English | عربي

تا پێشمه‌رگه‌ نەگەڕێتەوە جموجۆڵی داعش له‌ سنوورى كه‌ركووك به‌رده‌وام ده‌بێت


تا پێشمه‌رگه‌ نەگەڕێتەوە جموجۆڵی داعش له‌ سنوورى كه‌ركووك به‌رده‌وام ده‌بێت

2019/07/27 | 17:15

(هەواڵ كوردستان)- په‌رله‌مانتارێكى یه‌كێتی: عه‌ره‌به‌ هاورده‌كانیش هاوكاریى ئه‌و تیرۆریستانه‌ ده‌كه‌ن

 په‌رله‌مانتارێكى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، تاوه‌كوو پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ى، كه‌ پێش 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017 لێی بوون، دۆخی ناوچه‌كه‌، به‌تایبه‌ت سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك به‌هۆی داعشه‌وه‌ به‌خراپی ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌رپرسێكى پارتی دیموكراتی كوردستانیش ده‌ڵێت: "داعش ئێستاش خاوه‌نى چه‌ك و پاره‌یه‌، بۆیه‌ چالاکییەکانی بەردەوامە.

به‌پێی راگه‌یاندراوێكى پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق، كه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ (باس) نێردراوه‌ و تێیدا هاتووه‌، پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق، به‌ پاڵپشتیی هێزى ئاسمانیی عێراق، له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا له‌ ناوچه‌ى (وادى ئه‌بووخه‌ناجر)ی سه‌ر به‌ كه‌ركووك، سێ تیرۆریستی داعشیان كوشت، كه‌ یه‌كێك له‌ تیرۆریسته‌ ناسراوه‌كان ناوى ناسر حوسێن شه‌لاله‌ و له‌ناو داعشدا ناسراوه‌ به‌ ئه‌بووعه‌بدوڵا، هاوكات ده‌ست به‌سه‌ر دوو مۆڵگه‌ى داعشدا گیرا، كه‌ چه‌كى جۆرى كڵاشینكۆف و بۆمبای ده‌ستی و مه‌خزه‌نی فیشه‌ك و ئامێری مۆبایل، كه‌ بۆ ته‌قینه‌وه‌ به‌كار ده‌هێنرێ، لەگەڵ خوارده‌مه‌نى وشكه‌ی تێدابوو.

به‌پێی راگه‌یاندراوێکى دیكه‌ى پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراقیش، پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق له‌ ئاكامی پشكنینی گوندى (عه‌ریشه‌ى سه‌روو)ى سه‌ر به‌ كه‌ركووك ده‌ستیان به‌سه‌ر 14 بۆمبی چێندراو به‌ هه‌موو جۆره‌كانی و 3 هاوه‌ن و كاتیویشا و پشتێنه‌یه‌كى ته‌قینه‌وه‌ و كه‌ره‌سته‌ى جۆراوجۆرى ته‌قینه‌وه‌ی داعشدا گرت، هاوكات پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق له‌ گوندى (سه‌ید حه‌مید)ى سه‌ر به‌ كه‌ركووك، ده‌ستیان به‌سه‌ر چوار بۆمبی چێندراو و 6 هاوه‌نى عه‌یار 60 ملمى تیرۆریستانى داعشدا گرت.

هاوكات به‌پێی راگه‌یاندراوێكى شانه‌ى راگه‌یاندنى ئه‌منیى عێراق، كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست (باس) كه‌وتووه‌ و تێیدا هاتووه‌، له‌سه‌ر زانیاریی هه‌واڵگریی پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى هاوپه‌یمانانى دژ به‌ داعش، مۆڵگه‌یه‌كى تیرۆریستانی داعشیان له‌ ناوچه‌ى (وادی زه‌غیتون)ی سه‌ر به‌ پارێزگاى كه‌ركووك بۆردومان كرد و له‌ئه‌نجامدا سێ چه‌كدارى داعش كوژران و مۆڵگه‌كه‌ش به‌ته‌واوه‌تى تێكدرا.

به‌پێى ڕاگه‌یاندراوێكى دیكه‌ی شانه‌ى ئه‌منیى حكوومه‌تى عێراق، له‌سه‌ر زانیاریی ئاژانسی هه‌واڵگریی عێراق، هێزێكى پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق، له‌ ناوچه‌ى (وادی سه‌حه‌ل)ى سه‌ر به‌ پارێزگاى كه‌ركووك، ده‌ستیان به‌سه‌ر مۆڵگه‌یه‌كى تیرۆریستانى داعشدا گرت.

راگه‌یاندراوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، له‌نێو مۆڵگه‌كه‌دا ده‌ست به‌سه‌ر 20 هاوه‌ن و كاتیۆشا و دوو ئامێری مۆبایل، كه‌ بۆ ته‌قینه‌وه‌ به‌كار ده‌هێنرێ و دوو مه‌خزه‌ن فیشه‌كى كڵاشینكۆف و جلی سه‌ربازى و مه‌ده‌نی و خوارده‌مه‌نی وشكه‌ و نوێن (پێخه‌ف)دا گرت و پاشان مۆڵگه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تى تێكدرا.

