هەواڵی کوردستان ئێستا

داهاتی نەوتی هەرێم لە ڕێی بەغداوە چەندە؟

داهاتی نەوتی هەرێم لە ڕێی بەغداوە چەندە؟
داهاتی نەوتی هەرێم لە ڕێی بەغداوە چەندە؟

2020-06-29 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

شیکردنەوەی یادگار سدیق گەڵاڵی

شیکردنەوە یەکم بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی، ئەگەر عێراق نەوتی هەرێمی کۆنترۆڵ بکردایە چەند داهاتی دەست دەکەوت؟


زۆر جار باسی ئەوە دەکرێت ئەگەر هەرێم لە ڕێگەی بەغدا و کۆمپانیای سۆمۆ وە نەوتەکەی بفرۆشێت داهاتی زیاتر دەبێت. بۆ ئەوەی بەوردی ئەو گریمانەیە شی بکەینەوە وە ئەگەر وایە ئاستی ئەو داهاتە چەندە؟ لەم شیکردنەوەیەدا زۆر بە سادەو ڕوونی ئەوەمان بۆمان دەردەکەوێت، بە پشت بەستن بە داتاو زانیاری فەرمی شیکردنەوەکەمان دەکەین.

نەوتی هەرێمی کوردستان و ئێراق لە سەر بنەمای نەوتی خاوی برێنت دەفرۆشێت کە بێنچ مارکێکی جیهانییە و دوو لەسەر سێی بەرهەمهێنەرانی نەوتی جیهان وەکو بنەمایەک بۆ دیاری کردنی نرخی نەوت بەکاری دێنن .
نەوتی خاوی برێنت یان خاوی دەریای باکوور بە نەوتێکی سوک و شیرین ئەژمار دەکرێت. سوکە چونکە چری کەمە و شیرینە چونکە لە پێکهاتەکەیدا ڕێژەی گۆگردی کەمە.

بەپێی ئەو داتایانەی کۆم کردووەتەوە لە وەزارەتی نەوتی ئێراق، ڕاپۆرتی دیلۆیت بۆ نەوتی هەرێم و نرخی نەوتی برێنت لە سایتی ستاتیستا بۆ ساڵی ٢٠١٩، بۆمان دەردەکەوێت بەتێکڕا نەوتی برێنت لە ساڵەکەدا بریتی بووە لە ٦٤ دۆلار و ٣٥ سەنت وە هەرێمی کوردستان بەتێکڕا بەپێی ڕاپۆرتی وردبینی دیلۆیت بریتی بووە لە ٥٢ دۆلار و ٦٨ سەنت واتە بە جیاوازی ١١ دۆلار و ٦٨ سەنت نەوتی هەرێم لەژێر نرخی برێنتەوە فرۆشراوە. لە هەمان ماوەدا نەوتی ئێراق بە تێکڕا بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی نەوتی ئێراق بە ٦١ دۆلار و ٥ سەنت فرۆشراوە، بە تێکڕا هەربەرمیلێک بە ٣ دۆلار و ٣٠ سەنت لەژێر نەوتی برێنتەوە فرۆشراوە. واتە هەر بەرمیلێک نەوتی ئێراق بە ٨ دۆلار و ٣٧ سەنت لە نەوتی هەرێم زیاتر فرۆشراوە.
وەزارەتی نەوتی ئێراق مانگانە بڕی هەناردەو نرخی نەوتەکەی سەرەتا لە ١ی هەرمانگێکدا ژمێرەی سەرەتایی بڵاو دەکاتەوە بۆ مانگی پێشو وە لە پێش کۆتایی ئەو مانگەشدا ژمێرەی کۆتایی بڵاو دەکاتەوە . نرخەکانی ئێراق لێرەدا بەپێی ژماردەی کۆتایی وەرگیرواوە.
نرخی هەرێمی کوردستانیش بە پێی ڕاپۆرتی وردبینی دیلۆیتە بۆ ساڵی ٢٠١٩ کە لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە ئەژمار کراوە.
(سەیری خشتەی١ بکە)

بە بێی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت بڕی بەرهەمی نەوتی هەرێم لەماوەی ساڵی ٢٠١٩ دا بریتی بووە لە ١٧.٫٩٧٧٫٧٨٤
ملیۆن بەرمیل، داهاتی فرۆشی نەوتیش بریتی بووە لە ٨ ملیار و ٤٣٨ ملیۆن و ٦٠١ هەزار و ٣٠٠ دۆلار. هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە حکومەتی هەرێم لەو بڕە ٤ ملیار و ٥١٥ ملیۆن و ٤٢١ هەزار و ٦٢٥ دۆلاری بۆ ماوەتەوە کە دەکاتە ٥٤٪. بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی رێکخراوی ڕوونبین بۆشەفافیەتی پرۆسەکانی نەوت لە سەرەتای نیسانی ٢٠١٢٠ دا بڵاوکراوەتەوە شیکردنەوەی بۆ ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت کردووە و بەپێی ژمارەکانی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت، لە داهاتی نەوتی فرۆشراوی ٢٠١٩ تەنها ٣ ملیار ١٤٢ملیۆن و ١١ هەزار دۆلار ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێم و لەو بڕەش ٣١٨ ملیۆن دۆلار لە لوبنان نەگەراوەتەوە (ئێستا گەراوەتەوە یان نا حکومەت هیچ زانیارییەکی ڕانەگەیاندووە). واتە بەو پارەی لوبنانیشەوە تەنها ٣٧٪ ی کۆی داهات گەڕاوەتەوە.
وەزیری نەوتی ئێراق لە مانگی نیسانی ٢٠٢٠ دا ڕایگەیاند کە حکومەتی ئێراق لە داهاتی نەوتی ساڵی ٢٠١٩ بڕی ٨٥٫٧%٪ی بۆ ماوەتەوە و تەنها ١٤٫٣٪ بۆ خەرجی و کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان ڕۆشتووە. هەروەها ڕایگەیاند تێکڕا نرخی نەت بە ٦١ دۆلار و ٩٦ سەنت بووە .
بەڵام من لێرەدا تەنها لەسەر داتا فەرمییەکانی وەزارەتی نەوت تێکڕای نرخی نەوتی ئێراقم دەرهێناوە نەک لێدوانی وەزیری نەوت. بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوت تێکرا نرخی نەوتی ئێراق بریتی بووە لە ٦١ دۆلار و ٥ سەنت وە بە پێیە ئەگەر ئەو نەتەی هەرێم لەڕیی بەغداوە بفرۆشرایە ٢ ملیار زیاتر داهاتی فرۆشی نەوت دەبوو بەراورد بە وەی هەرێم، بەمانایەکی تر لەو بڕە نەوتەی هەرێم بەرهەمی هێناو ئێراق بە ١٠ ملیار و ٤٣٨ ملۆن دۆلار دەیفرۆشت وە لەو بڕەش گەر ٨٥.٧% ی بگەڕێتەوە بۆ حکومەت لە بری ٣٧% ی هەرێم ئەو کات بەغدا ٩ ملیار و ١٥٤ ملۆن دۆلاری بۆ دەمایەوە واتە زیاتر لە ٧١٦ ملیۆن لە و بڕە زیاتر کە هەرێم فرۆشتویەتی پێش لێ دەرکردنی خەرجییەکان و ٦ ملیار دۆلار زیاتر لەوەی هەرێم بۆی ماوەتەوە. (سەیری خشتەی ٢ بکە).
ئێراق ئاوا سەیری مەلەفی نەوت دەکات لەگەڵ هەرێم و ئەوەش ڕاستیەکەیە.

ئەی دەبێت لە ٢٠١٤ وە تا ئێستا بڕی ئەو زەرەرەی کە هەرێم لێی کەوتووە بەهۆی ئەوەی نەوتەکەی بە هەرزان فرۆشتووە تا ئەمڕۆ چەندە؟ ئەگەر ئەو هەنگاوەی نەنایە لەو کاتەدا هەرێم توشی ئەو بەهەدەردانەی نەوت و پارە دەبوو ؟ وەکو ئێستا قەرزار دەبوو؟ مووچەخۆران مووچەیان دوا دەکەوت؟ ئەی کێ بەرپرسیارە؟ لە هەمووی گرنگتر کەس لێپرسینەوەی لێکرا، کەس ڕووبەڕوی دادگا کرایە وە یان دەکرێتەوە بە هۆی بەهەدەردانی ماڵی گشتییەوە؟ تاوەکو ئامادەنەبین دەست بخەینە سەر برینەکان و دان بە هەڵەکاندا نەنێین هیچ هەنگاوێک بەرەو باشکردن نانێین ، وەتەنها دانپیانان بەهەڵە بەس نییە بەڵکو دەبێت هەنگاوی کردەی بنێین و جدیبین لە چاککردنی وە چەند زوو دەست پێبکەین درەنگە.