English | عربي

قاسم ده‌ڕبۆ: ناكرێت حه‌شد و په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال بن و داواش بكرێت ئێزدییه‌كان بگەڕێنه‌وه‌


قاسم ده‌ڕبۆ: ناكرێت حه‌شد و په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال بن و داواش بكرێت ئێزدییه‌كان بگەڕێنه‌وه‌

2019/08/06 | 17:35

(هەواڵ كوردستان)-

شنگال-KDP.info- فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ شنگال ده‌ڵێت، دۆخی شنگال خراپه،‌ حه‌شد  و په‌كه‌كه‌ له ‌شاره‌كه‌دان، داواش ده‌كرێت دۆخی شاره‌كه‌ ئاسایی بكرێته‌وه.‌ ده‌بێ لایه‌نه‌كان پرسیاری ئه‌وه‌ بكه‌ن چۆن دوو هێز له ‌شاره‌كه‌ بن و خه‌ڵك بتوانێت بگهڕێته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌.

قاسم ده‌ڕبۆ، فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ شنگال به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئه‌وه‌ی پێی بڵێیت ئیداره‌ له‌ شنگال نییه‌، چونكه‌ حه‌شد و په‌كه‌كه‌ ڕێگا ناده‌ن خه‌ڵك بگەڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان، كه‌واته‌ ده‌بێ به‌غدا دەرك به‌وه‌ بكات كه‌ مانه‌وه‌ی له ‌شنگال و هاوكاریی په‌كه‌كه‌ ڕێگا خۆشكه‌ره‌ بۆ نه‌گەڕانه‌وه‌ی شاره‌كه‌ و دۆخی شنگال خراپه‌، ئیداره‌ی شاره‌كه‌ له‌وێ نییه، ئه‌من و ئاسایش نییه‌ و ئێزدییه‌كان په‌رتوبڵاو بوون، به‌شێكیان چوونه‌ ئه‌وروپا و به‌شێكیان له‌ چیاكان و به‌شێكیان له‌ كه‌مپه‌كانن، به‌غدا له ‌به‌رانبه‌ر ئاوه‌دانی بۆ شنگال و ئێزدییه‌كان كه‌مته‌رخه‌مه‌ و ناكرێت حه‌شد و په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال بن و داواش بكرێت ئێزدییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌."

قاسم ده‌ڕبۆ گوتیشی: "حكوومه‌تی هه‌رێمی و كوردستان به‌ده‌م شنگالییه‌كانه‌وه‌یه‌ له‌ كاتێكدا ده‌بێت به‌غدا ئه‌ركی سه‌رشانی جێبه‌جێ بكات و هاوكاریی شنگالییه‌كان بكات، به‌ڵام نایكات، یان نایه‌وێت، یان ده‌یه‌وێت دۆخی ئه‌و شاره‌ وه‌ك ئێستا بمێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌بوونی ئه‌و هێزانه‌ ئاسته‌نگیان له‌به‌رده‌م ئیداره‌ی شه‌رعیی شنگال داناوه‌ و ڕێگا به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان ناده‌ن".

قاسم ده‌ڕبۆ ڕایشیگه‌یاند: "شنگال بووه‌ته‌ ئامانج و له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێكدا ڕه‌نگه‌ دۆخەکە له‌وه‌ زیاتر تێك بچێت."

کارزان هەورامی








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending