English | عربي

حكوومەت لە ئاستی ئابووری و داراییدا كارنامەكەی خۆی سەردەخات


حكوومەت لە ئاستی ئابووری و داراییدا كارنامەكەی خۆی سەردەخات

2019/07/31 | 23:30

(هەواڵ كوردستان)- "بەهێزكردنی كشتوكاڵ، سیستەمی بانكی، زیادكردنی دەرفەتی وەبەرهێنان"

لەنێو كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، لە ئاستی ئابووری و داراییدا چەندین خاڵ و تەوەر دیاری كراون، بۆ ئەوەی كاریان لەسەر بكرێت.

شارەزایان و بەرپرسانی ئابوورى و دارایی و وەبەرهێنان جەخت لەسەر جێبەجێكردنی خاڵەكان دەكەنەوە.

وەكوو خاڵێكی گرنگ، كابینەی تازە ئاماژەی بە هەمەچەشنكردنی سەرچاوەی ئابووری داوە، هاتووە: "کار دەکەین بۆ ئەوەی ئابووریی هەرێم هەمەچەشن و فرەڕەهەند بێت و تەنیا پشت بە نەوت و غاز نەبەسترێت، بۆ ئەم مەبەستە پەرە بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری دەدەین و هەوڵ بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکی لەم کەرتانەدا دەدەین”.

رۆژنامەنووسی ئابووری، بیلال سەعید، ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوار ساڵی كاری خۆیدا تەنیا كار لەسەر ئەو خاڵە بكات و ئامانجەكەی بهێنێتە دی، ئەوا دەتوانێت گەورەترین سەركەوتنی ئابووری بەدەست بهێنێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی كردووەتەوە، كەرتی كشتوكاڵ یەكێك دەبێت لە بوارە سەرەكییەكانی گرنگی پێدانیان: "کشتوکاڵ بوارێکی سەرەکیی گرنگیدانمان دەبێت و کار دەکەین بۆ پێشخستنی ئەم کەرتە بە ئامراز و ئامێری پێشکەوتوو و فراوانکردنی جۆری و چەندیی بەرهەم بەپێی بنەما زانستییەکان، کار دەکەین بۆ بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکان و دروستکردنی بەنداوە وەرزی و هەمیشەییەکان و گلدانەوەی ئاوی پێویست بۆ بواری کشتوکاڵ و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەرێم.

جەخت لەسەر پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و پشتیوانیی جووتیارانی هەرێم دەکەینەوە و کار دەکەین بۆ رەخساندنی بازاڕی گونجاوی ناوەوە و دەرەوە بۆ بەرهەمەکانیان".

بەپێی راسپاردەکانی (UN)، پێویستە بودجەی تەرخانکراو بۆ کشتوکاڵ لە 10%ی بودجەی گشتی کەمتر نەبێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بودجەی کەرتی کشتوکاڵ 4%ی بودجەی گشتی تێپەڕ نەکردووە.

تارا شوان، سەرۆکی ئینستیوتی ئەمەریکی - کوردی بە (باس)ی راگەیاند، ئەو وڵاتانەی پشت بە تەنیا یەک سەرچاوەی داهات دەبەستن، خاوەن ئابوورییەکی لاوازن، گوتی: "ئەو وڵاتانەی دەوڵەمەندن بە سامانێکی سروشتیی وەکوو نەوت، بارودۆخی ئابوورییان ناسەقامگیر دەبێت، ئەویش بەهۆی هەڵکشان‌ و داکشانی نرخی نەوتەوە، بۆیە دەبێ لە کوردستان گرنگی بە کەرتەکانی تر بدرێت، لەوانە کشتوکاڵ".

ئەو گوتیشی: "دەکرێت لە ڕێگەی کەرتی کشتوکاڵەوە، هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن داهاتێکی تر، چونکە لە کوردستان ئاو و زەویی بەپیت هەیە، ئەمەش گرنگە بۆ بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ‌ و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ و هەناردەکردنی بۆ دەرەوە".

ئەوەی لەنێو كارنامەی حكوومەتدا جەختی لێ كراوەتەوە، كەوا كار بۆ ئەوە دەكات سیستەمی بانکی لە هەرێمی كوردستان رێك بخرێتەوە، ئەو سیستەمە بۆ خزمەتگوزارییە کەسی و گشتییەکان و بەکارهێنانی ژمارە بانکییەکان و کارتە ئەلەکترۆنییەکان بۆ ئالوگۆڕی دراوی و خەرجییەکان بەگەڕ بخرێت و رێژەی مامەڵە بە پارەی کاش کەم بکرێتەوە.

ئیدریس رەمەزان، مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئابووری بە (باس)ی راگەیاند، سیستەمی بانكی یەكێكە لە خاڵە گرنگەكانی بەهێزكردنی ئابووری، گوتی: "ئێستا لە دونیا و وڵاتانی پێشكەوتوودا هەموو كارێك لە رێگەی سیستەمی بانكی دەكرێت، ئەگەر لە كوردستان حكوومەت و كەرتی تایبەت پێكەوە ئەو سستەمە پێش بخەن، ئەوا دەستكەوتێكی گەورە دەبێت، ئەوەش هەم بە دروستكردنی متمانە، هەمیش بە هێنانی سیستەمی بەهێزی بانكی دەبێت".

جەخت دەكاتەوە، لە رێگەی بەهێزكردنی سیستەمی بانكی دەتواندرێت وەبەرهێنەری زۆر بۆ كوردستان رابكێشرێت، چونكە زۆر كۆمپانیا و وەبەرهێنەر بەهۆی لاوازیی كەرتی بانكی و سیستەمەكە نەهاتوونەتە كوردستان.

ئەوەش جێگەی بۆ كراوەتەوە، كەوا هانی وەبەرهێنان دەدەن، لە هەموو بوارەکاندا وەبەرهێنان بكەن: "بۆ ئەم مەبەستەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا، دەرفەتی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ هەموو لایەک دەڕەخسێنین.

لەسەر ئەو بنەمایانەش کار دەکەین بۆ داڕشتنەوە و هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان".

مەلا یاسین مەحمود، گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند، چاویان لەوەیە كابینەی ئێستای حكوومەت گرنگییەكی زیاد بە وەبەرهێنان بدات، گوتی: "رەخساندنی دەرفەتی یەكسان بۆ وەبەرهێنان و هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان لە خواستەكانی ئێمەیە و لەنێو كارنامەی حكوومەتدا جێگەی بۆ كراوەتەوە و پشتیوانیی لێ دەكەن".

زیاتر گوتیشی: "زانیاریمان هه‌یه‌ له‌ ماوه‌یه‌كى كورتدا حكوومه‌ت له‌ رێگه‌ى په‌رله‌مان یاساى وه‌به‌رهێنان هه‌موار ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ندێك پڕۆژه‌ هه‌ن، به‌م یاسایه‌ى ئێستا ناكرێت، بۆیه‌ سه‌رۆكى حكوومه‌ت ئه‌و كاره‌ى خستووەته‌ پێشینه‌ى كاره‌كانى".

ئیدریس رەمەزان جەختی كردەوە، ئەگەر ئەو هێڵە ئابوورییانەی كارنامەكە جێبەجێ بكرێن، ئەوا باری دارایی و ئابووریی كوردستان پێش دەكەوێت، گوتیشی: "ئەو سێكتەرانەی حكوومەت دایناون، گرنگییان پێ بدات و پەیوەستە بە گشت لایەنەكان و چاكسازیی سەرتاسەرییە".

دووپاتیشی كردەوە، ئەو پڕۆسەیەی حكوومەت درێژخایەنە و بە چەند مانگێك ناكرێت هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت.

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending