English | عربي

سەرکردەیەکی گۆڕان: کەسێک لە هەولێرەوە بۆ خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکەمان بەرز دەکەینەوە


سەرکردەیەکی گۆڕان: کەسێک لە هەولێرەوە بۆ خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکەمان بەرز دەکەینەوە

2019/08/05 | 14:10

(هەواڵ كوردستان)- ”گۆڕانکاری گەورە لە خانەی ڕاپەڕاندن دەکەین“

 

سەرکردەیەکی گۆڕان ئاشکرای کرد کە بە مەبەستی پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی ئۆرگانەکانی حزبەکەیان، کۆنفرانسی نیشتمانی دەبەستن و لە هەولێریشەوە هەڵسووڕاو بۆ خانەی راپەڕاندن بەرز دەکەنەوە.

 

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، بزووتنەوەی گۆڕان، بڕیاری داوە ١٤ی ٩ کۆنفرانسی نیشتمانی ببەستێت و ھەڵبژاردن بۆ خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەری گشتی بکات.

 

ڕوونیشی کردەوە کە کۆنفرانسەکەیان ”بۆ نوێبوونەوەی گۆڕان و پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەیە کە بەشێکی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی، بەرپرسیایەتییان لەم کابینەیە وەرگرتووە، دەمانەوێ لە ڕێگەی ھەڵبژاردنەوە ئەو پۆستانە پڕبکەینەوە“.

 

باسیشی لەوە کرد کە لە کۆنفرانسی نیشتمانیدا گۆڕانکاری ئەنجام دەدەن، بەتایبەتیش لە خانەی راپەڕاندندا، چونکە ”گەنج و ئافرەتی تێدا نییە، ئەمجارە ئەوانە دەهێندرێنە پێشەوە“.

 

سەرکانی لەو لێدوانەیدا بۆ (باسنیوز) ئاشکرای کرد: ”لەناو خانەی ڕاپەڕاندندا خەڵکی  ھەولێری تێدا نییە، بەڵام ئەمجارە لە شاری ھەولێر خەڵک دەھێنینە ناو خانەی ڕاپەڕاندنەوە، تاوەکوو ھەموومان پێکەوە بزووتنەوەی گۆڕان بەرەو پێشەوە ببەین“.

 

لەبارەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاشەوە نەیشاردەوە کە ئەوان ”خۆیان بە هەڵسووڕاوی گۆڕان دەزانن“، بۆیە مافی خۆیانە لە کۆنفرانسدا خۆیان ھەڵبژێرن، ”ڕەنگە چیا و نەما، بەشداری کۆنفرانسیش بکەن“.

 

بە گوتەی ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی گۆڕان، بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆیی حزبەکەی، کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا دەتوانن خۆیان بۆ ھەموو پۆستێک کاندید بکەن، ”خودی خۆم بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری لە کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا دەکەم“.

 

پێشتر لە کۆبوونەوەی جڤاتی گشتیی گۆڕاندا بڕیار درا، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا بزووتنەوەکە کۆنفرانسی خۆی ئەنجام بدات کە هاوشێوەی کۆنگرەی حزبەکانی دیکەیە.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending