English | عربي

بەرپرسێکی پارتی: یەکێتی فەرمانبەرانی گەرمیان ناچار دەکات فۆڕمی ئەندامێتی پڕ بکەنەوە


بەرپرسێکی پارتی: یەکێتی فەرمانبەرانی گەرمیان ناچار دەکات فۆڕمی ئەندامێتی پڕ بکەنەوە

2019/08/05 | 11:55

(هەواڵ كوردستان)- ”پەرچەکرداری دابەزینی دەنگەکانیەتی“

بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزراوە حکوومییەکان بۆ فشار خستنەسەر خەڵک لەپێناو بەرژەوەندیی خۆی بەکار دێنێت.

 

ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە دوو ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی فراوان هەڵمەتی بە حزبیکردنی دامودەزگا حکوومییەکان لە سنووری گەرمیان دەستی پێکردووە و دەرفەتی کەم بۆ خەڵکی ماوە کە کاری خۆیان وەک فەرمانبەرێکی ئاسایی بکەن“.

 

ئەوەشی نەشاردەوە کە لەم دواییانەدا هەڵمەتەکە فراوانتر بووە، بە جۆرێک فەرمانبەرانیش ناچار دەکرێن کە فۆڕمی ئەندامێتی پڕ بکەنەوە.

 

ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی کردەوە، هەرگیز گونجاو نییە لە کاتی دەوامی حکوومیدا هیچ لایەنێکی سیاسی بڕوات و لەناو فەرمانگەکاندا کاری حزبی بکات، یان فشار بخاتە سەر فەرمانبەران و ناچاریان بکات ببن بە ئەندامی حزبەکەی.

 

دووپاتیشی کردەوە کە فشاری یەکێتی بۆ سەر فەرمانبەران لە سنوورەکەیان بە چڕی هەستی پێ دەکرێت، بەتایبەتیش بۆ ئەو فەرمانبەرانەی ئینتیمایان بۆ یەکێتی نییە و ”ناچاریان دەکەن فۆرمی ئەندامبوون پڕ بکەنەوە“.

 

ئەمەشی بە هەڵەیەکی گەورە لێکدایەیەوە و رای گەیاند کە فەرمانبەران و هەموو هاووڵاتییان ئازادن لە هەڵبژاردنی بیروڕای سیاسییان.

 

بە گوتەی ئەکرەم ساڵح، یەکێتی دەیەوێت لە رێگەی ئەم فشارانەوە، پێگەی خۆی لە دامودەزگاکاندا بەهێزتر بکات.

بۆ ئەم مەبەستەش ”دامەزراوەکانی حکوومەت بۆ فشارخستنە سەر خەڵک لەپێناو بەرژەوەندیی حزبی بەکار دێنن“.

 

باسیشی لەوە کرد کە ئەم کارەی یەکێتی، خەڵکی بێزار کردووە، بەڵام ”ئەوەی دەیکەن، پەرچەکرداری دابەزینی دەنگەکانی یەکێتی و کاریگەریی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرە".

 

بە دووریشی زانی، ئەم کارانەی یەکێتی دەیکات، ببێتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی یەکێتی، بەڵکوو ”ئەگەر ئەو ئامانجەیان هەیە، با بچن خزمەتی خەڵکی بکەن، نەک بە زۆر خەڵکی سنوورەکە ناچار بکەن ببن بە یەکێتی“.

 

پێشتر (باسنیوز) دەقی ئەو فۆڕمەشی بڵاو کردەوە کە یەکێتی لەنێو فەرمانگەکانی گەرمیاندا دابەشی کردبوو.

هەروەها شیرین ئەمین، پەرلەمانتاری گۆڕان بۆ (باسنیوز) ئاشکرای کردبوو کە فەرمانبەرێک بەهۆی ئەوەی فۆڕمەکەی پڕنەکردووەتەوە، سزا دراوە.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending