English | عربي

باڵەکانی یەکێتی دەیانەوێ لە ڕێگەی کۆنگرەوە یەکتر تێک بشکێنن


باڵەکانی یەکێتی دەیانەوێ لە ڕێگەی کۆنگرەوە یەکتر تێک بشکێنن

2019/08/08 | 14:40

(هەواڵ كوردستان)- دوور نییە برازاکانی جەلال تاڵەبانی بە تەواوی پەراوێز بخرێن

باڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەیانەوێ لە ڕێگەی کۆنگرەوە یەکتر تێکبشێکنن و بە یەکجارەکی نەیارە ناوخۆییەکانیان کۆتایی پێ بهێنن، گەورەترین تەحەدیش لەبەردەم کوڕانی جەنگیی برای جەلال تاڵەبانییە.

 

هەریەک لە ئەنجومەنی ناوەندی و مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشنیازیان کردووە ٢١ی ١١ی ٢٠١٩ کۆنگرەی چوارەمی حزبەکە ئەنجام بدرێت و داوایان لە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حزبەکە کردووە، بڕیاری خۆی بدات.

 

بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، ململانێی نوێی نێوان باڵەکانی یەکێتی، ئەمجارە قووڵترە و هەریەک لە باڵەکان، هەوڵی ئەوە دەدات لە کۆنگرەدا دوو ئامانج بپێکێت، یەکەمیان مانەوەی پێگەی بەهێزی خۆی و دووەمیش لاوازکردنی پێگەی بەرامبەرەکەی.

 

هەر لە ئێستاوە ئەو هەوڵانە بە شێوەی جۆراوجۆر دەستیان پێ کردووە، ڕۆژانە مەلا بەختیار دەیان کادیر و لایەنگری یەکێتی دەبینێت و لە هەموو گفتوگۆکانیشیدا باسی کۆنگرە دەکات.

 

هەر بەپێی بەدواداچوونەکانی (باسنیوز)، ماوەیەکە جموجۆڵی کوڕانی جەنگیی برای جەلال تاڵەبانی، بەتایبەتیش لاهوور جەنگی، بە تەواوەتی نادیارە و ئەگەر هەیە بە شێوەیەکی ژێربەژێر خۆی بۆ کۆنگرەی حزبەکە ئامادە بکات.

 

سەرچاوەیەک لەنێو یەکێتییەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند کە ناکۆکیی ئەمجارە بە ڕوونی لە نێوان بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد لەلایەک و کوڕانی جەنگیی برای تاڵەبانی لەلایەکی دیکە دەبێت، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی هیچ یەکێک لەو  کوڕانە تەنانەت ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیش نین و دەیانەوێت ئەمجارە لە ڕێی چوونە سەرکردایەتییەوە، پێگەی خۆیان بەهێز بکەن.

 

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، بنەماڵەی برایم ئەحمەد کە خۆی لە هێرۆ ئیبراهیم و شاناز ئیبراهیمدا دەبینێتەوە و پاڤڵ تاڵەبانیش پشتیوانییان دەکات، ناهێڵن لاهوور جەنگی و براکانی هیچ پۆستێکیان پێ بدرێت، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی لاهوور جەنگی لەم دواییانە خەیاڵی ئەوەی دەکرد کە پۆستەکەی جەلال تاڵەبانی وەربگرێت و میدیا و نووسەرانی سەر بە ئەو بۆ ئەم مەبەستە کەوتبوونە وتارنووسین.

 

ئەوەی دیارە تاوەکوو ئێستا باڵەکانی یەکێتی بە تەواوی لەسەر کاتی کۆنگرەش ڕێک نەکەوتوون، بەڵام (باسنیوز) زانیویەتی کە کۆدەنگییەکیان لەسەر ئەوە هەیە کە پۆستی سکرتێری گشتیی یەکێتی وەکوو خۆی بمێنێتەوە و جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی فەخریی حزبەکە بێت.

 

لەمبارەیەوە ڕەھبەری سەید براھیم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، یەکێتی مانگی ١١ی ئەمساڵ کۆنگرەی چوارەم دەبەستێت، ”بێگومان کۆبوونەوەکەمان بۆ نوێبوونەوەی یەکێتی و بەھێزکردنی حزبەکەمانە“.

 

ڕوونیشی کردەوە،”جارێ ھیچ قسەیەک لەبارەی پۆستی سکرتێری گشتی نەکراوە، بەڵام چەند پێشنیارێک بۆ ئەو پۆستە کراوە و کۆنگرە چەرەنووسی پۆستی سکرتێری گشتی یەکلایی دەکاتەوە“.

 

گوتیشی: ”نازانم ئایا مام جەلال دەبێتەوە بە سکرتێری فەخری ئایا لەبری ئەو پۆستە، دەستەیەکی باڵا یەکێتی بەڕێوە دەبات، بۆیە جارێ زووە باسی ئەو پۆستە بکەین و کۆنگرە بڕیاری لەسەر دەدات“.

 

ڕەھبەری سەید براھیم، ئاماژەی بەوەش دا، یەکێتی پێویستی بەوەیە کە بوار بە گەنجان بدات، تاوەکوو لەناو ئۆرگانە جیاوازەکانی یەکێتی کار بکەن، بێگومان حەزدەکەین یەکێتی لەم کۆنگرەیەدا گەنج بھێنێتە پێشەوە و گەنج فەرمۆش نەکەن، بەتایبەتیش کادیرە دڵسۆزەکانی یەکێتی.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending