English | عربي

دلڤین خەڵەف: ئێستا کچانی شنگال لەناو چەقی شنگالدا دەڕفیندرێن



دلڤین خەڵەف: ئێستا کچانی شنگال لەناو چەقی شنگالدا دەڕفیندرێن


2019/08/28 | 23:35

(هەواڵ كوردستان)-

نوێنەری ئافرەتانی ئێزدی لە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بە (باس)ی ڕاگەیاند: ”ئئێستاش ئافرەتانی شنگال لە ڕەوشێکی سەخت و دژواردا دەژین، لەناو سەنتەری شنگال ڕەوشی ئافرەتان زۆر خراپە، ئەگەرچی ڕەوشی ئەوانەیش کە لە کەمپەکاندا دەژین، باش نییە، بەڵام هەر نا لەناو کەمپەکان ئارامیی و ئاسایش هەیە و ژن ناڕفێندرێن، بەڵام لەناو شنگال ئێستاش ژن و کچانی ئێزدی دەڕفێندرێن”.

دلڤین خەڵەف، نوێنەری ئافرەتانی ئێزدی لە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، سەبارەت بەو دەستە و تاقمانەی کچانی ئێزدی دەڕفێنن دەڵێت: ”پەکەکە ژمارەیەکی زۆر کچی ئێزدیی بردووە، من لەم قسەیەم 100% دڵنیام و زانیاری و بەڵگەم هەن.

بە چاوی خۆم و لەنزیکەوە ئەو کچانەم بینیون، کە پەکەکە بردوونی و مێشکی شوشتوونەتەوە.

باوەڕ ناکەم ئەو کچانە بە ویستی خۆیان و ڕەزامەندیی دایک و باوکیان لەناو شنگال بچنە ناو گرووپە چەکدارییەکان، ئیدی هەر گرووپێک و بە هەر ناوێکەوە بێت، چونکە ئەو کچانەی دەچنە ناویانەوە، ناتوانن بگەڕێنەوە و لەو نێوەدا تووشی کێشە دەبن“.

دلڤین دەبارەی ڕەوشی ئەو کچ و ژن و منداڵە ڕزگارکراوانەیش، کە تیرۆریستانی داعش ڕفاندبوونی، گوتی: ”ڕەوشی ئەوان لە بواری تەندروستی و دەروونی باش نییە، چونکە ماوەیک بەزۆر لەسەر ئایینی خۆیانەوە براونەتە سەر ئایینێکی تر، لەژێر جەور و ستەم و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا ژیاون، ئیدی هەموو ئەم شتانە کاریگەریی نەرێنیی تێ کردوون.

زۆر لەو منداڵانەی رزگار کراون و هێنراونەتەوە ناو کەسوکاری خۆیان، وەکوو پێویست ئاوڕیان لی نەدراوەتەوە و خەمیان لێ نەخوراوە، بۆ ئەوەی دۆخی ژیانیان بگۆڕێت و باشتر بکرێت.

پێویستە سەنتەری چارەسەری دەروونی و ڕاهێنانەوەی کۆمەڵایەتی لەناو کەمپەکاندا بکرێنەوە و خزمەتیان بکەن“. 

ئاشکرایشی کرد، 10%ی کچ و ژن و منداڵانی ئێزدی ناوێرن بگەڕێنەوە شنگال، ڕووی پرسیار لە هەر یەکێکیان بکەیت بۆ گەڕانەوە، بەتایبەتی کچ و ژنەکانیان، لە وەڵامدا دەڵێت: “بە هیچ شێوەیەک ئامادە نیم بچمەوە شنگال، چونکە ئارامی و ئاسایشی تێدا نییە و لە ژیانی خۆم دڵنیا نیم“.
نوێنەری ژنانی ئێزدی لە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەشڵێت: ”تا ئێستاش مەترسیی لەسەر ژیانی کچ و ژنانی ئێزدی لەناو شنگالدا هەیە، چونکە ئەو عەرەبانەی کاتی خۆی هاوسێی ئێمە بوون و لەگەڵ هاتنی تیرۆریستانی داعش، هاوکاریی تیرۆریستانیان کرد، ئێستا و دوای نەمانی داعش و خۆسەپاندنی بەزۆری دەستە و گرووپ و تاقمی میلیشیایی بەسەر قەزاکە و دەوروبەریدا، هەمان عەرەب گەڕوانەتەوە و هەر یەکەیان و بە ناو و دەمامکێکەوە، شوێنی خۆی لە ڕیزەکانی ئەم دەستە و تاقمانەدا کردووەتەوە.

جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە، هەتا ئەو ڕۆژەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و دەزگاکانی ئاسایشی هەرێم نەگەڕێنەوە شنگال و ئیدارەی شەرعیی نەکەوێتەوە کار، لەو باوەڕەدا نیم کچ و ژن و منداڵانی ئێزدی بگەڕێنەوە شنگال و دەڤەرەکە.

دلڤین لە درێژەی قسەکانیدا بۆ (باس)، لە پەیوەست بە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پشتیوانیکردنی ئێزدییەکان گوتی: ”سەرۆک بارزانی بەردەوام پشتیوان و هاوکاری کچ و ژنانی ئێزدی بووە، هەر خودی ئەو پشتیوانی و هاوکارییەی سەرۆک بۆ کچ و ژنانی ئێزدی وای کردووە، کە هەست بە ڕووسووری و سەربڵندی بکەین.

وەکوو تریش، ئەو خزمەتەی حکوومەتی هەرێم پێشکەشی ئێزدییەکان بە گشتی و کچ و ژنانی ئێزدی کردووە، وا دەکات هەمیشە هەست بەدڵنیایی و ئارامی بکەین“.

داڤین ڕەخنە لە حکوومەتی عێراقیش دەگرێت، بەوەی هیچ شتێکی بۆ کچ و ژن و منداڵانی ئێزدی نەکردووە و گوتیشی: ”ئەوە پێنج ساڵە لە ئاوارەیی، بە سەرما و گەرما لەژێر خیوەتەکاندا مەمرە و مەژی دەیگوزەرێنین، کەچی بەغدا لە ئاست ئێش و ئازارەکانی ئێمە بێدەنگە و هیچ هەڵوێستێکی نییە“.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending