هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزیری دارایی: لەبارەی بودجە و نەوت و دانەوەی قەرزەکان لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتووین

وەزیری دارایی: لەبارەی بودجە و نەوت و دانەوەی قەرزەکان لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتووین
وەزیری دارایی: لەبارەی بودجە و نەوت و دانەوەی قەرزەکان لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتووین

2019-12-05 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

”بڕیارمان داوە رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بدەینە بەغدا“

وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی دانوستانەکانی شاندی حکوومەتی لەگەڵ حکوومەتی فیدرال ئاشکرا کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێک سەردانی بەغدایان کردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی ١٢ی ٢٠١٩، لە پرێس کۆنفرانسێکدا، ئاوات شیخ جەناب، وەزیری دارایی رای گەیاند، لەگەڵ بەغدا لەبارەی پرسی بودجە، نەوت و دانەوەی قەرزەکان ڕێککەوتوون و لە بەرامبەریشدا ”بڕیارمان داوە مانگانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بدەینە بەغدا“.

ڕوونیشی کردەوە کە ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەرلەمانی عێراقە و بەرپرسیارێتیی پەرلەمانتارانی کوردیشە کە ڕێککەوتنەکە بپارێزن. 

لەبارەی بەشداریکردنی شێخ باز بەرزنجی کە لە بواری وەبەرهێنان و کۆمپانیا نەوتییەکاندا ناسراوە، لە کۆبوونەوەکانی شاندەکەیان، وەزیری دارایی گوتی: ”بوونی شێخ باز وەکوو کەسێکی تەکنیکی بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو و سوودمان لێی بینی. خۆزگە چەند کەسێکمان بەو توانا و لێهاتووییە هەبووایە“.

ئاوات شێخ جەناب جەختی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەشت مووچەی تەواوی فەرمانبەران و ١٢ مووچەی خانەنشینانی لایە و لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر دانەوەی قەرزەکان ڕێککەوتوون.

لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانیشەوە ئاوات شێخ جەناب ئاشکرای کرد: ”کێشەمان بۆ دابەشکردنی مووچە نابێت،  بەغدا پابەند بێت بە ڕێککەوتن، کێشەی مووچە لە هەرێمی کوردستان نامێنێت“.

هەر لە پرێس کۆنفرانسەکەدا ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران رای گەیاند، بودجەی عێراق لە قۆناغی پڕۆژە ماوەتەوە و ڕوونی کردەوە بەپێی ڕێککەوتنەکە، قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق جێگیر دەکرێت. 

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە عێراق ٦٢ ملیار دۆلار قەرزی وەرگرتووە کە بەشێک لە قەرزەکان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە.

لەلایەن خۆشیەوە د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، رای گەیاند، داتاکانمان لەبارەی قەرزەکان دەخەینە بەردەم حکوومەت ئیتیحادی، دواتر لێژنە درووست دەکرێت و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.

سوپاسی حکوومەتی عێراقیشی کرد کە ڕێگەی بە هەرێمی کوردستان داوە، پیادەی مافێکی دەستووریی خۆی بکات و لە نووسینەوەی ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٠ی عێراقدا بەشداری بکات.

جەختیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە سەرجەم ئەم پابەندییانەوە کە دەکەوێتە سەر شانی.