ئێستا پاراستنی ده‌روبه‌رى كه‌ركووك به‌ پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق سپێردراوه‌ و جموجۆڵی داعشیش له‌ ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك زیادى كردووه‌ و به‌رده‌وام كارمه‌ندانی پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق ده‌كاته‌ ئا‌مانج.

به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌وه‌ وه‌ری گرتوون‌، له‌م چه‌ند رۆژه‌ى رابردوودا، چه‌كدارانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر گوندى (ئه‌حمه‌د ده‌نكور)ی سه‌ر به‌ شاره‌دێی ریازى سه‌ر به‌ پارێزگاى كه‌ركووك و له‌نێو گونده‌كه‌دا دوو هاووڵاتییان به‌ ناوه‌كانى (مورشید جانحه‌) ته‌مه‌ن 70 ساڵ و (فه‌یاز غه‌فوور) ته‌مه‌ن 48 ساڵ به‌ ده‌ستڕێژی گولله‌ كوشت و پاشان بۆ ده‌ره‌وه‌ى گونده‌كه‌ هه‌ڵهاتوون.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، داعش له‌ سنوورى قه‌زاكانى دووبز و داقووقی سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌ركووكدا هەن و ناوبه‌ناویش دێنه‌ سنوورى گونده‌ كوردییه‌كان و به‌و هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له‌ گونده‌كانى هه‌ردوو قه‌زاكه‌ چۆڵیان كردووه‌.

له‌م باره‌یه‌وه‌، ناسر عه‌لی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ جموجۆلی داعش له‌ سنوورى كه‌ركووك و ناوچه‌كانى تر ده‌ستى پێ كردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وان ئێستا كرده‌وه‌ى توندوتیژی له‌ رێگاى مه‌فارزى بچووك بچووكدا دەکەن، عه‌ره‌به‌ هاورده‌كانیش هاوكارن بۆ ئه‌وه‌ى كورد نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ زێدى خۆیان و ده‌رفه‌ت بۆ داعش بڕه‌خسێ، كه‌ هه‌ر له‌ ناوچه‌كه‌ بمێننه‌وه‌، هاوكات عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاریى داعش ده‌كه‌ن و كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ و فشار له‌سه‌ر كورد ده‌كرێت و ده‌یانه‌وێت كورد له‌ ناوچه‌كه‌ دوور بخه‌نه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك، ئه‌گه‌ر كوردیش نه‌مێنێ ئه‌وان پاشان دێنه‌ ناو شاره‌كانیشه‌وه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی، كه‌ هاوكات بڕیارده‌رى لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمی كوردستانه‌، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، به‌یه‌كگرتوویى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، ده‌توانرێ دۆخى كه‌ركووك باش بكرێت و ئێستاش ده‌كرێ په‌له‌ بكرێت بۆ دانانى ئه‌و پارێزگاره‌ى كه‌ كاندید كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رێگه‌ نه‌دات هه‌ندێك پێشێلكارى هه‌یه‌- كه‌ ئێستا راكان جبوورى ده‌یكات-، ئه‌و كاته‌ ئه‌و رێگر ده‌بێ، هه‌روه‌ها هێزى پێشمه‌رگه‌ش بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ى، كه‌ پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر لێی بوون، چونكه‌ ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڕاستی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق وه‌ك پێویست ناتوانن دۆخى ئه‌منى بپارێزن و به‌ده‌م سكاڵای كورده‌وه‌ ناڕۆن.

پێوه‌ند به‌م باسه‌، عارف روشدى، راوێژكارى مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "داعش ڕه‌نگه‌ له‌ رووى سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ هه‌ندێ شوێنی دیار وه‌كوو شار و شارۆچكه‌ نه‌مابن، به‌ڵام ئه‌وان توانیویانه‌ به‌ ته‌كتیكێك شێوازى خۆشاردنه‌وه‌ به‌كار بێنن، واتا له‌ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ى، كه‌ په‌لامار دراون، كۆمه‌ڵێك له‌ چه‌كداره‌كانى خۆیان له‌ شوێنی جیاجیای عێراق هه‌ن، له‌ سنوورى باشوورى عێراقه‌وه‌ تاوه‌كوو سنووورى پارێزگای كه‌ركووك و ڕه‌نگه‌ چه‌كه‌كانیان شاردبێته‌وه‌ و به‌پێی چه‌ندین سه‌رچاوه‌شەوە، تا ئێستا خاوه‌نى پاره‌ن".

ڕاشی گه‌یاند، داعش له‌ رووى فكریشه‌وه‌ بنبڕ نه‌كراوه‌، حكوومه‌تى عێراقیش نه‌یتوانیوه‌ كۆتایی به‌ داعش بهێنێت، ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵه‌ هۆكارێكن، كه‌ ڕێگه‌ى خۆش كردووه‌ داعش به‌ شێوه‌یه‌كى تر سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌ و ده‌ست به‌ چالاكى بكاته‌وه‌، وه‌كوو ده‌بینرێ له‌ ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك و ئه‌نبار و نه‌ینه‌وا و دیاله‌شدا چالاكن، بۆیه‌ هۆكاره‌كانى دروستبوونى داعش چاره‌سه‌ر نه‌كراون‌ و داعش ده‌توانێ دووباره‌ چالاك بێته‌وه‌.

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending