هەواڵی کوردستان ئێستا

پڕۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كانی سنووری هه‌ولێر به ‌بڕی یه‌ك ترلیۆن دینار ته‌واو ده‌كرێن

پڕۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كانی سنووری هه‌ولێر به ‌بڕی یه‌ك ترلیۆن دینار ته‌واو ده‌كرێن
پڕۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كانی سنووری هه‌ولێر به ‌بڕی یه‌ك ترلیۆن دینار ته‌واو ده‌كرێن

2019-12-30 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هه‌ولێر -KDP.info- به‌ڕێوەبه‌ری ڕێگاوبانی هه‌ولێر گوتی، ده‌ست به‌ ته‌واوكردنی 60 پڕۆژه‌ی دروستكردنی ڕێگاوبانی نوێ له‌ سنووری هه‌ولێر كراوه‌، كه‌ ته‌واو نه‌كرابوون. ئەو پڕۆژانە‌ ‌بڕی یه‌ك ترلیۆن دیناریان تێ دەچێت و به‌شێک له‌وانه‌ ڕێگای ستراتیژین.

 به‌ڕێوەبه‌ری ڕێگاوبانی هه‌ولێر، محه‌مه‌د مه‌هدی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ دانرابوو له‌ سنووری هه‌ولێر نۆژه‌ن بكرێنەوە، هه‌موویان ته‌واو كراون و ‌ئێستا ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ ئه‌و پڕۆژانه‌یه‌ كه‌ كاتی خۆی به‌هۆی قه‌یرانی داراییەوە ته‌واو نه‌كرابوون و ده‌ست به‌ ته‌واوكردنیان ده‌كرێت، چونكه‌ هه‌موو پڕۆژەکانی دروستكردنی ڕێگای نوێ و به‌جووتسایدكردنی ڕێگاكان ته‌واو ده‌كرێن."

محه‌مه‌د مه‌هدی گوتیشی: "نزیكه‌ی 60 پڕۆژه‌ هه‌بوون، ته‌واو نه‌كرابوون، كه‌ پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ و بچووكن و كۆی پاره‌ی پڕۆژه‌كان نزیكه‌ی ترلیۆنێك دیناره‌ و له‌ ساڵی نوێ هه‌مووان ته‌واو ده‌كرێن."

مه‌هدی باسی له‌وه‌ش كرد: "به‌شێك لەو پڕۆژانه‌، تونێلی پیرمام و ڕێگای هه‌ولێر_كۆیه‌ و ڕێگای چۆمان_حاجی ئۆمه‌ران دەگرێتەوە، كه‌ ئه‌مانه‌ ڕێگای ستراتیژین و بڕیاره‌ ته‌واو بكرێن. جگه‌ له‌وه‌ش، ڕێگاكانی گونده‌كان چاك ده‌كرێن و ئه‌وانه‌ی یه‌كسایدن ده‌كرێنه‌ دووساید."

گوتیشی: "بڕیاره‌ له ‌هه‌ولێر تا ده‌گاته‌ حاجی ئۆمه‌ران سه‌رجه‌م ڕێگاكان بكرێنه‌ دووساید."

 

 

بڵند ئیبراهیم