English | عربي

مووچە بۆ 13 هەزار مووچەخۆر دەگەڕێندرێتەوە و دوای جەژن دابەش دەکرێت


مووچە بۆ 13 هەزار مووچەخۆر دەگەڕێندرێتەوە و دوای جەژن دابەش دەکرێت

2019/08/06 | 09:50

(هەواڵ كوردستان)-  

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (باس) كەوتوون، 13 هەزار كەس لەو 18 هەزار كەمئەندامەی مووچەكانیان بڕدراوە، بڕیارە دووبارە مووچەكانیان بۆ خەرج بكرێتەوە.

لە دوو ساڵی رابردوودا، بەهۆی دووبارە پشكنینەوە بۆ كەمئەندامان و خاوەن پێداویستییانی تایبەت، مووچەی 18 هەزار كەس راگیرا.

 

دوای ئەوەی دەرگای تانەدان لە بڕیارەكە كرایەوە، دووبارە پشكنینی پزیشكییان بۆ کرا، دوای وردبینی، ناوی 13 هەزار كەس رەوانەی وەزارەتی دارایی كراوە، بۆ دووبارە خەرجكردنەوەی مووچەكانیان.

 

بەپێی زانیارییەكان، لیستی ناوی ئەو كەسانە ئێستا لە وەزارەتی داراییە، بڕیارە لەگەڵ مووچەی مانگی 5 مووچەكانیان بۆ خەرج بكرێتەوە.

 

مووچەی كەمئەندامان لەنێوان 120 بۆ 150 هەزار دینارە و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش لێی سوودمەندن.

 

پێوەند بەم باسەوە، كوێستان محەمەد، وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بە (باس)ی راگەیاند: «دوای جەژنی قوربان مووچەی مانگی ئایاری زیاتر لە 13 هەزار كەمئەندام  خەرج دەكرێت كە مووچەكانیان بەهۆی چاكسازی و دووبارە پشكنین راگیرابوو».

 

جەختی كردەوەی پاش دووبارە پشكنین بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان دەركەوتووە ئێستا 13 هەزار كەمئەندام مافی ئەو مووچەیەیان هەیە.

 

لەم بارەیەوە شێخ محەمەد گەزنەیی، بەڕێوەبەری تۆڕی كۆمەڵایەتیی ھەولێر بە (باس)ی راگەیاند: «ئەوانەی لە دوووبارە پشكنینەوە دەرچوونە، چەند مووچەیان وەرنەگرتبێت، بۆیان خەرج دەكرێتەوە، ئەوەشی دەرنەچووبێت بە یەكجاری مووچەكانیان دەبڕدرێت».

 

جەختیشی كردەوە، چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی دەكەن تا مووچەی ئەو كەمئەندامانە خەرج بكرێتەوە، چونكە ئەوەی مافی خۆی وەرنەگرتبێت لە دووبارە پشكنینەوە، پێیان دراوەتەوە.

سامان حوسێن، سكرتێری یەكێتیی كەمئەندامانی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند، زیاتر لە 150 رۆژە مووچەی هەزاران كەمئەندام راگیراوە، گوتیشی: «دووبارە پشكنینەوە تەواو بووە، لە هەفتەی رابردوودا لیستی ناوی ئەو كەمئەندامانە دراوەتە وەزارەتی دارایی، داخوازیی ئێمە ئەوەیە، پەلە بكرێت لە دووبارە خەرجكردنەوەی مووچەی ئەو كەسانە».








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending