English | عربي

لە داستانی خواكوڕك پێشمەرگە شكستی بە گەورەترین سوپای عێراق ھێنا


لە داستانی خواكوڕك پێشمەرگە شكستی بە گەورەترین سوپای عێراق ھێنا

2019/08/14 | 10:45

(هەواڵ كوردستان)- K24 - ھەولێر

31 ساڵ بەسەر یەكێك لە داستانە بەناوبانگەكەی شەڕی بەرگری خەڵكی كوردستان تێدەپەڕێت، کە داستانی خواکوڕکە، ئەو داستانەی لە ماوەی46  رۆژدا، پێشمەرگەی كوردستان ھێرشێكی بەرفراوانی سوپای عێراقی تێكشكاند، كە جگە لە تۆپ و فڕۆكە، رژێمی ئەوسای عێراق چەكی كیمیاییشی بەكارھێنا، ئەو داستانە بە سەركردایەتی راستەوخۆی سەرۆك مەسعود بارزانی بوو، لە 14/8/1988، لە وتەیەكدا بۆ پێشمەرگەكان پێشبینی ئەوەی كرد دوای شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق- ئێران، بارودۆخی ئابووری و سیاسی عێراق تێكدەچێت و دۆزی گەلی كوردستانیش دەچێتە قۆناغێكی تازەوە.

لە 19 تەممووزی 1988 چەند ھەفتەیەک بەرلەوەی شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق - ئێران، بە تەواوی رابگیرێت، رژێمی بەعس ھێرشێکی بەرفراوانی بۆ ناوچە رزگارکراوەکانی شۆڕشی کوردستان لە دەڤەری خواکوڕک دەستپێکرد، بەڵام پێشمەرگەکانی لەشکری شۆڕشگێڕی کوردستان بە سەرکردایەتی راستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی لە رووی ئەو سوپایەی عێراق وەستانەوە کە ئەوکات بە پێنجەمین سوپای جیھان دادەنراو شەڕێکی بەرگری کەم وێنەیان ئەنجامدا.

 ئەو شەڕە بەرگرییە ھەتا 5ـی ئەیلوولی ھەمان ساڵ بەردەوام بوو.

دواتر بە داستانی خواکوڕک ناونرا.

شەڕی خواکوڕک شەڕێکی به‌ره‌یی 46 رۆژی بوو، کە سوپای عێراق تۆپخانە و فڕۆکەی جەنگی و تەنانەت چەکی کیمیاویشی تیدا بەکارھێنا.

لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگەکانی کوردستان خۆڕاگرانە توانیان زیانێکی زۆر بە ھێزە ھێرشبەرەکەی رژێمی عێراق بگەیەنن، شەڕەکەش لە رووی سیاسی و سەربازی و ستراتیژییەوە بایەخێکی مەزنی ھەبوو، چونکە پێشمەرگە دەسکەوتێکی زۆری لە چەک و تەقەمەنی ھەبوو.

لە رووی سیاسیشەوە پووچکردنەوەی ئەو خەونەی بەغدا بوو کە دەیویست وانیشان بدات بە وەستانی شەڕی عێراق ئێران، بەرگری و شۆڕشی کوردستانیش لەناو دەچێت، بەڵام بەرگری پێشمەرگە لە خواکوڕک زۆر لە ھاوکێشە و خەونەکانی حکوومەتی بەغدای لەناوبرد.

داستانی خواکوڕک نموونەیەکی شکۆداری کۆڵنەدان و ورەبەرزیی پێشمەرگە بوو، چونکە لەساتەوەختێکدا تۆمارکرا کە حکوومەتی عێراق زنجیرە ھێرشی ئەنفالە بەدناوەکانی دەستپێکردبوو و درێژەشی پێدەدا و شاری ھەڵەبجەیشی بە چەکی کیمیایی بۆردمان کردبوو.

بە ھەزاران گوندی کوردستانی کاولکردبوو، خەڵکەکەی ئاوارە و سەرنگووم کردبوو، ئاوەدانی و جەنگەڵەکانی چۆڵ و کانییەکانی ژەھراوی کردبوو، ھەر بۆیە پێشمەرگەکانی لەشکری شۆڕشگێڕی کوردستان لە خواکوڕکدا سەرکەوتنێکی وایان بەدەستھێنا کە بۆ باری سیاسی و سایکۆلۆژی کورد و شۆڕشەکەی زۆر پێویست بوو.

ئەو داستانە لە ناوچەیەکی بەرتەسکدا تۆمارکرا، کە حکوومەت زیاتر لە 15 لیوای سەربازی بەکارھێنابوو.

سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەنگەرەکانی خواکوڕکدا لە وتەیەکیدا بۆ پێشمەرگەکان پێشبینی ئەوەی کرد، لە ماوەیەکی نزیكدا زۆر شت روون دەبێتەوە و بارودۆخی ناوخۆ دەگۆڕێت، یا ئەوەیە دوژمن ناچار دەبێت لە بەرانبەر ئەم  جۆرە بەرگرییەی پێشمەرگەدا بە خۆیدا بچێتەوە، یان دەبێت دەست لە سوپاکەی بشوات.

سەرۆک مەسعود بارزانی لە وتەکانیدا پێشبینی کرد بارودۆخی عێراق پاش وەستانی شەڕ زۆر خراپ دەبێت و گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەیتییەکان و ئەو قەرزانەی لەسەر عێراقە، ئاریشەی مەزن بۆ رژێم دروست دەکەن.

داستانی خواکوڕک، تەنیا شەڕێکی بەرەیی و پارتیزانانەی پێشمەرگە نەبوو، بەڵکوو سەرکەوتنێکی سیاسیش بوو.

خواکوڕک بەرگرییەکی بێ وێنە بوو، چونکە لە ھەلومەرجێکی ناسکدا تۆمار کرا.

ئەو سەرکەوتنە لە کاتێکدا بوو کە سوپای عێراق لە دێوەزمەی شەڕی ھەشت ساڵە رزگاری ببوو، کە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیھان پشتیوانیان لێدەکرد.

حکوومەتی ناوەندی بەشێکی زۆری کوردستانی وێرانکردبوو، گوندەکانی چۆڵ کردبوو، کە جاران ببوونە پشتێنەیەکی دڵنیایی و ئەمنی بۆ پێشمەرگە.

لە داستانی خواکوڕکدا، پێشمەرگە توانی دیکتاتۆریەت بەچۆکدا بھێنێت و سەربەخۆیی خەباتی رەوای کورد و گیانی ئازایەتی و بەرگریی پێشمەرگەی بۆ ھەموولایەک دەرخست.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending