English | عربي

گۆڕان: با پەکەکە هەرێمی کوردستان نەکاتە مەیدانێک بۆ پەلاماردانی تورکیا


گۆڕان: با پەکەکە هەرێمی کوردستان نەکاتە مەیدانێک بۆ پەلاماردانی تورکیا

2019/08/03 | 11:55

(هەواڵ كوردستان)- "بەهۆی تەراتێنی پەکەکە خەڵکی سنوورەکان لە دڵەڕاوکێ دەژین"

ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات، هەرێمی کوردستان نەکاتە مەیدانی پەلاماردانی تورکیا، بەڵکوو رەچاوی دۆخی هەرێم بکات.

 

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، هەرێمی کوردستان ”بووەتە شوێنی تەراتێنی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە و بەدڵنیاییەوە خەڵک لەو سنوورانەدا لە دڵەڕاوکێدا دەژین، هەموو ڕۆژێک چاوەڕوانن کە بۆردومان بکرێن و منداڵیان شەهید بکرێ و ڕەزەکانیان بسووتێنرێت".

 

ڕوونیشی کردەوە کە ”هەقێکی بێ ئەملا و ئەولایە“، پەکەکە ڕەچاوی دۆخی هەرێم بکات، چونکە هەرێمی کوردستان دەوڵەت نیە و لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەندام نییە تاوەکوو سنوورەکانی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی پارێزبەندییان هەبێت.

 

ئەوەشی نەشاردەوە کە ”ئێمە هەرێمێکین، چاوی تەماحی هەموو دراوسێکان و دونیامان لەسەرە، بۆیە هەقە ڕەچاوی ئەم دۆخەی هەرێم بکەن و لێرەوە پەلاماری دەوڵەتی تورکیا نەدەن و لە سنوورەکانمان ئاڵۆزی دروست نەکەن".

 

سەرکانی لەگەڵ ئەوە دایە کە پەکەکە خەباتی خۆی لە چەکدارییەوە بۆ سیاسی و دیپلۆماسی بگۆڕێت، چونکە ”بە خەباتی چەکداری ناتوانێت مافەکانی بەدەست بێنێت و ئێستا سەردەم گۆڕاوە“.

 

ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی گۆڕان نەیشاردەوە کە خەڵکی هەرێمی کوردستان باجی زۆریان داوە و ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق تاوانی دەرهەق کردوون، بۆیە پەکەکە و هەر حزبێکی دیکە ”با ئێرە نەکەنە مەیدانێک بۆ پەلاماردانی وڵاتان و باجەکەشی خەڵکی بەشمەینەتی باشوور بیدات“.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا، دۆران کاڵکان، یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی پەکەکە ڕای گەیاندبوو، نابێت هەرێمی کوردستان بە تەنیا ئازاد بێت و پارچەکانی دیکە ئازاد نەبن، ”یان هەموومان پێکەوە ئازاد دەبین یان ئازادی بۆ کەس نییە“.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending