English | عربي

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: دامودەزگا شەرعییەکانی شنگال نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە


ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: دامودەزگا شەرعییەکانی شنگال نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە

2019/08/07 | 16:00

(هەواڵ كوردستان)-

 

هەولێر-KDP.info-  نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق لە بڵاوکراوەیەکی تایبەتدا، ٤ ئابی ٢٠١٩، پاڵپشتی لە ئارامی و بەڕێوەبردنی هاوبەشی شنگال دەکات بۆ مسۆگەرکردنی یارمەتییە مرۆیییەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان.

لەم بارەیەوە، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "پێشوازی لە داوای نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق دەکەین، سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال و ناوچە کوردستانییەکانی ترى دەرەوەی سنووری هەرێم.

سەرەڕای ئازادکردنەوەی ئەو ناوچانە، تا ئێستا دانیشتووانەکەی ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، بەهۆی ناسەقامگیریی ئەو ناوچانە و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویستی ڕۆژانە."

 

سەبارەت بە جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستووری هەمیشەییی عێراق، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "لە دوای ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەی کە تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەردا گرتبوو، ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنووری هەرێم کە بەشی هەرەزۆری دەکەونە چوارچێوەی ناوچەکانی ماددەی (١٤٠) ی دەستووری هەمیشەییی عێراق، وەک پێویست ئاسایی نەبووەتەوە و بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئەو ناوچانە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، ئەمەش وای کرد کە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان داوای ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە و دووبارە ئاوەدانکردنەوەیان بکەن، چونکە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەو ناوچانە ئاوارەن و لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا ماونەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی ٣٠-٧-٢٠١٩  دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا تا ئەوكاتەی سەرجەم ئامانجەكان ماددەی 140 جێبەجێ دەكرێن، كاركردن بە ماددەی 140 بەردەوام دەبێت."

 

لە دوای ساڵی 2014ـەوە بەشی هەرەزۆری ئەو ناوچانە لە سنووری پارێزگای مووسڵ، هەولێر، کەرکووک، دیالا و سەڵاحەددین کەوتنە بەر شاڵاوی تیرۆریستانی داعش و دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری ئەو خاکانەدا گرت، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئاڵۆزترکردنی زیاتری دۆخەکە و دانیشتووانی ئەم ناوچانە دووبارە کەوتنە بەر دڕندەترین هێرش و سەدان هەزار کەسی دانیشتووی ئەو ناوچانە لە گشت پێکهاتەکان ناچار بوون ماڵوحاڵی خۆیان جێ بهێڵن و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد.

 

ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە نەگەڕانەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە، بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا، گوتی: "ئەم ناوچانە ڕووبەڕووی وێرانکارییەکی زۆر بوونەوە، سەرەڕای تێکدانیان لە لایەن داعشەوە بەشێک لە خانووەکانیان تا ئێستا بەتەواوی لەو مین و تەقەمەنیانە پاک نەکراونەتەوە کە داعش لەدوای خۆی جێی هێشتوون و زیانی گیانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆیە ئەو وێرانکارییەی بەسەر شنگالدا هات، پێویستی بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی ئاوەدانکردنەوە هەبوو لە هەموو سێکتەرەکانی ژیاندا، بەڵام نەبوونی خزمەتگوزارییە پێویستەکان، وەک پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی شارەکە."

 

لە لایەکی دیکەوە دامودەزگا شەرعییەکانی شنگال نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی پێکهاتنی بۆشایییەکی ئەمنی و ئیداری و کۆسپێکی گەورەی لەبەردەم ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و گەڕانەوەی دانیشتووانەکەیدا ناوەتەوە و نیگەرانییەکی زۆری هاووڵاتیانی لێ کەوتووەتەوە، بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانەوە.

 

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا لەبارەی سەقامگیریی ناوچەکەوە داوای کرد: "هەرچى زووە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەتایبەتی وڵاتانی کۆمەکبەخش، ڕۆڵێکی زیاتریان هەبێت، بەتایبەتی لە بواری ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، چونکە ئێستا تا ڕاددەیەک کەشوهەوا لەبارە بۆ ئەوەی هەوڵەکان بەگەڕ بخرێنەوە، بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوورییە کە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق بەگشتی و  بەتایبەتی خەڵکی ئەو ناوچانەدایە، کە لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییە جیاجیاکانن.

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending