English | عربي

کچانی گەرمیان ڕیزی پێشەوەی چایخانەکان دەگرن و بینەری فیلمە سینەماییەكانن


کچانی گەرمیان ڕیزی پێشەوەی چایخانەکان دەگرن و بینەری فیلمە سینەماییەكانن

2019/08/11 | 21:25

(هەواڵ كوردستان)- خەندان-نیگار عومەر ئەگەرچی ساڵانی ڕابردو کچان بەڕۆژیش نەیاندەتوانی بەشداری لە سەیرکردنی فیلمی سینەماییدا بکەن، لەئێستادا کچانی گەرمیان بە شەوان ڕیزی پێشەوەی چایخانەکان دەگرن بۆسەیرکردنی فیلمی سینەمایی.لەكاتێكدا داب ونەریتی گەرمیان زۆرجار ڕێگر و بەربەست بوە بۆ هاتنەپێشەوەی کچان و ژنان لەسەرجەم کایەکاندا و ئامادە بونیان لەشوێنێکی وەك چایخانەدا ڕێگە پێنەدراو بوە، بەڵام کچان لە ئێستادا ئەو ڕێگریەیان شكاندوە بە شەو لەڕیزی پێشەوەی چایخانەکانن و بۆ بینینی فیلم دادەنیشن.

لەیلا ئەحمەد، کچە چالاکوانی دانیشتوی کەلار، بۆ خەندان دوا و وتی: "ژنان زۆرجار بەهۆی دابوونەریتەوە نەیانتوانیوە ئەو جیاکاریەی نێوان پیاوان و ژنان تیکبشکێنن، بەشداری لەسەرجەم کایەکان و چالاکیە جیاوازەکاندا بکەن، ئێمە پیاوان وادەبینین کەتوندوتیژن و ڕێگرن، ئەگەرچی ئەمە هەر هەیە بەڵام زۆر جار ترسی خۆمان ڕێگرە لەبەردەم سەرکەوتن و تێکشانی جیاکاریانەدا".ئەو كچە چاكوانەی گەرمیان دەڵێت "بەشداری ئێمە لە ئەم شەوەدا کۆمەڵێك شتی دیکەی بۆ ڕونکردینەوە، بۆ خۆمان ئێمە یەکەمجارە كە بەشداری چالاکیەکی وا بکەین و ترسمان لەقسەی نێو کۆمەڵگە هەبو، بەڵام لەوێ زۆر ڕێزیان لێگرتین و زۆر دڵخۆش بون بەبەشداری ئێمە لەسەیر کردنی فیلمەکەدا".

لەیلا، باسی لەوەشکرد، "گرنگە ژنان لەم جۆرە فیلمانەدا بەشداربن و قسەی خۆیان هەبێت لەسەر ڕۆڵی ژنان لەفیلمەکاندا، چونکە زۆرجار پیاوان دەرهێنەری فیلمەکانن، باشتر وایە ژنان خۆشیان لایەنە جیاجیاکانی فیلمەکان ببینن".ژینۆ خەلیل، کچە چالاکوان، یەكێكی دیكەیە لەو كچانەی كە بینەری فیلمەكە بوە لە نێو چایخانەی میللەت-دا لە کەلار لە لێدوانێكیدا بۆ خەندان وتی: "ئێمە توانیمان ئەو بەربەستە بشکێنین کە چەندین ساڵە عەیبەیە کچان بچنە نێو چایخانەکانەوە، چونکە تا ئێستا ئەم شوێنه لەهەمو کوردستاندا بەشوێنێکی پیاوانە ناودەبرێت، ئێمە ئەم ڕێگەیەمان خۆشترکرد بۆ کچانی دیکە تا بتوانن بەشەوان بەشداری ئەم جۆرە چالاکیانه بكەن".

ئاماژەی بەوەشكرد "لە ئێستادا ڕوبەڕوی کۆمەڵێك قسەی نەشیاوی نێو پەیجەکان بونەتەوە، بەڵام ئەو وتانە کۆڵ بە ئێمە نادات و زیاتر سورمان دەکات بۆ دەستبردن بۆ کارە جیاوازەکان و تێکشکاندنی ئەو جیاکاریە ڕەگەزیە، هەروەکو لەڕابردودا کارمان کردوە بۆ خزمەتكردنی ژنان لەگەرمیاندا، بەهەمان شێوە بەردەوام دەبین".واحید کفری، دەرهێنەری کورتە فیلمی سینەمایی، لە لێدوانێكیدا بۆ خەندان باسی کارەکانی خۆی کرد و رایگەیاند : "وەك دەرهێنەری ئەو سێ کورتەفیلمەی کە لە چایخانەی میللەت پەخش کرا، یەکێکن لەو کارانەم کە زۆرترین خەڵاتی وەرگرتوە، بەشداری حەوت فێستیڤاڵم کردوە  تێیدا حەوت خەڵاتم وەرگرتوە كە شەش خەڵاتیان نێودەوڵەتین".سەبارەت بە ناوەرۆك  وبابەتی كورتە فیلمەكان ئەو دەرهێنەرە وتی "لەنێو ئەم فیلمانەی مندا باسی ئازار و کوڵنەدانی ژنانی گەرمیان كراوە، بۆیە بە گرنگی دەبینم ژنان خۆیان وجودیان هەبێت لە شوێنی پەخشکردنەکەیدا".لە دریژەی وتەكانیدا واحیدی کفری سەبارەت بە دوایین بەرهەمی خۆی بۆ خەندان دوا و وتی بە نیازی فیلمێکی دیکەیە بەناوی (زنجیرە درامای زامێکی قوڵ)، كە لە ئایندەدا کاری لەسەر دەکات، لەم فیلمەدا ژنان ڕۆڵی گرنگیان هەیە و باس لەوەدەكات چۆن کچێکی گەرمیانی و كەسوكاری ئەنفال ئازارەکانی ژیان کۆڵیان پێنادات.

xendan.blob.core.windows.net/root/root/images/1711820191







نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending