English | عربي

بۆچی ئاوارەکانی شنگال ناگەڕێنەوە زێدی خۆیان؟


بۆچی ئاوارەکانی شنگال ناگەڕێنەوە زێدی خۆیان؟

2019/08/28 | 16:15

(هەواڵ كوردستان)-

 

دهۆک-KDP.info- کێشەی ئاوارەبوون لە عێراق بووەتە کێشەی گەورەی بەردەم کابینەی تازەی حکوومەتی عێراق، ئاوارەکانی شنگالیش بەشێکن لەو کێشەیە، لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان و چەندین پرسی تر.

ئاوارەکان دەڵێن، ناوچەکەیان پڕە لە کێشە و کوسپ و تەگەرە بۆیە ناگەڕینەوە.

 

دوای پەلاماری داعش، بەگوێرەی ئەو داتایانەی بەڕێوبەرایەتیی کاروباری ئێزدییان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ناردوون، ٣٦٠ هەزار کەس لە شنگال ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و زۆربەشیان لە ١٠ کەمپی پارێزگای دهۆکدا نیشتەجێ کران.

 

"جگە لە زیانی گیانی، داعش ٨٥%ی شنگالی کاول کرد و هیچ شتێکی لە شنگالدا نەهێشت و ئەو خانووانەی ماویشن هەموویان بۆمبرێژ کراون." قایمقامی شنگال وا دەڵێت.

 

بە پێی قسەی فەرماندەیەکی پێشمەرگەی شنگال، ئێستا داعش بە ئاشکرا لە شنگال نییە، بەڵام بە نهێنی جووڵە دەکەن و لە خۆڕێکخستنەوەدان و هەرکاتێک دەرفەتیان بۆ هەڵکەوێت، هێرش دەکەن.

 

مانگێک کەمترە داعش هێرشی کردە سەر چیای شنگال و لە هێرشەکەدا ٨ چەکداریان کوژرا و هێرشەکەشیان پووچەڵ کرایەوە.

 

قاسم شەشۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت: "ئاسایشی شنگال لە دەست دەرچووە، کەس نازانێت کێ دێتە شنگال و ئێستا شنگال لە دەست کێدایە و داعشیش چەند جارێک هێرشی کردووە."

 

دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، حەشدی شەعبی ئیدارەی شەرعیی شنگالیان دەرکرد و ئیدارەیەکی سەر بە خۆیان لەوێ دانا.

ئەنجومەنی پاریزگای مووسلیش ڕایگەیاند، ئەوان ئیعتراف بەو ئیدارەیە ناکەن، چونکە هەڵبژێردراوی خەڵک نییە.

 

ئاوارەکان چی دەڵێن؟

 

ئێستا هێزەکانی سەر بە پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگالن.

ئاوارەیەکیش بە KDP دەڵێت: "بەو ڕەوشەی شنگال ناگەڕێینەوە.

شنگال بووەتە شوێنی تەسفیەی حساباتی هێزە بەکرێگراوەکان، هێزێکی زۆری لێیە، بەڵام ئاساییشی کەمە."

 

لەیس حسین، کە خۆی ئێستا لە کەمپی بێڕسفێ لە قەزای زاخۆیە، دەڵێت: "ئەوەی لە هەموویشی گرنگترە، هەبوونی شانە نوستووەکانی داعش لە باشووری شنگال و نەبوونی هیچ خزمەتگوزارییەکە."

 

بەگوێرەی داتاکانی ئەنجومەنی قەزای شنگال بەهۆی بۆمبی چیندراوەوە لە گوند و کۆمەڵگەکانی سەر بە قەزاکە، تا ئێستا ٢٠ کەس بوونەتە قوربانی.

ناسر شەهوانی، ئاوارەیەکی دیکەی شنگالە لە کەمپی ئێسیانی سەر بە قەزای شێخان نیشتەجێیە، دەڵێت: "ماڵەکانمان لە باشووری قەزای شنگالن، خانووەکانمان پاک نەکراوانەتەوە لە مین و تەقەمەنی و ڕەوشی ئێستای شنگال زۆر خراپە، هیچ خزمەتگووزاریی و پیداویستییەکی ژیانی تێدا نییە، بۆیەش ئێمە ژیانی کەمپەکانمان هەڵبژاردووە."

 

ترسی دووبارەبوونی کۆمکووژییەکە

 

ناڤین سمۆقی، کچە چالاکێکی شنگالییە و ئێستا لە کۆمەڵگای شاریا لە قەزای سێمێل ئاکنجیە، دەڵێت: "خۆمان نامانەوێت جارێکی تر ببینە قوربانی، دەمانەوێت ناوچەکانمان ئارام بن، بەڵام بەڕاست ئێستا ئەوەی لە شنگال دەگوزەرێت، مەترسییە لەسەر کۆمەڵگای ئێزدی."

 

ناڤین سمۆقی گوتیشی: "بڕوامان بەو هێز و میلیشیایانە نییە.

جگە لەوەش، خانووەکانمان خاپوور کراون و خزمەتگوزاری نییە، بۆیەش گەڕانەوە پێویستی بە زەمینەخۆشکردنە، بەڵام هیچ شتێکی ئەوها لە شنگال نییە."

 

لەیس حسێن دەڵێت: "ئێزدییەکان چیتر متمانەیان بەو عەرەبانەی دەورەپشتی شنگال نییە، چونکە ئەوان دەستیان بە خۆێنی ئێزدییان سوورە و ئێستا حکوومەتی عێراق ئەوانی هێناونەتە شنگال."

 

کــاروان بــاعەدری

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending