English | عربي

(باس) ڕێككه‌وتنێكی نێوان چوار هێز و حزب له‌ شنگال ئاشكرا ده‌كات


(باس) ڕێككه‌وتنێكی نێوان چوار هێز و حزب له‌ شنگال ئاشكرا ده‌كات

2019/08/21 | 17:15

(هەواڵ كوردستان)-  

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست هه‌فته‌نامه‌ی (باس) كه‌وتوون، هه‌ریه‌كه‌ له‌ حزبه‌كانی (دیموكراتی ئێزدی، ئازادی و دیموكراتیی ئێزدی و (پێشكه‌وتنی ئێزدی) و (بزاڤی ئێزدی بۆ چاكسازی و پێشكه‌وتن) له‌ قه‌زای شنگال، هاوپه‌یمانیێتییه‌كان پێك هێناوه‌ و داوایان له‌ حكوومه‌تی عێراق كردووه‌، ئیداره‌یه‌ك بۆ شنگال دابمه‌زرێنێت. هاوكات هه‌ر چوار لایه‌ن له‌سه‌ر پیكهێنانی هێزێكی سه‌ربازیی له‌ناو شنگال ڕێك كه‌وتوون، بەڵام فەرماندەی هێزی پێشمەرگە دەڵێ کێشەکانی شنگال لەو هاوپەیمانییە گەورەترن.

به‌پێی زانیارییه‌كانی هه‌فته‌نامه‌ی (باس)، چوار لایه‌نه‌كه‌ له‌ پیكهێنانی هێزه‌ سه‌ربازییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێك كه‌وتوون، كه‌ 50%ی هێزه‌كه‌ له‌ خۆیان و 50%یشی له‌ خه‌ڵكی شنگال بێت، هاوکات له‌سه‌ر كورسیی كۆتای ئێزدییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕێك كه‌وتوون، بۆ ئه‌وه‌ی كورسییه‌كه‌ بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بێت.

په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته‌، قاسم ده‌ربۆ، فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ شنگال، به‌ هه‌فته‌نامه‌ی (باس)ی ڕاگه‌یاند: "كێشه‌ی شنگال له‌ پێكهێنانی هاوپه‌یمانیی نێوان ئه‌م ده‌سته‌ و گرووپ و ئه‌و هێز و تاقم گه‌وره‌تره‌، چونكه‌ شنگال ئێستا پێویستی به‌ به‌رقه‌راركردنی ئارامی و ئاسایش و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌.

شنگال و خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ پێویستیان به‌ هاوپه‌یمانێتیی ئه‌م ده‌سته‌ و ئه‌و گرووپ و ڕێككه‌وتنی ئه‌م هێز و ئه‌و ته‌ڤگه‌ر نییه‌، به‌ڵكوو پێویستیان به‌وه‌یه‌ كه‌سێك خۆی به‌ خاوه‌نی خه‌م و ئێش و ئازار و داخوازی و مافه‌كانیان بزانێت.

بۆیه‌ ئه‌م جۆره‌ ڕێككه‌وتنانه‌ هیچ سوود و كاریگه‌رییه‌كیان نییه‌ و نابێت و هیچ هێزێك و هاوپه‌یمانییه‌تیێك به‌ ته‌نیا ناتوانێ شنگال له‌و دۆخه‌ ڕزگار بكات، به‌ڵكوو ده‌ڤه‌ره‌كه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ پێویستیان به‌ هاوكاریی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌.

كێشه‌ی شنگال به‌وه‌ش چاره‌سه‌ر ناكرێت، چه‌ند كه‌سێكی هه‌لپه‌رست و به‌رژه‌وه‌ندخواز بۆ مووچه‌ بچنه‌ په‌رله‌مانی عێراق، به‌ڵكوو پێویستی به‌ چاره‌سه‌ری ڕیشه‌ییه‌".

 ده‌ڕبۆ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كیی شنگال و ده‌ڤه‌ره‌كه‌، كاركردنه‌ له‌سه‌ر به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی كه‌یسی جینۆسایدكردنه‌كه‌ی و قه‌ره‌بووكردنەوه‌ی قوربانییه‌كانی، هه‌نگاونانی جدییه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ئارامی و ئاسایش، به‌داوی ئه‌ویشدا گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیداره‌ی شه‌رعی و جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌ له‌ بواره‌كانی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی و ڕێگاوبان، كه‌ هیچ كام له‌م كێشانه‌ به‌ هێزگه‌ل و هاوپه‌یمانییه‌تیێك چاره‌سه‌ر ناكرێن، كه‌ ده‌سه‌ڵات و توانای ئه‌وه‌یان نییه‌ دارێك بۆ شنگال بخه‌نه‌ سه‌ر به‌ردێك و گو‌تی: "ئه‌وه‌تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، له‌وه‌ته‌ی ئیداره‌ی شه‌رعی له قه‌زاكه‌ نه‌ماوه‌، هه‌ر هاووڵاتییەكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌، چ ئه‌وانه‌ی له‌ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌ییدان له‌ هه‌رێمی كوردستان، ته‌نانه‌ت به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌ ناچاریی گه‌ڕاونه‌ته‌ سه‌ر زێد و ماڵی خۆیان، بۆ ڕاییكردنی هه‌ر كار و مامه‌ڵه‌یه‌كی فه‌رمی، ده‌بێ بێنه‌ ناحیه‌ی فایده‌ و سه‌ردانی ئیداره‌ی شه‌رعی بكه‌ن".‌

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، خه‌یری زیبان، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شنگال، ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی ئیداریی قه‌زاكه‌ ده‌ڵێت: "له‌بنه‌ڕه‌تدا شنگال ئیداره‌یه‌كی شه‌رعیی خۆی هه‌یه‌، كه‌ هه‌ڵبژێردراوی ویست و ئیراده‌ی خه‌ڵکەكه‌یه‌تی، بۆیه‌ دانانی هه‌ر پلان و به‌رنامه‌یه‌ك به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕا و هه‌ڵوێست و بڕیاری ئیداره‌ی شه‌رعی، هیچ سوود و به‌هایه‌كی نییه‌ و نابێت.

بۆیه‌شه‌ ئه‌و هێزانه‌ی به‌زۆر خۆیان به‌سه‌ر ده‌ڤه‌ركه‌دا سه‌پاندووه‌، له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئیداره‌ شه‌رعییه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.

له‌ حاڵه‌تێكیشدا ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه‌ی به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی ڕه‌وشی قه‌زاكه‌ و ده‌ركردنی هێز و گرووپه‌ میلیشیایی و نایاساییه‌كان جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ ئه‌م پلانانه‌ شكست دێنن.

بۆیه‌ له‌ هه‌موو دۆخێكدا، پاراستنی داموده‌زگا شه‌رعییه‌كان ئه‌ركی حكوومه‌تی عێراقه‌ و دواجار هه‌ر ده‌بێت دۆخه‌كه‌ به‌ باری ویست و ئیراده‌ی خه‌ڵك و ئه‌و ئیداره‌یه‌ ته‌واو بێت، كه‌ خه‌ڵك هه‌ڵیبژاردووه‌ و نوێنه‌رایه‌تیی ماف و داخوازییه‌كانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن".

زیبان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێستا به‌هۆی بوونی هێز و گرووپی میلیشیایی و نایاسایی، ئیداره‌یه‌كی ناشه‌رعی، خۆی به‌سه‌ر‌ شنگالدا سه‌پاندووه‌، كه‌ هه‌موو كارێكیان به‌ ئاراسته‌ی دروستكردنی زیاتری پشێوی و ئاڵۆزی و تێكدانی ئاشته‌وایی و به‌یه‌كه‌وه‌ژیانه‌ و ده‌شڵێت: "ئه‌و گرووپ و هێزه‌ میلیشیایی و نایاساییانه‌ و به‌تایبه‌تی حه‌شدی شه‌عبی و په‌كه‌كه‌، نایانه‌وێ دۆخی ناوچه‌كه‌ ئاسایی ببێته‌وه‌، چونكه‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان ناكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، دوا چاره‌سه‌ر هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت، كه‌ ئیداره‌ی شه‌رعی بگه‌ڕێته‌وه‌ قه‌زاكه‌ و ده‌وروبه‌ری، ئه‌و كاته‌ش كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی نزیك ده‌بینه‌وه‌، كێ توانیی له‌ پرۆسه‌كه‌دا ئیداره‌كه‌ بباته‌وه‌، ئێمه‌ پشتیوانیی ده‌كه‌ین".

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending