هەواڵی کوردستان ئێستا

کاوە عه‌لی: کیتی پشكنینى كۆڕۆنا نامێنێت و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیش زانیارى ناڕاست بڵاوده‌كاته‌وه‌

کاوە عه‌لی: کیتی پشكنینى كۆڕۆنا نامێنێت و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیش زانیارى ناڕاست بڵاوده‌كاته‌وه‌
کاوە عه‌لی: کیتی پشكنینى كۆڕۆنا نامێنێت و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیش زانیارى ناڕاست بڵاوده‌كاته‌وه‌

2020-07-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

له‌سه‌ر پشكنینه‌كانى ڤایرۆسى كۆرۆنا، جێگرى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، هۆشدارى ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت: شار دوای شار کیتی پشكنینى كۆڕۆناى لێ دەبڕێت و وەزارەتى ته‌ندروستیش تەنها زانیاری ناڕاست بڵاودەکاتەوە.

کاوە عه‌لی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاندووه‌، له‌ ئایندەیەكی نزیکدا شار دوای شار کیتی لێ دەبڕێت و وەزارەتى ته‌ندروستیش تەنها زانیاریەکی ناڕاست بڵاودەکاتەوە، چونکە بەحوکمی بوونی پشکنین ژمارەی تووشبوان ڕادەگەیەنرێت، ئەگەر بە رێگەی سی تی سکانیش کۆرۆنا دیاری بکرێت ناچێتە ناو داتاکانی وەزارەتی تەندروستی.

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕوو، ئەو داتایەنەی کە وەزارەتی تەندروستی ڕۆژانە بڵاویدەکاتەوە دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە نە وەزارەتی تەندروستی نە وەزارەتی دارایی نە حکومەتی هەرێم و نە حکومەتە خۆجێیەکان بەەهەموومانەوە بە پلان و لەسەر بوونی زانیاری ڕاست و پێویست کار ناکەین.

ده‌قى په‌یامه‌كه‌ى کاوە عه‌لی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە:

پێشنیار بۆ وەزارەتی تەندروستی ..

پێویستە ڕۆژانە لە لایەن لیژنەیەکی هاوبەشی بەسەرپەرشتی وەزارەتی تەندروستی وبەشداری وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی دارایی هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی سەرجەم زانیارییەکان بکەن!

وەزارەتی تەندروستی وەک لە پێناسەی وەزارەت هاتووە (بەرپرسە لە چاودێری کردنی ڕەوشی تەندروستی هەموو هەرێمی کوردستان) .... نەک تەنها شارێک یان پارێزگایەک و دووان .....

لەسەر وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانە کە تەنها ڕۆڵی بینەر نەبینێت، تەنها داتا داغڵ نەکات، لە دروستی زانیاریەکان دڵنیا بێت،ئەکەر لە ڕووی تەندروستیەوە شوێنێکی ئەم هەرێمە پێویستی بەدەمەوە چوونە بە ئاگا بێت لەو شوێنە، هاوکارییە تەندروستییەکانی لە شوێنێک کەڵەکە و بەهەدەر نەبرێت و لە شوێنێکی تر ئەزمە و بێ پێداویستی بێت.

ئەو داتایەنەی کە وەزارەتی تەندروستی ڕۆژانە بڵاویدەکاتەوە دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە نە وەزارەتی تەندروستی نە وەزارەتی دارایی نە حکومەتی هەرێم و نە حکومەتە خۆجێیەکان بەەهەموومانەوە بە پلان و لەسەر بوونی زانیاری ڕاست و پێویست کار ناکەین بەداخەوە!

ئێمە لەپارێزگای هەڵەبجە نوسراومان ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندروستی کردوە، سەبارەت بەو شێوازی کارکردنەی ئەو وەزارەتە بەڕێزانە لەم مانگانەی ڕابردوودا بەرامبەر بە هەڵەبجە گرتویانەتە بەر،

ئەتوانم بڵێم لەهەموو کوردستان لە ڕووبەڕوو بوونەوەی کۆرۆنا لە مانگی پێنجەوە بێ پلانی هەیە ، دراوەتە دەستی واقع هاوشێوەی تەختەی سەر ئاو کەس نازانێت بەرەو کوێ دەڕوات ، ڕەوشەکە بێ پلان وبێ دەستکاری خاڵی لاواز و بێ دیاریکردنی شوێنی گرفت واقع چۆن بوو ئاوا دەڕوات ، واتە کەس نایەوێت دەستی لە چارەسەر هەبێت و هەمووی چاوی تەنها سنووری خۆی دەبینێت و بزانێت وەک تاقیکردنەوە ئەنجام چییە ئەوە ڕابگەیەنرێت و زوو زوو کەمتەرخەمیەکەش هەمووی بخرێتە ئەستۆی هاوڵاتیان کە پابەند نابن! بەڵێ ڕاستە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکان بەڵام هەمووی نییە ، ئایا ڕۆڵی وەزارەتەکان چییە لەم پشێوی و بێ پلانی دا ؟

هەموومان ئەوەمان بیرچووە ئەم پەتایە سەرەتا لە وهان لە چین دەستی پێکرد کە هەزاران کم لە کوردستان دوور بوو ، لە تەنها کەسێکەوە گەیشتە ١١ ملیۆن کەس، ئێستا پێمان وانەبێت ئەگەر لەشارێکی وەک سلێمانی یان هەڵەبجە زیاد بکات هەولێر و دهۆک و گەرمیان و ڕاپەڕین خۆیان بپارێزن سەلامەت دەردەچن! وە بەپێچەوانەوە لە دهۆک هەبێت لە هەڵەبجە و شارەکانی تریش سەلامەت نابن.

ئەوەی دەیبینین ئەم بۆچوونە ھەڵەیە کە حکومەتی هەرێم پیادەی دەکات کە شوێنێک تەشەنە دەکات لەبری بەدەمەوە چوون پەراوێز خستنی دەگیرێتە بەر! .

نموونەیەک لەو بێ سەروبەری و پشێویەی کە دەبینرێت و وەزارەتەکانی لێ ئاگادار کراوەتەوە بەتایبەت تەندروستی لەلایەن پارێزگای هەڵەبجە وە ئەویش پشکنینەکانە! ئەتوانم بڵێم لە هەرێم پاشا گەردانییە لەم بوارەدا!

چۆن؟

با سەیرێکی داتای ٣/٥/٢٠٢٠ بکەین بزانین بە چ شێوەیەکە! وە ئەو شێوەیە هەر بەردەوامە !

پشکنینەکان تا دوێنێ ١٤٠٦٣١ پشکنین بووە

هەولێر ٦٣٧٧٠

سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین ٤٤٦٤٢

دهۆک ٣١١٠١

هەڵەبجە تەنها ١١٠٨

بە پێی ڕێژە هەولێر لە %45,3
سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین لە %31,7
دهۆک لە %22,1

(هەڵەبجە لە ,%0,79واتە لە هەزار پشکنین تەنها هەشت.)

لەلایەکی ترەوە با سەیری ئەنجامەکانی پشکنینەکان بکەین

چەند پۆزەتیڤ هەبووە ؟

کۆی گشتی لەو پشکنینانە 6844 پۆزەتیڤ
هەولێر 1572 کەدەکاتە%2,5
سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین 4891,کە دەکاتە %11
دهۆک 183 دەکاتە %0,6 واتە لە هەزار شەش.

هەڵەبجە 198 دەکاتە%18

سەرەتا دەوترا بۆ هەر پشکنینێک پێویستی بە 140 دۆلار هەیە دواتر وترا پێویستی بە 100 دۆلار هەیە دواتر و ئێستا دەڵێن 40 دۆلار ! بە هەرحاڵ ئەگەر لە ڕۆژێکدا لە شوێنێک هەزار پشکنین بکرێت و تەنها پێنج پۆزەتیڤ هەبێت و ئەو بودجەیە ڕۆژانە بۆ ئەو شوێنانە خەرج دەکرێت !

