English | عربي

پێداچوونه‌وه‌ به‌ ماف و ئیمتیازاتی هێزه‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێت


پێداچوونه‌وه‌ به‌ ماف و ئیمتیازاتی هێزه‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێت

2019/07/30 | 08:10

(هەواڵ كوردستان)- K24 - ھەولێر

وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە چەند لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی لە هەموارکردنەوەی یاساکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ بەشداربن، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی کوردستان24دا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەوەی لە بەرژەوەندی پرۆسەی چاکسازیدا بێت ئەنجامی دەدەن.

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگەش جەختی کردەوە، چەند لیژنەیەک تایبەت بە هەموارکردنەوەی یاسا و رێنماییەکان لە ناو وەزارەت پێکهاتووە و وڵاتانیش پاڵپشتی بەهێز له‌ چاكسازییه‌كان ده‌كه‌ن.

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "لە پەرلەمانی كوردستان یاساكان دادەڕێژرێت، بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتە تایبەتمەندەكان، بێگومان رای ئەنجوومەنی وەزیران وەردەگیرێت ئەوكاتیش پرس بە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە دەكرێت، ئێمەش پێشنیاز و سەرنجەكانمان دەخەینە خزمەت پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەوەی ھاوكاربن تا ئەوەی پێویستە بۆ خزمەتكردنی ھێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە بكرێت".

ھەر پەیوەست بەم پرسە، لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپا سالاری پێشمەرگە دەڵێ: "ئێستا سەرقاڵی پێداچوونەوەین بە یاساكانی وەزارەتی پێشمەرگە و رێكی دەخەینەوە، دواتر دەیدەین بە پەرلەمان و دوای وردەكاری و سەرنج پەسند دەكرێت".

ھاوكات پەرلەمانی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسایەکە بۆ دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە، تا هەمووان یەکسان بن، ئەمەش وەک بەشێک لەو چاکسازییانەی کە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردوویەتییە ستراتیژی کاری بۆ ماوەی داهاتوو.

پرسی ریفۆرم و ئەنجامدانی چاکسازی لە گشت سێکتەرەکاندا نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان بەڵکو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هیوایەکە کە ماوەیەکی درێژە لە چاوەڕوانیدان.

کلاریس پاستۆری، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 گوتی: "بێگومان یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتی لە هەموو جۆرە چاکسازییەک دەکات، ئێمە زۆر بە توندی پاڵپشتی لە حکوومەت دەکەین، تا بەرنامەی چوارساڵی خۆی جێبەجێ بکات، وەک یەکێتی ئەوروپا ئێمە هاوبەشین لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رێکخستنەوەی کارگێڕی و چاکسازی ئابووری، چاکسازی لە هێزی پۆلیسی کوردستان هاوکات وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاش بەشدارن لە پڕۆگرامی چاکسازی هێزی پێشمەرگە".

لە کارنامەی کابینەی نوێدا بە روونی باس لە چاکسازییەکان نێو تەواوی پێگە و سێکتەرەکانی حکوومەتدا کراوە، پێکهێنانی چەند لیژنەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە هەنگاوە سەرەتا و گرنگەکانی کابینەی نوێ دادەندرێن و هیوایەکیش بۆ داهاتوو دروست دەکەن.

ھ.م








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending