English | عربي

گۆڕینی بەڕێوەبەرە گشییەكان و راوێژكارەكان و سەرۆك زانكۆكان دەستپێدەكات


گۆڕینی بەڕێوەبەرە گشییەكان و راوێژكارەكان و سەرۆك زانكۆكان دەستپێدەكات

2019/07/26 | 16:00

(هەواڵ كوردستان)- خەندان-

لەسەر گۆڕینی بەڕێوەبەرە گشتییەكان و راوێژكارەكان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بۆچونی جیاواز لەنێوان یەكێتی و پارتی هەیەو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، رێككەوتن كراوە لەسەر گۆڕینی به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان و ڕاوێژكارەکان، لەبەرامبەردا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایدەگەیەنێت ئەو گۆڕانكارییانە بە رێككەوتن نیە و تیمی یەكێتی لە كابینەی تازە لە بەرنامەیدایە لە هەر شوێنێك پێویست بكات پۆستەكان بگۆڕێت.

به‌پێی ئه‌و ڕێكکه‌وتنه‌ی لە نێوان حزبه‌كانی به‌شدار له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، پۆسته‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان و ڕاوێژكارەکان دەگۆڕدرێن

لە چەند لێدوانێكی رۆژنامەوانی جیاوازدا، عه‌لی ڕه‌شید، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر لە فراكسیۆنی پارتی، ڕایگه‌یاندوە،"به‌پێی ئه‌و ڕێكکه‌وتنه‌ی لە نێوان حزبه‌كانی به‌شدار له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، پۆسته‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان و ڕاوێژكارەکان دەگۆڕدرێن."

گۆڕانكارییەكە ته‌نیا پارێزگای هه‌ولێر ناگرێته‌وه‌، بەڵكو پارێزگاكانی دهۆك و سلێمانی و هه‌ڵه‌بجەش ده‌گرێته‌وه و‌ هه‌ر حزبه‌ و به‌قه‌ده‌ر حه‌جمی خۆی پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان وه‌رده‌گرێت

عه‌لی ڕه‌شید راشیگەیاندوە،"هه‌ركات له‌ لایه‌ن پارێزگاری هه‌ولێرەوە ناوی ئه‌و كاندیدانه‌ی حزبه‌كان له‌سه‌ری ڕێك که‌وتون گەیشتنه‌ ده‌ستی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، بۆ متمانه‌دان به‌ كاندیده‌كان كۆبونه‌وه‌ی خۆمان ده‌كه‌ین، گۆڕانكارییەكەش ته‌نیا پارێزگای هه‌ولێر ناگرێته‌وه‌، بەڵكو پارێزگاكانی دهۆك و سلێمانی و هه‌ڵه‌بجەش ده‌گرێته‌وه و‌ هه‌ر حزبه‌ و به‌قه‌ده‌ر حه‌جمی خۆی پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان وه‌رده‌گرێت".

حكومەتی خۆجێی كە دروست بوە بۆ چوار ساڵ دروست بوە

لەبەرامبەردا ئازاد حەمە ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی بە خەندان-ی راگەیاند،"ئێمە وەكو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تاكو ئێستا هیچ زانیارییەكی فەرمی و نافەرمیمان پێنەگەشتوە لەسەر رێككەوتنی حزبەكان بۆ گۆڕینی پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكان و راوێژكارو سەرۆك زانكۆكانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان"

ئاڵوگۆڕی تەواوی پۆستەكان لە حكومەتی خۆجێیەتی كۆی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پەیوەستە بە رێكەوتنی لایەنە سیاسیەكانەوە

ئازاد حەمە ئەمین وتیشی،"حكومەتی خۆجێی كە دروست بوە بۆ چوار ساڵ دروست بوە، لە یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 تایبەت بە ئیدارەی پارێزگاكان، ئاماژە بەوەكراوە كە حكومەتی خۆجێیەتی بەردەوام دەبێت لە كارەكانی خۆی تا خولێكی دیكەی ئەنجومەنی پارێزگا، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم خولە درێژكراوەتەوە، بۆیە بە دڵنیایی ئاڵوگۆڕی تەواوی پۆستەكان لە حكومەتی خۆجێیەتی كۆی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پەیوەستە بە رێكەوتنی لایەنە سیاسیەكانەوە".

