هەواڵی کوردستان ئێستا

ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌
ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

2020-01-01 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info-  گردبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندانى مه‌ده‌نیانه‌ مافێكى ده‌ستوورییه‌، به‌ڵام به‌كارهێنانى توندوتیژى و په‌لاماردان و ڕه‌فتارى نابه‌رپرسانه‌ى به‌ئامانجگرتنى باڵیۆزخانه‌ و نێرده‌ دیپلۆماتییه‌كان، پێشهاتێكى مه‌ترسیداره‌. به‌ نیگه‌رانییه‌كى قووڵه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كانى ئه‌م دواییه‌ و په‌لاماردانى باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا ده‌ڕوانین كه‌ كارێكى به ‌ته‌واوى قبووڵنه‌كراو و ڕه‌تكراوه‌یه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى عێراق ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

ئه‌مه‌ریكییه‌كان هاوپه‌یمان و دۆستى عێراق و هه‌رێمى كوردستانن و هاوبه‌شێكى سه‌ره‌كى بوون له‌ ڕزگاركردنى عێراق و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆرستانى قاعیده‌ و داعشدا. بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، هێشتاش عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێویستییان به‌ پشتگیرى و هاوكاریى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌.

نێرده‌ى وڵاتان و دیپلۆماتكاران میوانى عێراقن و ده‌بێ پارێزراو و ڕێزلێگیراو بن. داوا له‌ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان ده‌كه‌ین ئه‌ركى خۆیان له‌ پاراستنیان جێبه‌جێ بكه‌ن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن په‌لامارى باڵیۆزخانه‌ و دامه‌زراوه‌ و نێرده‌ دیپلۆماتییه‌كان بدرێت.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

1/1/2020