بۆ ئامادە نیبن لە هەڵەبجە خەرج بکرێت کە جاری واهەیە لە ٣٠ پشکنین ١٤ پۆزەتیڤ هەبووە بۆ بودجەیەک بەو کەمیە بۆ هەڵەبجە قەیران و نەبوونی و قاتی و قڕییە!

ئەوە دووجارە بە هەوڵی خێرخوازان بەسوپاسەوە چارەسەری کیت بە کاتی دەکرێت! ئایا کار بەم شێوەیە دەڕوات! هەر تەکلیف لە خێرخواز و ڕێکخراوەکان بکرێت !

لەگەڵ ئەوەی ڕۆژی وا هەیە لە شوێنێک بەقەد چەند مانگێکی هەڵەبجە پشکنین دەکرێت و تەنها چوار تا پێنج پۆزەتیڤ هەیە و لە هەڵەبجە بۆ چەند ڕۆژێکە پشکنین ناکرێت ! و وەزارەتی تەندروستی مێشێک میوانی نەبووە ! و وەک ئەوەی پەیوەندیدار نییە بە وەزارەتەوە ! سوور دەزانن ئەگەر تەنها ڕۆژێک یەک شوێن کە پشکنینەکان بەو ژمارەیە پێویست نییە نەکرێت وە لەو کیتانەی لەبەردەستە لەوانەی وڵاتان پێشکەشی دەکەن ڕەچاوی ئەوە بکەن کە ژمارەی تووشبوان لە هەڵەبجە زۆر زیاترە بە پێی پشکنینەکان و ژمارەی دانیشتوانی...هتد بدرێتە پارێزگای هەڵەبجە! یان ئەو شوێنانەی کە پێداویستی زیاتریان ھەیە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی هەرێم ،چونکە نەکردنی پشکنین هۆکارێکە بۆ زیادکردنی بڵاوبوونەوەی پەتاکە!

ئایا دەوری وەزارەت تەنها بینین و تەماشاکەرە و هیچ دەسەڵاتی نییە لەشوێنێک بۆ شوێنێکی تر موادی پشکنین بگوازێتەوە! بەتایبەت لەم کاتەی کە کڕینی کیت لەدەرەوەی هەرێم دەبێت و تا گەیشتنی ئاساییە لە شارێک بۆ شارێکی تر کە پێویست ترە بنێررێت!

لەبیرمە کاتێک لە وهان بڵاوبوویەوە لەسەرتاسەری چین پزیشک و کارمەند و پێداویستی پزیشکی دەگەیەنرایە وهان و هەموو چین خۆیان بە بەشێک لە وهان دادەنا!

ئێستاش who و زۆر وڵات وەک چین و ئیتاڵیا و ئیمارات و...هتد بۆ پارێزگاری لە خۆی و نیشاندانی کاری مرۆڤانە و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی هاوکاری پزیشکی دەگەیەنێتە کوردستان ،بەڵام بۆ ئەبێت خۆمان بەدەم خۆمانەوە نەبین !

ئەم جارەش کێشەی کەمی کیت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە هەڵەبجە چارەسەر کرا ! بەڵام ئەگەر وەزارەتی تەندروستی پلانێکی باش دا نەنێت ئەوا هەوڵەکانی لە کوردستان بە هەدەر دەڕوات و لە ئایندەیەكی نزیکدا شار دوای شار کیتی لێ دەبرێت و وەزارەتیش تەنها زانیاریەکی ناڕاست بڵاودەکاتەوە ،چونکە بەحوکمی بوونی پشکنین ژمارەی تووشبوان ڕادەگەیەنرێت، ئەگەر بە رێگەی سی تی سکانیش کۆرۆنا دیاری بکرێت ناچێتە ناو داتاکانی وەزارەتی تەندروستی.