English | عربي

ئابووریناسێک: پێویستە یاساكانی تایبەت بە كەرتی تایبەت هەموار بكرێنەوە


ئابووریناسێک: پێویستە یاساكانی تایبەت بە كەرتی تایبەت هەموار بكرێنەوە

2019/08/22 | 15:55

(هەواڵ كوردستان)- "دەبێ کار بکرێت خەڵک متمانەی بە کەرتی تایبەت هەبێت"

شارەزایەكی بواری ئابووری بە پێویستی دەزانێت كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕووئیای ئابووری و سیستەمی ئابووری لە هەشت كابینەكەی پێشووی جیاوازتر بێت، بۆ ئەوەی خەڵك لە مووچەخۆرەوە هان بدرێت بۆ ئەوەی لە كەرتی تایبەتدا كار بكات و بەرهەمی خۆی هەبێت.

 

هۆشمەند ڕەفیق، شارەزای بواری ئابووری و مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین بە  (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دەبوو هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم لە كابینەكانی پێشوو بە ئاراستەی  سیستەمی سەرمایەداری یان سیستەمی تێكەڵاو ببوایە، لەبەر ئەوەی ڕوئیای جیاواز نەبووە و هەموو پلانەكان تێكەڵ بوون، بەڵام پێویستە كابینەی نۆ جیاواز بێ و فەلسەفەیەكی ئابووری جیاوازی هەبێت بۆ ئەوەی بەرەو سیستەمی ئابووریی سەرمایەداری، یان تێكەڵاو بڕوات، پێموایە سیستەمی ئابووریی تێكەڵاو بۆ هەرێمی كوردستان باشترین شتە، گرنگتر لەوە سازكردنی زەمینە و هەمواركردنەوەی یاساكانی تایبەت بە پرۆژە و كۆمپانیاكان و گەشەستەندنی كەرتی تایبەتە، لەبەر ئەوەی ئاستەنگی زۆر بۆ كەرتی تایبەت هەیە".

 

ئەو شارەزایەی بواری ئابووری بە باشی دەزانێت: "حكوومەتی هەرێم ڕێگری لەو كەسانە بكات، كە لە دەسەڵاتن و كاری بازرگانی دەكەن، دەبێ بە یاسا ڕێك بخرێت و بەرپرس و كەسە نزیكەكانیان ڕێگە نەدرێن كۆمپانیا و پرۆژەیان هەبێت، لە وڵاتانی ئەورووپایی بازرگانەكان لە پشتی سیاسییەكانن، كەچی لە هەرێم سیاسییەكان لە پشتی بازرگانەكان و پێویستە كابینەی نوێ ڕێگری لەمە بكات و ئەوەش ڕێخۆشكەر دەبێ بۆ ئەوەی كە كەرتی تایبەت  بەرەو گەشەسەندن بڕوات".

 

ئەو شارەزایەیە ئابووری ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەگەر هات و ئەوانەی لە حكوومەتن و ئیشی كارگێڕیی خۆیان بكەن، ئەوانەش کە بازرگانی دەكەن، بە بێ دەستێوەردان ئیشی خۆیان بكەن، ئەوا كەرتی ئابووریی هەرێمی كوردستان گەشەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت".

 

هۆشمەند ڕەفیق گوتیشی: "خۆدزینەوە لە باج لە هەرێمی كوردستان ئێجگار زۆرە، بەشی زۆری كۆمپانیا زەبەلاحەكان لەبەر ئەوەی كەسانی باڵا لە پشتیانە باج نادەن، ئەوەش وا دەكات سەرچاوەی داهاتی هەرێم كەم ببێت، بۆیە ئەگەر ڕێگە خۆش كرا بۆ ڕسوومات و ڕێژەی باج لەسەر كۆمپانیا گەورەكان زیاد بوو، ئەوا داهاتیش زیاد دەكات، بەوەش كەرتی خزمەتگوزاریی پرۆژەكانی تایبەت و گشتی زیاد دەكات و سەقفی خزمەتگوزارییە گشتییەكان لە هەرێم بەرەو پێش دەچێت و خۆشگوزەرانی دروست دەبێت، كێشەی كەرتەكانی دیكەش كە ئێستا هەن چارەسەر دەبن".      

 

ئەو مامۆستایەی زانكۆی سەلاحەدین بە پێویستی دەزانێت ئاسانكاری بۆ كاركردنی كەرتی تایبەت بكرێت، بۆ ئەوەی هەموو خەڵك بتوانن تێیدا بەشداری بكەن، هانی خەڵك بدرێت بۆ ئەوەی لەبری كەرتی گشتی و دامەزراندن زیاتر متمانەیان بە كەرتی تایبەت لا دروست ببێت و پشت بە خۆیان ببەستن، بۆیە بە دەستكاریكردنی یاساكان و هەمواركردنەوەیان خەڵكی زیاتر متمانەیان بە كۆمپانیا و كەرتی تایبەت دەبێت، ڕێگری لە دروستبوونی هەڵاوسان و فشاری سەر حكوومەتیش دەگرێت".








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending