یشتنێكى هاوبه‌ش و به ڕێككه‌وتنێكى گشتگیرى جێى ڕه‌زامه‌ندیى هه‌ردوولا كه ئارامى و سه‌قامگیرى، دادپه‌روه‌رى و پێشكه‌وتن بۆ ئێستا و داهاتووى هاوبه‌شمان دابین بكات، كێشه‌كان به یه‌كجارى چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه، ده‌كرێ قه‌یرانه‌كان بكرێنه ده‌رفه‌ت بۆ هاوكارى و پێكه‌وه‌كاركردن، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سه‌ختى و قه‌یرانه‌كانى ئێستاى وڵاتیش به‌رپرسیاریه‌تیى هاوبه‌شى هه‌مووانه و به‌رده‌وامیى كێشه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیى هیچ لایه‌نێكدا نییه، هه‌موومان پێكه‌وه به هاوكارى، ده‌توانین بگه‌ینه تێگه‌یشتنێكى هاوبه‌ش له‌سه‌ر شێوازێكى به‌ڕێوه‌بردنى باشترى وڵات تا خزمه‌ت به هه‌موو هاووڵاتیان بكرێت.
سه‌رۆكى هه‌رێم ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕوو، ئاماده‌یه ته‌واوى كێشه و دۆسیه هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و به ڕه‌چاوكردنى سیستمى فیدراڵى و ماف و ئه‌ركه‌كان و ئه‌وله‌وییه‌تى بارى هه‌نووكه‌ییى ژیان و بژێوى هاووڵاتیان چاره‌سه‌ر بكات، ڕۆڵى سه‌ركرده و هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانى عێراقیشى بۆ پشتگیرى له گفتوگۆ و چاره‌سه‌ر و گه‌یشتن به ڕێككه‌وتن به گرنگ و پێویست و ئه‌ركى هه‌مووان زانى.