د. جەزا: لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆچوونی پارتی بۆ عێراقی دوای سەددام لۆژیكی بوو
هەولێر -KDP.info- مامۆستایەكی زانكۆ لە ڕووسیا، کە نووسەر و چاودێری سیاسیشە، باس لە دۆخی عێراق دەكات و باوەڕی وایە، ئەم وڵاتە لەبەردەم مەترسییەكی گەورەدایە. دەشڵێ، لە ٢٠٠٣ بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ عێراقی دوای سەددام، بۆچوونێكی لۆژیكی بوو.
د. جەزا چنگیانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "عێراق وڵاتێكی دوو حكوومەتییە؛ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، كە بێگومان حكوومەتی هەرێم سەقامگیرتر و تۆكمەترە و قەوارەیەكی سیاسیی خاوەن دەستوور و پەرلەمانە، بەڵام حكوومەتی عێراق پێچەوانەیە، بەوەی نە دەستوور كاری پێ دەكرێ و نە بڕیاری پەرلەمان ڕێزی لێ دەگیرێت".
چنگیانی گوتیشی: "لە عێراقدا حزبەكان نەیانتوانیوە ببنە جێگای متمانەی خەڵك، لە كوردستانیش دەنگ و قەبارەی سیاسی و جەماوەریی هەرێم، پارتی دیموکراتی کوردستانە، كە پارتی ٤٥ كورسیی هەیە و دەنگی زاڵە، دەنگی زاڵی پارتیش، دەنگی زاڵی زۆربەی كۆمەڵگای باشوورە، بۆیە ٤٥ كورسییان لە پەرلەمان مسۆگەر كردووە. جگە لەوەش، پارتی لە پەرلەمان بۆ خزمەتی حزبی سیاسەت ناكات، بەڵكوو بۆ پڕۆژەی نیشتمانی و نەتەوەیی سیاسەت دەكات، بۆیە دەستی تەوقەی سیاسیی بۆ حزب و ڕێكخراوەكانی تری باشوور درێژ كردووە".
ئەو مامۆستایەی زانكۆ لە ڕووسیا دەشڵێ: "لە ٢٠٠٣ بۆچوونی پارتی بۆ حكوومەتی عێراقی دوای سەددام، بۆچوونێكی لۆژیكی بوو، كە بێگومان بە زاڵبوونی فاشیزمی عەرەبی لە بەغدا، دەنگی زاڵی نیشتمانی نەما، ئەو ڕێكخراوەشی دەنگی زۆری هێنابێت، ڕێكخراوێكی ئازاد نییە و ناتوانێ لە تەك پێكهاتەكانی تری عێراق لەسەر بەرنامەیەكی عێراقی كار بكەن و حكوومەتێكی سەقامگیری نیشتمانی پێک بێنن، بۆیە ئێستا ئاساییە بەغدا هانا بۆ هەرێم بهێنێت، بەڵام دەبێ بزانین هەرێم ناتوانێ یارمەتیی بەغدا بدات، وەك ڕوونە، بەغداش ناتوانێ چارەسەری گرفتەكانی خۆی بكات، چونكە لە بەغدا حكوومەتێكی نیشتمانیی خاوەن دەستوور نییە".
كارزان هەورامی