English | عربي

سه‌ركرده‌یه‌كى گۆڕان: نابێ ڕێگه‌ بە هیچ لایه‌نێكى سیاسی بدرێ ئه‌زموونه‌كه‌مان تێكبدات


سه‌ركرده‌یه‌كى گۆڕان: نابێ ڕێگه‌ بە هیچ لایه‌نێكى سیاسی بدرێ ئه‌زموونه‌كه‌مان تێكبدات

2019/07/18 | 18:10

(هەواڵ كوردستان)- "ده‌زگاى ئاسایشى كوردستان به‌هێزه‌ و پێویسته‌ به‌هێزتر بكرێت"

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئه‌ندامێكى جڤاتى نیشتمانیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕایگه‌یاند تێكدانى دۆخى ئارامى هه‌رێمى كوردستان هێڵى سووره‌ و باشتر وایه‌ چیتر ڕێگه‌ به‌وه‌ نه‌درێت هیچ لایه‌نێكى سیاسی سه‌روه‌رى خاكى كوردستان تێكبدات.

گوتیشى ده‌زگاى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان ده‌زگایه‌كى به‌هێزه‌ و پێویسته‌ خه‌ڵكیش هاوكار بن بۆ ئه‌وه‌ى كاره‌ساتى دڵته‌زێن ڕوونه‌دات.

دكتۆر سابیر ئیسماعیل ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند "ڕووداوه‌كه‌ى دوێنێى شارى هه‌ولێر دڵته‌زێن بووه‌ و ئێمه‌ ئاواته‌خواز بووین هیچ كات ڕووداوی له‌و شێوه‌یه‌ ڕوونه‌دات، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، پێویسته‌ ڕێوشوێنى ته‌واو بگرینه‌به‌ر، هه‌رچه‌نده‌ تاوه‌كو ئێستە ئه‌نجامده‌رانى تاوانه‌كه‌ش ئاشكرا نه‌بوون، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ى تاوانباران و پاڵنه‌رانى ڕووداوه‌كه‌ ئاشكرا بوون، بێگومان ده‌زگا ئه‌منیه‌كان هۆكاره‌كه‌ى بۆ ڕای گشتى ئاشكرا ده‌كه‌ن".

گوتیشى پێویسته‌ چیتر ڕێگه‌ نه‌ده‌ین به‌ هیچ كه‌سێك ئاسایشی هه‌رێمى كوردستان تێكبدات، هه‌روه‌ها هه‌ر لایه‌نێكى سیاسی ئه‌گه‌ر كێشه‌ى له‌گه‌ڵ لایه‌نێكى دیكه‌ هه‌یه‌، ئه‌و لایەنه‌ ده‌توانێ له‌ناو خاكى خۆیان له‌ شوێنى خۆیان به‌ ڕێگه‌ى جیاواز كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، نه‌وه‌ك بێنه‌ ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌زموونه‌كه‌مان تێكبده‌ن.

دكتۆر سابیر ئیسماعیل ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا ده‌زگاى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان، ده‌زگایه‌كى به‌هێزه‌ و پێویسته‌ به‌هێزتر بكرێت، به‌ڵام باشتره‌ له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ڕێنمایی گرنگ بۆ ئه‌و ڕێستۆرانته‌كان ده‌ربكات، بۆ ئه‌وه‌ى پاسەوانی شارەزا له‌ شوێنه‌كانى خۆیان دابنێن و ڕووداوى له‌و شێوه‌یه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

سەركردەكەی گۆڕان جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كە تێكدانى دۆخى ئه‌منى هه‌رێمى كوردستان، هێڵى سووره‌ و تاوانێكى گه‌وره‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئازادیه‌مان لێ تێكبچێ، هه‌مووان زه‌ره‌ر ده‌كه‌ین، دواجار پاراستنى ئه‌م دۆخه‌ ته‌نها ئه‌ركى هێزه‌كانى ئاسایش و پۆلیسیش نیه‌، به‌ڵكو ئه‌ركى سه‌ر شانى هه‌مووانه‌ هاوكارى ئاسایش و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان بن.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending