هەواڵی کوردستان ئێستا

نووری حه‌مه‌ عه‌لی: داعش بووەته‌ مه‌ترسیی جددی بۆ سه‌ر ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و به‌رده‌وام له زیادبووندان

نووری حه‌مه‌ عه‌لی: داعش بووەته‌ مه‌ترسیی جددی بۆ سه‌ر ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و به‌رده‌وام له زیادبووندان
نووری حه‌مه‌ عه‌لی: داعش بووەته‌ مه‌ترسیی جددی بۆ سه‌ر ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و به‌رده‌وام له زیادبووندان

2019-12-30 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


کەرکووک -KDP.info- فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پێشه‌رگه‌ له‌ کەرکووک _پردێ گوتی، داعش ڕۆژ به ڕۆژ له ‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كان زیاد ده‌بێت و ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت و ڕێگری نه‌كرێت، ده‌بنه‌ مه‌ترسیی جددی، چونكه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ ژماره‌یان له‌ زیادبووندایه‌.

نووری حه‌مه‌ عه‌لی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ کەرکووک _ پردێ، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌و كاره‌ی ئه‌مه‌ریكا و هێزەکانی عێراق ده‌یانه‌وێت بیکەن بۆ ئه‌وه‌ی ئۆپەراسیۆن له ‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كان بەڕێوە ببەن، سوودی نابێت، چونكه‌ به‌و جۆره‌ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆن كاریگه‌ریی نابێت و داعش به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه‌ داعش له‌به‌ر چاوی هێزەکانی عێراق و پۆلیس و حه‌شدی شه‌عبین."

نووری حه‌مه‌ عه‌لی گوتیشی: "نه‌بوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ و به‌شێك له‌ به‌رپرسانی عێراق وای كردووه‌ كه‌ داعش ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ زیادبووندا بێت و زیاتر مه‌ترسی بنێتەوە، چونكه‌ له‌ هه‌ندێك شوێن وای لێ هاتووه‌ ژماره‌یان گه‌لێك زۆره‌، له‌ سنووری کەرکووک تا ده‌گاته‌ مووسڵ و دیاله‌ به‌ئاشكرا جموجووڵیان هه‌یه." 

حه‌مه‌ عه‌لی باسی له‌وه‌ش كرد: "ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری جددی و به‌په‌له‌ی بۆ نه‌كرێت، ژماره‌یان به‌ جۆرێك زیاد ده‌بێت و شۆڕ ده‌بنه‌وه‌ بۆ ناو خه‌ڵك و په‌لاماری گه‌وره‌ بده‌ن و هێرش بكه‌ن و وه‌كو پێشوو ناوچه‌کە داگیر بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌مانه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی مه‌ترسیدارن نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی عێراق."

 

بڵند ئیبراهیم