هەواڵی کوردستان ئێستا

چاکسازی بە بەرنامەی چاک و چاکساز دەکرێ

چاکسازی بە بەرنامەی چاک و چاکساز دەکرێ
چاکسازی بە بەرنامەی چاک و چاکساز دەکرێ

2020-06-24 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

عوسمان حمەکریم زەڵمی

 

)ۆبِالْحَقِّ أَنزَلْنَاهُ ۆبِالْحَقِّ نَزَڵ ۗ ۆمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا مُبَشِّرًا ۆنَژِیرًا/ الإسرا‌و: ١٠٥)

زیاد لە چواردە سەدەیە قورئانی کەریم وەک کۆتا پەیامی خوای (الرحمن)، بۆ ڕێنوێنی و بەختەوەرکردنی گشت ئادەمیزاد، بەو پەڕی زیندویی و کاریگەریەوە ڕۆڵی گەورە دەگێڕێ. وە ھەمیشە ئەو دەستە ئاوەزدارو بێدارە لە مرۆڤایەتی کە درووست ھەست بە بەرپرسیاری و ئەرکی شەرشانیان کردووە، ئەوانە بوون کە لەڕۆشنایی ئەو نورەوە گووفتارو ڕەفتاری خۆیان ڕێکوپێک ڕێکخستووەو بە جوانی بە ئەرکی خۆیان ھەستاون بەپێی تواناو دەرفەت، تاوەکو توانیویانە براوەیی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و کامەرانی بە کۆمەڵگەیان پێشکەش بکەن، وە حەتمەن بۆ ئێستاو لەمەودواش ئەم پرۆسەیە ھەر بەردەوام دەبێت تا ژیان لەسەر ئەم ھەسارەیە بەردەوام بێت.
جا لەھەرساتە وەختێک کۆمەڵگا ھاواری بێت بەدەس خراپەو لادان و گەندەڵیەوە، وە دەسەڵاتدارو دەسڕۆیشتوانی ئەو زەمین و ڕۆژگارە ھاتوھاواریان بێت بۆ چارەسەرو چاکسازی . کەچی لە ئەرزی نیشتماندا بە واقعی تەنھا سەراب بێ و ھیچی تر !! ئەوکات ئەرکی ئاوازداران و ژیرەکانە بەدوای ھۆکارەکەیدا بگەڕێن لەناو خودی کۆمەڵگادا ، وە ڕای گشتی لێ ئاگادار بکەنەوە.
بۆ ئەم مەبەستە مەزنە، تەنھا ئەم نمونە لەپەیامی ھیدایەتی خوایی وەرگرین بەسە: کە دەفەرموێت: (ۆبِالْحَقِّ أَنزَلْنَاهُ ۆبِالْحَقِّ نَزَڵ). دووجار وشەی (الحق) ھاتووە ، ئایا مەبەست لێی جەخت کردنەوە و پێداگرتن و تەئکید کردنەوەیە؟! یاخود زیاتر لەوەی ئاماژەی پێدرا تیایەتی و ھەڵدگرێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
بێگومان، (الحق)ی یەکەم جیایە لە (الحق)ی دووەم ، وە ئەمە ھەرگیز دووبارە کردنەوە نیە . بەڵکو یەکەمیان کە دەفەرمێت: (وبالحق أنزلناە)، یانی بەپێی دانایی و حکمەتی بێپایانی خوایی قورئانمان دا بەزاندووە لەو سات و وەختەی کە خواستی دابەزین لە ترۆپکدا بووە . چونکە خوای (متعال)، زانایی و دانایی ڕەھای ھەیە بە زەمینە و زەمەن و ڕۆژگار و سەردەمەکان . ھەروەھا: (وبالحق نزل)، واتە: وە ئەوەی تیایدا ھاتووە لە ئەحکام و ڕێنوێنی ، ئەویش حەق و ڕاست و ڕەوایە.
بە نموونە: کاتێک کۆمەڵگەیەک خراپەو فەسادو گەندەڵی تیا بەدی دەکرێت، دەبینین بانگەشە دەکرێت بۆ چاکسازی و ئیصلاح کردنی، دەی ھەستان بەم بانگەوازو بانگەشە کردنە (ھەققە)، ئەمە وەک باوەڕو بنەما (المبدأ)، چونکە کۆمەڵگە پێویستیەتی ، بەڵام ئایا ئەوەی لەناو بانگەشە و ڕاگەیەنراوەکەدایە ھەق و ڕاستە؟! وە ئەو بەرنامە و پلانەی کاری پێ دەکرێت حەق و ڕاست و درووستە؟! ھەروەھا ئەوانەی کەوا پێی ھەڵدەستن لەسەرھەقن و بەڕاستیانە و ڕاست دەکەن و دڵسۆزن؟! بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارانە دەخوازێ ھەقق و ڕاست و ڕوون بن لە لای ھاونیشتمانی و ڕای گشتی .
کەواتە لەویادا جیاوازی لەنێوان ھەقی یەکەم و دووەم، بەدی دەکرێت بەنیسبەتی کارو کردەوەی مرۆڤەکانەوە ، وە ھەرچەندە واقعەکە چاکسازی بخوازێت و بە تەواوی داواو خواستی یەکەمی کۆمەڵگە بێت، بەڵام گەر ھاتوو ئەو نەخشە و بەرنامەو پلانە ڕاست و تۆکمە و تەواو نەبوو، وە ئەو کەسانەش وا پێی ھەڵدەستن شایستە و ئەھلی ئەو ئەرکە مەزنە نەبوون ، وە یاخود بەڕاستیان نەبوو، وەیان دڵسۆزو پەرۆش نەبوون، دەی بەدڵنیاییەوە قەت چاکسازی لەواندا شین نابێت، ئەوەی دەیڵێن و دەیکەن تەنھاوتەنھا کات کوشتن و سەرقاڵکردنی ھاوڵاتی و بەلاڕێدا بردنیانە، تا ئەو دەمەی بێدار دەبنەوە. جگە لەوەش پێویستە بەڕوونی زەرورەتی چاکسازی لەناو تاک و خێزان و کۆمەڵگادا، بە خەڵکی بگەیەنن، بە پێچەوانیشەوە لە مەترسیەکانیشی ئاگادارو ھۆشیاریان بکەنەوە: (ۆمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا مُبَشِّرًا ۆنَژِیرًا(.