هەواڵی کوردستان ئێستا

په‌یامى سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵى تازه‌

په‌یامى سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵى تازه‌
په‌یامى سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵى تازه‌

2019-12-31 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info-  ساڵى تازه‌ له‌ هه‌موو كوردستانییان پیرۆز بێت، هیواى ساڵێكى پڕ له‌ كامه‌رانى و سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌مووان، بۆ جیهان و مرۆڤایه‌تى به‌گشتى ده‌خوازم. پیرۆزباییه‌كى تایبه‌ت له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان ده‌كه‌م، به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادى هه‌موو ئه‌و ئازیزانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ گیانى خۆیان به‌ كوردستان و به‌ ئازادى به‌خشى. هیواى سه‌قامگیرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و كۆتاییهاتنى قه‌یران و ئاڵۆزییه‌كان بۆ عێراق و ئاشتى و ئارامى بۆ هه‌موو گه‌لى كوردستان، ناوچه‌كه‌ و جیهان ده‌خوازم.

كوردستانییانى خۆشه‌ویست،

عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌ دۆخێكى ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕن، ڕووداو و پێهشاته‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستانیش هه‌یه‌. ئێمه‌ به‌ یه‌كڕیزى و ته‌بایى و یه‌كهه‌ڵوێستى، ده‌توانین ڕووبه‌ڕووى هه‌موو ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كان ببینه‌وه‌ و پێكه‌وه‌ بگه‌ینه‌ كه‌نارى ئارامى. له‌م پێناوه‌دا له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌ كوردستانییه‌كان له ‌هه‌وڵه‌كانمان بۆ یه‌كڕیزى و ته‌بایى به‌رده‌وام ده‌بین. ئێمه‌ به‌ ئومێد و گه‌شبینییه‌وه‌ له‌ ئاینده‌یه‌کی گه‌شتر ده‌ڕوانین.

له‌سه‌ر ئاستى عێراقیش وه‌ك هه‌میشه‌ هاوكار ده‌بین و لایه‌نه عێراقییه‌كان هان ده‌ده‌ین كه‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیى هاوبه‌شى خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ وڵات جێبه‌جێ بكه‌ن و هه‌موو كێشه‌كان به‌ دیالۆگ و لێكگه‌یشتن له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكه‌ن. داوا له‌ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیش ده‌كه‌ین بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر، له‌ پشتگیرى و هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌رده‌وام بن.

كوردستانییانى خۆشه‌ویست، هه‌موو پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى كوردستان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ وڵاتى ماف و ئازادییه‌كان بۆ هه‌مووان و لانكه‌ى ئارامى سه‌قامگیرى و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى و فره‌یى و ته‌بایى و یه‌كترقبووڵكردن ده‌مێنته‌وه‌ و هه‌موومان پێكه‌وه‌ له‌م پێناوه‌دا كار ده‌كه‌ین و ئه‌و بنه‌ما و كولتووره‌ جوانه‌ ده‌پارێزین و به‌رگرییان لێ ده‌كه‌ین.

ساڵى تازه‌ له‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌ هه‌موو لایه‌ك پیرۆز بێت، هه‌ر له‌ خۆشى و كامه‌رانیدا بن.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

31/12/2019