هەواڵی کوردستان ئێستا

ئێران: دەستمان وەرنەداوەتە كاروباری ناوخۆی عێراق

ئێران: دەستمان وەرنەداوەتە كاروباری ناوخۆی عێراق
ئێران: دەستمان وەرنەداوەتە كاروباری ناوخۆی عێراق

2020-06-29 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: كە پرسەكانی عێراق پەیوەستن بە خودی عێراقییەكانەوە و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ئێران دەستی وەرنەداوەتە كاروباری ناوخۆی عێراق، تەنانەت كارێكی لەوشێوەیەش ناكات.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا عەباس موسەوی سەبارەت بە دەنگۆی سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مەستەفا كازمی بۆ تاران رایگه‌یاند: بەرپرسی هەر وڵاتێکی دۆست سەردانی تاران بكات، پێی خۆشحاڵ دەبین، بەڵام هێشتا رێككەوتنی كۆتایی لەوبارەیەوە نەكراوە.

موسەوی راشیگه‌یاند : پرسەكانی عێراق پەیوەستن بە خودی عێراقییەكانەوە و ئێران دەستی وەرنەداوەتە كاروباری ناوخۆی عێراق، تەنانەت كارێكی لەوشێوەیەش ناكات.

عەباس موسەوی جه‌ختیشی كرده‌وه‌: حەشدی شەعبی لەسەر فەرمان و داوای بەرپرسان و مەرجەعییەتی باڵا دامەزراوە كە ئێستا بووەتە هێزێكی سەربازیی فەرمی لە عێراق.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئه‌وه‌شی راگەیاند "متمانەمان بەوە هەیە كە حكوومەت و گەلی عێراق ئاستەنگییەكان تێدەپەڕێنن و كێشە و گرفتەكانی ناوخۆی عێراق زۆر بە باشی چارەسەر دەكەن و عێراق زیاتر بەرەو سەقامگیری، ئاسایش و ئارامی دەبن".

سێ رۆژ لەمەوبەر لە بەغدا هێزێكی سەربە دژەتیرۆر هەڵیكوتایە سەر بارەگایەكی كەتیبەكانی حزبوڵڵای عێراق سەربە حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران كە بانگەشەی ئەوە دەكرێت هێرشی مووشەكییان كردووەتە سەر ناوچەی سەوز و 14 كەسیان دەستگیر كرد.

لە بەرامبەردا هێزێكی سەربە حەشدی شەعبی هەڵیكوتایە سەر باڵەخانەی دژەتیرۆر لە ناوچەی سەوز و ژمارەیەک سەربازی دەستگیر كرد.

لە ماوەی رابردوودا، چەندین جار هێزەکانی ئەمریكا لە بەغدا كەوتبوونە بەر هێرشی مووشەكیی و ژمارەیەک گرووپی ناو حەشدی شەعبی بە ئاشكرا بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئاراستەکردنی مووشەكەكان و بە ئامانجگرتنی هێزەكانی ئەمریكا راگەیاندبوو.