English | عربي

وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق رێكارەكانی دانپێدانانی ژمارەیەك زانكۆی هەرێم دەستپێدەكات


وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق رێكارەكانی دانپێدانانی ژمارەیەك زانكۆی هەرێم دەستپێدەكات

2019/08/02 | 17:10

(هەواڵ كوردستان)- خەندان-بەپێی نوسراوێكی وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق، رێكارەكانی دانپێدانانی ژمارەیەك زانكۆی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی ناوەندەوە دەستپێدەكات و وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمیش ئەو هەنگاوە بە سەرەتای هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەکانى نێوان هەردو وەزارەتەكە ناودەبات.

ژمارەیەك زانكۆی هەرێم لەلایەن خوێندنی باڵای عێراقەوە دانیان پێدادەنرێت

لە نوسراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقدا هاتوە "وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى عێراقى بەژمارە (5164) لە ڕێکەوتى (31ی تەمموزی 2019) بڕیارى پێکهێنانى سێ لێژنەى دراوە تایبەت بە هەڵسەنگاندنى پێداویستیەکانى دانپێدانان بە زانکۆکانى (سۆران، هەڵەبجە، گەرمیان، زاخۆ، ڕاپەڕین، کوردستان/هه‌ولێر، پۆلیتەکنیکى هەولێر، پۆلیتەکنیکى سلێمانى و پۆلیتەکنیکى دهۆک)".

بڕیارەكە سەرەتایەكە بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەكان و بەرەوپێشبردنی كەرتی خوێندنی باڵا

دكتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانی لێدوانێكیدا سەبارەت بەو بڕیارە رایگەیاند "پێشوازی لەم بڕیارەی حکومەتی عێراقی دەکەین و بەهەنگاوێکی گرنگی دادەنێین بۆ ئاساییکردنەوە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان"، ئاماژەی بەوەشكرد "ئەم هەنگاوە دەستپێکێکی گرنگە بۆ زیندوکردنەوەی گیانی بەیەکەوە کارکردن و چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان و هاوکاری نێوانمان بۆ خزمەتکردن و بەرەوپێشبردنی کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و عێراق".

بە مەبەستی ئەنجامدانی ئامادەكاریەكان تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكان راسپێردراون

هاوكات وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم سوپاسی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئەو لایەنانە كرد كە لە بەئەنجامگەیاندنی ئەو پرۆسەیەدا هاریكاریان كردوە و تەواوی فەرمانگەکانی وەزارەت و زانکۆ پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئەنجامدانی ئامادەکاری و هاوکاریکردنی لیژنە پسپۆرەکان بەمەبەستی خێرا بەڕێوەچوونی ڕێکارە پێویستەکان.ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لەكاتێكدایە، بەهۆی ئەوەی زانكۆكانیان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دانپێدانراو نیە، بەشێك لە خوێنكارانی زانكۆ نوێیەكانی هەرێم بڕوانامەكانیان لەلایەن وەزارەتی دەرەوە پەسەندناكرێت و لەكاتی هەوڵدانیان بۆ درێژەدان بە خوێندن لە دەرەوەی وڵات دوچاری كێشە دەبنەوە.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending