English | عربي

سامان گەرمیانی: لەنێو یەکێتییەوە پروپاگەندە لە دژی خۆم و خێزانم بڵاو دەکرێتەوە


سامان گەرمیانی: لەنێو یەکێتییەوە پروپاگەندە لە دژی خۆم و خێزانم بڵاو دەکرێتەوە

2019/08/31 | 15:30

(هەواڵ كوردستان)- هۆکاری هێرشکردنە سەری بە ”ژانی کۆنگرە“ ناو دەبات

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، لەنێو حزبەکەیەوە پروپاگەندە لە دژی خۆی و خێزانەکەی بڵاو دەکرێتەوە و داوای کرد، لێژنەیەک بۆ دەرخستنی راستییەکان پێک بهێدرێت.

 

سامان گەرمیانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لە پەیامێکدا کە ئاراستەی جێگری سکرتێری گشتیی حزبەکەی، ئەنجومەنی سەرکردایەتی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی ناوەندیی کردووە، تێیدا ئاماژەی بە تۆمەتبارکردنی لەلایەن هەندێک کەسی نێو یەکێتییەوە داوە.

 

سامان گەرمیانی ڕای گەیاندووە: ”‎ماوەیەكە ژان و بایی كۆنگرە و هەستانەوەی یەكێتی کاریگەریی نەرێنی كردۆتە سەر چەندین نەیار و خۆ بەیارزانی نێو یەكێتی.

بەبێ لەبەرچاوگرتنی مێژوو و خەباتی من، هەستاون بە بڵاو كردنەوەی پڕوپاگەندە و درۆی بێبنەما لەسەر بەندە و خێزانەکەم“.

 

ئاماژەشی بەوە داوە کە ئەمە یەکەمجار نییە تۆمەتی ئاراستە دەکرێت، بەڵکوو پێشتریش کاتێک بۆ پۆستێکی باڵای حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان خۆی کاندید کردووە، ”تۆمەتباریان کردم بە هەڕەشە و پەلاماردان“، بەڵام دوای ئەوەی کۆسرەت ڕەسووڵ لێکۆڵینەوەی بۆ کردووە، ئەو بێتاوان دەرچووە.

 

سەرکردەکەی یەکێتی جەختی کردووەتەوە: ”ئێستاش کە بەرەو کۆنگرە دەڕۆین، بۆ جاری دووەم دەستکراوە بە هێرشێکیتر بەرامبەرم وەکوو بەشێك لە پیلانگێڕی بۆ تێپەڕاندنی دۆخی كۆنگرە و دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان دڵسۆزانی یەکێتییەکەمان، ئەمەش شێوازێکی زۆر قێزەونە بۆ بەدەستهێنانی مەرامە گڵاوەكانیان كە یەكێتی وەك كۆمپانیایەك ئەبینن بۆ تێركردنی ئارەزووەكانیان یاخود بۆ بەشبەشکردنی یەکێتییەکەمان و ڕێگریکردن لە پرۆسەی نوێبوونەوە و گەڕانەوە بۆ لوتکە“.

 

لە کۆتاییدا سامان گەرمیانی داوای کردووە، لێژنەیەک بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و ”بەسزاگەیاندنی تاوانبار و ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان“ پێک بهێندرێت.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending