English | عربي

په‌كه‌كه‌ چاودێریی سه‌ركرده‌ كورده‌ سوورییه‌كانی خۆی ده‌كات


په‌كه‌كه‌ چاودێریی سه‌ركرده‌ كورده‌ سوورییه‌كانی خۆی ده‌كات

2019/08/16 | 12:05

(هەواڵ كوردستان)- ئۆسی: سه‌بری ئۆك و ئاڵدار و باهۆز و ئه‌وانه‌یتر له‌ﻻیه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ ریسوا ده‌كرێن

نووسه‌ر و رۆشنبیرێكی ناسراوی رۆژئاوای كوردستان ئاشكرای كرد كه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) چاودێرییه‌كی توندی خستووه‌ته‌ سه‌ر سه‌ركرده‌ كورده‌ سوورییه‌كانی نێو حزبه‌كه‌.

هۆشه‌نگ ئۆسی، نووسه‌ر و رۆشنبیری ناسراو، له‌ وتارێكدا كه‌ به‌ناونیشانی (كوردانی سووریا له‌نێوان دوو پاشكۆ) بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، باسی له‌و تۆمه‌تانه‌ كردووه‌ كه‌ ئاراسته‌ی حزبه‌كانی رۆژئاوای كوردستان ده‌كرێت، له‌باره‌ی ﻻیه‌نگرییان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ هیچ كات پارتی و یه‌كێتی "رێگه‌یان به‌خۆیان نه‌داوه‌ بچنه‌ نێو دانوستان له‌باره‌ی چاره‌نووسی كوردی سووریا له‌گه‌ڵ رژێمی سووریا و دۆزی كوردی سووریایان بۆ حزبه‌كانی ئه‌و به‌شه‌ جێهێشت.

رێزێكی دیاریكراویش هه‌بووه‌ بۆ حزبه‌ كورییه‌كانی سووریا كه‌ مه‌یلییان به‌ﻻی هه‌ردوو حزبه‌ كوردییه‌ ناوهێنراوه‌كه‌یه‌".

له‌ به‌رامبه‌ردا په‌كه‌كه‌ وای له‌ كوردی سووریا كرد كه‌ "نه‌ك ته‌نیا بوونه‌ خانه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ و شوێنێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌سه‌دی باوك و كوڕ به‌ ته‌نیا، به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان و رۆژئاوا و ته‌نانه‌ت له‌ كاتی دانوستانه‌كانیشیاندا له‌گه‌ڵ توركیا".

ئۆسی ره‌خنه‌ی له‌ خۆی و كوردانی سووریا گرتووه‌ به‌وانه‌ی نێو په‌كه‌كه‌شه‌وه‌ گرتووه‌ و ئاماژه‌ی داوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك ئێستا بڕوات، چاره‌نووسی رۆژئاوای كوردستان هه‌روا له‌ژێر ره‌حمه‌تی "شكستی حزبه‌ كوردییه‌كان و دیكتاتۆری و ژێرده‌ستی و ره‌فتاره‌ خراپه‌ به‌رده‌وامه‌كه‌ی حزبه‌كه‌ی ئۆجه‌ﻻندا ده‌مێنێته‌وه‌".

هه‌ر له‌ وتاره‌كه‌یدا ئه‌و نووسه‌ر و رۆشنبیره‌ ناسراوه‌ ئاشكرای كردووه‌ كه‌ "شاهین و ئاڵدار و باهۆز و ناسر حاجی مه‌نسوور" و سه‌ركرده‌كانی دیكه‌ی كوردی سووریا، "ڕووبه‌ڕووی ریسواكردن ده‌بنه‌وه‌ له‌ﻻیه‌ن سه‌ركرده‌كانی قه‌ندیله‌وه‌".

نموونه‌شی به‌وه‌ هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ "شاهین باش ده‌زانێت دوایین جار كێ ریسوای كردووه‌؟ كه‌ی و له‌به‌رچی ریسواكراوه‌؟".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نووسینه‌كه‌شدا ئه‌وه‌ی نه‌شاردووه‌ته‌وه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ چاودێرییه‌كی نهێنیی چڕی سه‌ركرده‌كانی خۆی ده‌كات كه‌ كوردی سووریان و ده‌ڵێت: "له‌و چاودێرییه‌ تونده‌ تێپه‌ڕیوه‌ كه‌ توركه‌كان به‌سه‌ ئۆجه‌ﻻندا سه‌پاندوویانه‌".

هۆشه‌نگ ئۆسی باسی نامه‌یه‌كی خۆی له‌ ساڵی ٢٠١١ بۆ هه‌ریه‌ك له‌ (رۆسته‌م جودی و شاهین جیلۆ)، سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه‌ كردووه‌ كه‌ هاوكات ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ش بووه‌ و تێیدا گوتوویه‌تی: "به‌ لوبنانیكردنی كوردستانی سووریا ره‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌، به‌كارهێنانی چه‌ك له‌ ناكۆكیی سیاسی ره‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌".

به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا په‌كه‌كه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تباری كردووه‌ كه‌ گوایه‌ بڕیاری چوونه‌ پاڵ دوژمنانی حزبه‌كه‌ و دۆزه‌كه‌ی داوه‌ و ده‌یه‌وێت درز بخاته‌ نێو ریزه‌كانی حزبه‌كه‌.

له‌ كۆتاییشدا هۆشه‌نگ ئۆسی ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌تا ٨ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و نامه‌یه‌دا تێپه‌ڕیوه‌.

ئێستا كێ خۆی به‌ رژێمی سووریا فرۆشتووه‌؟ ئایا چوومه‌ نێو ئیئتیلاف؟ ئاسا سازشم كرد و ئاگربه‌ستم كرد و ده‌ستبه‌رداری بیروباوه‌ڕ و ره‌خنه‌كانم بووم له‌گه‌ڵ هه‌ر ﻻیه‌نێك یان رژێمی حوكم یان هه‌ر حزبێك؟".

دووپاتیشی كردووه‌ته‌وه‌: "٨ ساڵ له‌ وێرانكاری و خوێنڕشتن و گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكردن و ئاگر و ئاسن و به‌فیڕۆدانی خوێن و كه‌رامه‌ت تێپه‌ڕی كه‌ PYD-PKK كردی، له‌ كاتێكدا به‌ درێژایی ئه‌و ٨ ساڵه‌دا هه‌موو ره‌خنه‌كانم نه‌بوونه‌ هۆی برینداربوونی په‌نجه‌ی یه‌ك كه‌س له‌وان".

بۆیه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ویژدانی به‌رامبه‌ر مێژوو و به‌رامبه‌ر به‌ قوربانییه‌كان ئاسووده‌یه‌، به‌ڵام ده‌پرسێت: "ئه‌ی چی له‌باره‌ی ویژدانی ئه‌وانه‌ی كه‌ هێشتا سه‌رشۆڕ و زه‌لیلن؟".








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending