English | عربي

شنگال لەبەردەم هێرشێکی دیکەی داعشدایە


شنگال لەبەردەم هێرشێکی دیکەی داعشدایە

2019/08/08 | 16:50

(هەواڵ كوردستان)- قادر قاچاخ: حەشدی شەعبی و پەکەکە خۆیان داگیرکەرن و توانای پاراستنی (شنگال)یان نییە

مەترسیی دووبارە هێرشێکی بەهێزی داعش بۆ سەر شنگال هەیە و بەرپرسانی سەربازییش لە دەڤەرەکە پێیان وایە، ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناوچەکە، هێزەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی لە توانایاندا نییە بەرگەی هێرشی داعش بگرن، کە ئامانج لێی دەستبەسەرداگرتنی شنگال بێت.

ڕۆژی 3ی ئەم مانگە، گەلی کوردستان و کوردانی ئێزدی، یادی كاره‌ساتێكی گەورەیان کردەوە، ئه‌و كاره‌ساته‌ی پێنج ساڵ بەر لەو رۆژە، تیرۆریستانی داعش به‌سه‌ر خه‌ڵكی شنگالیاندا هێنا و بەهۆیەوە کوردانی ئێزدی، گەورەترین قوربانییان لە مێژووی دەرکەوتنی ئەو رێکخراوە تیرۆرستییە جیهانییەدا، کە قوربانییەکان زۆر زیاتر بوون لەو کارەساتانەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە ئاستی جیهانی بە جینۆساید ناسێنراون.

شنگال یەکەم خاڵی دەرکەوتنی داعش بوو، دوای کەوتنە دەستی بەشێکی زۆر لە خاکی سووریا و مووسڵ لە عێراق، کە لەو کاتەدا ئەو رێکخراوە تیرۆرستییە جیهانییە، زیاتر لە 40 هەزار چەکداری هەبوو، کە هەموویان راهێنرابوون لەسەر پەلامار و هێرش و تەواوی چەک و جبەخانەی (مووسڵ) وسوپای عێراقییشیان کەوتبووە دەست، هێزەکانی سوپای عێراقیش، کە ئەرکیان پاراستنی ناوچەکە بوو، بەتەواوی پاشەکشەیان کردبوو، ئەو ژمارە کەمەی هێزی پێشمەرگەش، لە توانایدا نەبوو ئەو ناوچە فراوانە لەو پەلامارە خێرایەی داعش بپارێزیت.

هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشەی داعش، چەکدارەکانی پەکەکە بارودۆخەکەیان قۆستەوە و هێزێکیان ڕەوانەی شنگال کرد، دواتریش و دوای دوو ساڵ، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان شنگالیان ئازاد کرد، ئەو هێزانە لە ناوچەکە مانەوە و بە رێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی، لەگەڵ ئەو بارودۆخەی لە کەرکووک هاتە پێشەوە، هەوڵیان دا شەڕی براکوژی لەنێوان ئێزدییەکاندا هەڵبگیرسێنن، کە ژمارەیەکیان لەم ماوەیەدا لەژێر ناوی هێزەکانی پاراستنی شنگال، (یەبەشە) دامەزراندبوو، بەو هۆیەشەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بۆ روونەدانی شەڕ و ناکۆکی نەکەوتنە نێوان ئێزدییەکان، لە سەنتەری شنگال کشایەوە.

ئێستاش بەپێی زانیارییەکانی (باس)، جارێکی دیکە مەترسیی هێرشی داعش کەوتووەتەوە سەر شنگال و نزیکەی 15 هەزار چەکداری ئەو رێکخراوە لە سووریاوە هاتوونەتە بیابانەکانی عێراق، کە ناوچەکە لە مووسڵ و شنگالەوە نزیکە. 

لەمبارەیەوە، ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمەریكایی لە ڕاپۆرتێكیدا ئاشكرای كردووە، ژمارەیەك لە پاشماوەی داعش لە سووریا، دزەیان كردووەتە نێو خاكی عێراقەوە و دەیانەوێت ڕیزەكانیان یەك بخەنەوە.

(واشنتۆن پۆست) لە ڕاپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەش داوە، بەشێكی زۆری ئەو چەكدارانەی داعش، كە دزەیان كردووەتە خاكی عێراقەوە، لە ناوچە بیابانە چۆڵەكانی ڕۆژئاوای عێراق خۆیان حەشار داوە و لە گوندەكانی ئەو ناوچانە دەمێننەوە.

لە هەفتەی رابردووشدا، لە چەند ناوچەیەک هێزەکانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر چەند گوندێکی سەر بە شاری شنگال و زیانی گەورەیان لە هێزە عێراقییەکان و خەڵکی چەند گوندێک داوە، تەنیا لەو سنوورەدا نەبێت کە هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لێیە، نەیانتوانیوە بگەن بە گوندەکان و تێکشکێنراون.

لەمبارەیەوە، قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە، مەترسیی هێرشی داعش کەوتووەتەوە سەر شنگال و ئەگەر هێرشێک بکەن ئامانجیان دەستبەسەرداگرتنی شنگال بێت، ئەوا هێزەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی، کە خۆشیان وەکوو دوو هێزی داگیرکەرن لەو ناوچەیە، لە توانایاندا نییە بەرگری لە ناوچەکە بکەن، گوتی: “لە ماوەی رابردوودا داعش چەند هێرشێکیان کردووە، تەنیا لەو ناوچانەی پێشمەرگەیان لێیە، نەیانتوانیوە سەنگەرەکان ببڕن و تێکشکاون، لەبەرئەوە بەبێ پێشمەرگە ناتوانرێ شنگال پارێزراو بێت”.

ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی کردەوە، ئەو هێزانەی لە شنگال دەسەڵاتیان هەیە، هاوشێوەی داعشن و خەڵکی متمانەیان پێ ناکات و تا ئێستا 85٪ی دانیشتووانی شنگال بەهۆی ئەوانەوە نەگەڕاوەتەوە، گوتی: “تاوەکوو بارودۆخی شنگال بە دەستی پەکەکە و حەشدی شەعبییەوە بێت، مەترسیی داعشیش لەسەر شنگال دەبێت و ئەو خەڵکەی لە 14 کەمپی هەرێمی کوردستاندان بۆ ماڵ و ژیانیان ناگەڕێنەوە، لەبەر ئەوە شنگال پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە، بە دوورخستنەوەی هەموو هێزە ناشەرعییەکان و گەڕانەوەی پێشمەرگە و پاراستنی ناوچەکە لە دەستی داعش”.

جێی باسە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، کە لە بەردەستی (باس)دایە، ژماره‌ی ئێزدییه‌كان له‌ عێراق، 550 هه‌زار كه‌س دەبێت، کە زۆرینەیان بەر لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لەو شارە کوردستانییە نیشتەجێ بوون، ئێستا ‌به‌ هۆی په‌لاماری داعش و بوونی دەسەڵاتی پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال، زیاتر لە 360 هه‌زاریان ئاوارەی هەرێمی کوردستانن، نزیکەی 100 هەزاریشیان کۆچیان بەرەو ئەوروپا و دەرەوەی عێراق و کوردستان کردووە، ژماره‌ی شه‌هیدانی رۆژانی یه‌كه‌می په‌لاماری داعشیش بۆ سه‌ر شنگال، نزیکەی هه‌زار و 300 کەس دەبێت، ژماره‌ی منداڵانی بێ باوكی ئێزدییش زیاترە لە 2 هه‌زار و 750 منداڵ، ژماره‌ی رفێندراوه‌كانیان 6 هه‌زار و 417 كه‌س، کە 3 هه‌زار و 548یان لە رەگەزی مێ و 2 هه‌زار و 869 كه‌سیان لە رەگەزی نێرن، کە لەو ژمارەیە لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەی رابردوو، 3 هه‌زار و 509 كه‌سیان رزگار کراون، کە هەزار و 192یان رەگەزی مێ و 337یان لە رەگەزی نێرن، لەگەڵ هەزار و 33 منداڵ لە رەگەزی مێ و 947 منداڵ لە رەگەزی نێر زۆربەشیان لە ڕیگەش نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزدیی سەر بە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئازاد کراون، ئەوانی دیکەش تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، ژماره‌ی ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانەیشی کە تا ئێستا ئاشكرا بوون، 80 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ دەبن، ئەو مه‌زارگه‌ و شوێنه‌ ئایینییانەیش، كه‌ ته‌قێندراونه‌ته‌وه‌، 68 مه‌زارگه‌ن.

 

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending