هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە

وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە
وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە

2019-12-04 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز


پێش كەمێك وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە ئەمشەو تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر فەوجێکی لیوای سێی پیادەی هێزی پێشمەرگە له‌ سنووری كوڵه‌جۆ (میحوەری گەرمیان)، هەر زوو لەلایەن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ وەڵام درانەوە و بە توندی لێیان هاتوونه‌ته‌ ده‌ست و په‌لاماره‌كه‌یان تێكشكاندووه‌.


راگەیاندراوەكە ئاماژەی بەوە داوە كە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەنەوە هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌ ئاماده‌باشی تەواودان بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان و لەناوبردنی تیرۆر و تیرۆریستان.


هەروەها دەڵێ لە ماوەی رابردوودا، چەندین جار هۆشداریان داوە لەسەر گەشەسەندن و سەرهەڵدانەوەی داعش لە چەندین ناوچەی جیاوازەوە، ئەو رووداوانەی ئێستەش هۆشدارییەکانیان پشتڕاست کردەوە، کە بە ڕای گشتی و هاوپەیمانانیان دابوو.


وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆتاییدا داوا لە هاوپەیمانان دەکات کۆمەک و پشتگیری و هەماهەنگیان لەگەڵ وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگە زیاتر و چڕتر بکەنەوە، بۆ ئەوەی رێگە لە پەرەسەندن و تەشەنەکردنی ئەو هێزە تیرۆریستیە بگیرێت.