هەر لایەنە و لە پشكی خۆی كاندیدەكەی خۆیان دەنێرن بۆ ئەنجومەنی پارێزگا و دواتر دەخرێتە بەرنامەی دانیشتنەكانەوە و بە دەنگدان بڕیاری لەسەر دەدات

وتیشی،"هەر كات ئەو لایەنانە رێككەون، ئێمە گۆڕانكارییەكان ئەنجامدەدەین، سەرەتا هەر لایەنە و لە پشكی خۆی كاندیدەكەی خۆیان دەنێرن بۆ ئەنجومەنی پارێزگا و دواتر دەخرێتە بەرنامەی دانیشتنەكانەوە و بە دەنگدان بڕیاری لەسەر دەدات"

هەر گۆڕانكارییەك بمانەوێت بیكەین، تەنها لەناو فراكسیۆنی یەكێتی نابێت بە جیا، هەر گۆڕانكاریەك كە بكرێت بە پاكێجێك یان دوان بەڕێكەوتنی لایەنە سیاسییەكان دەبێت

ئاماژەی بەوەشكرد، هەر گۆڕانكارییەك بمانەوێت بیكەین، تەنها لەناو فراكسیۆنی یەكێتی نابێت بە جیا، هەر گۆڕانكاریەك كە بكرێت بە پاكێجێك یان دوان بەڕێكەوتنی لایەنە سیاسییەكان دەبێت، بەڵام هۆكاری ئەوەی كە گۆڕانكاری نەكراوە دەگەڕێتەوە بۆ دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم"  سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی،"هەر گلەیی و گازەندەیەك لەلایەن هاوڵاتیانەوە یاخود لەلایەن فەرمانبەرانی دامو دەزگاكانەوە، لە بەڕێوەبەرێكی گشتی كرابێت، ئێمە بانگهێشتی بەڕێوەبەرەكە دەكەین بۆ ئەنجومەن و لێكۆڵینەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكەین".

ئەو گۆڕانكارییانە هیچی بە ڕێككەوتن نییە، جا لە هەولێر بێت یان سلێمانی، هەر بەڕێوەبەرێكی گشتی كە ئیدارەی شارەكەی بیەوێت بیگۆڕێت بە هەر هۆكارێك بێت بەبێ رێككەوتن دەیگۆڕێت

سەرچاوەیەك لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، "ئەو گۆڕانكارییانە هیچی بە ڕێككەوتن نییە، جا لە هەولێر بێت یان سلێمانی، هەر بەڕێوەبەرێكی گشتی كە ئیدارەی شارەكەی بیەوێت بیگۆڕێت بە هەر هۆكارێك بێت بەبێ رێككەوتن دەیگۆڕێت".

لەبەرنامەماندایە پێداچونەوە بكەین لە هەمو پۆستەكاندا، تیمی یەكێتیش لە كابینەی تازە لە بەرنامەیدایە لە هەر شوێنێك پێویست بكات پۆستەكان بگۆڕێت

ئاشكراشیكرد،"ئێمە وەكو یەكێتی لە سلێمانی و هەڵەبجە و بمانەوێت هەر گۆڕانكارییەك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان روبدات، پێشنیاری خۆمان دەدەینە ئیدارەی شارەكە، لەبەرنامەشماندایە پێداچونەوە بكەین لە هەمو پۆستەكاندا، تیمی یەكێتیش لە كابینەی تازە لە بەرنامەیدایە لە هەر شوێنێك پێویست بكات پۆستەكان بگۆڕێت".لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆر لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان و سەرۆكی زانكۆكان و راوێژكارەكان لە حكومەتە خۆجێییەكانی هەرێمی كوردستان ماوەی چوار ساڵیان تێپەڕاندوە و بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجام نەدراوە و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان درەنگ پێكهاتوە، نەتوانراوە بەشێك لەو بەڕێوەبەرە گشتییانە بگۆڕدرێن یاخود ئەوانەی بە وەكالەت لە پۆستەكانیاندان شوێنەكانیان پڕبكرێتەوە.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending