English | عربي

سەركردەیەكی یەكێتی: سكرتێری نوێ وەك مام جەلال دەسەڵاتی نابێت


سەركردەیەكی یەكێتی: سكرتێری نوێ وەك مام جەلال دەسەڵاتی نابێت

2019/08/03 | 09:45

(هەواڵ كوردستان)- K24 - ھەولێر

دوای یەکلابوونەوەی وادەی کۆنفرانسی نیشتیمانی گۆڕان، یەکێتی نیشتمانی و کۆمەڵی ئیسلامیش نیازی بەستنی کۆنگرەیان هەیە.

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێ، کۆنگرە پێش کۆتایی ئەمساڵ دەبەسترێ و لە بارەی هەڵبژاردنی سکرتێرێکی نوێشەوە ئاشکرای دەکات، کە هەر کەس ببێتە سکرتێر هەمان دەسەڵاتی مام جەلالی نابێ.

ئارێزعەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "ئێستا ھیچ پاسا و رێگرییەك نییە بۆ نەبەستنی كۆنگرە، لەلایەكی دیكە فشارێكی زۆر لەسەر سەركردایەتی ھەیە بۆ ئەوەی كۆنگرە بكەین، ئەم كۆنگرە بۆ نوێبوونەوە و نوێكردنەوە و تایبەتمەندی ھەیە، چونكە یەكەم كۆنگرەیە دوای كۆچی دوایی مام جەلال".

گوتیشی: "ئەنجوومەنی سەركردایەتی كاتی بەستنی كۆنگرە دیار دەكات، بەڵام بە گشتی كۆكین لەسەر ئەوەی كە ئەمساڵ كۆنگرە ببەسترێت".

ئارێز عەبدوڵڵا، دەشڵێت: "ئەو دەسەڵاتانەی لە رابردوو بە سكرتێری گشتی درابوون ئەوە بە مام جەلال دراون نەك بە سكرتێر، ھەركەسێكی دیكە ببێتە سكرتێر ئەو دەسەڵات و توانایە لە سەركردایەتی یەكێتی مام جەلال ھەیبوو ئەوەی تر نایبێ، بۆیە ئێمە بیر لە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان دەكەینەوە".

کۆمەڵی ئیسلامی یەکێکی دیکەیە لەو حزبانەی نیازی بەستنی کۆنگرەی هەیە، ئاشتکردنەوەی کادیر و سەرکردە توڕەکان و پێداچوونەوە بە دەسەڵاتەکانی کەسی یەکەم گەورەترین تەحەدای بەردەم کۆنگرەکەیە.

عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی بە کوردستان24ی گوت: "بڕیارمانداوە ئەمساڵ كۆنگرە ببەستین، سەبارەت بە گۆڕینی ناوی كۆمەڵ و ئەمیریش ئەوە پەیوەندی بە پەیڕەوی ناوخۆی كۆمەڵەوە ھەیە، لیژنەیەكمان داناوە، بۆ داڕشتنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ و چاوخشاندنەوەمان پێدا كردووە، لە كۆنگرە دەنگ لەسەر ناوی نوێ كۆمەڵ دەدرێت".

ئاشكراشی كرد: "لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی عەلی باپیر پێكھێنراوە، بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ ئەو سەركردە و كادیرانەی كۆمەڵ بكەین لە نیگەران بوونە".

لە ناو حزبە کوردستانییەکاندا دواخستنی کۆنگرە بووەتە نەریتێکی باو، ئەمە هەندێک جار بە هۆکار و هەندێک جاریش بێ هۆکار بووە، چونکە بەستنی کۆنگرە بۆ کەم حزب کارێکی ئاسانە.

لە بەستنی کۆنگرەش ئەستەمتر ئەو تەحەدایانەیە کە دوای کۆنگرە دێنە پێشەوە.

ھ.م








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending