هەواڵی کوردستان ئێستا

پرسەو سەردان و پەیوەندی كردن لەگەڵ ئەو كەسانە كە را جیاوازن لەگەڵمان

پرسەو سەردان و پەیوەندی كردن لەگەڵ ئەو كەسانە كە را جیاوازن لەگەڵمان
پرسەو سەردان و پەیوەندی كردن لەگەڵ ئەو كەسانە كە را جیاوازن لەگەڵمان

2020-07-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

لەبارەی پرسەو سەردان و پەیوەندی كردن لەگەڵ ئەو كەسانە كە را جیاوازن لەگەڵمان
لە روانگەی میتۆدگەریی فیقهی (میزان)ەوە، نەك وەك رەتدانەوە لەسەر جیاوازیی راو بۆچوون.

- دەڵێم: لەڕاستیدا پرسە، سەردان و پەیوەندیكردن، تەنانەت دۆعاو نزاكردن بۆ ئەوێكیتر لەلایەن ئەو كەسەوە كە نزاكە دەكات یان سەردانەكە دەكات، یان پەیوەندی كۆمەڵایەتی دەكات، ئەوا ئەم كارانە نابنە بەڵگە لەسەر رازیبوونی ئەو كەسە بە رێبازی ئەویتر، بەڵكو ئەمە لە كێشانەو تەرازووی پەیوەندی كۆمەڵایەتیدایە كە ئیسلام داوای دەكات، بەڵگەشمان بۆ ئەمە ئەو كارانەیە كە پێشەنگی باڵامان پێغەمبەری خۆشەویست (صلی الله علیە وسلم) پێیان هەستاوە، سەردانی نەخۆشیكردووە با موسڵمانیش نەبووبێت. (سەیری صەحیحی بوخاری فەرموودەی ژمارە (367) بكرێ‌)، هەروەها هەندێك لە هاوەڵە بەرێزەكانی وەك (أبی الدردا‌ء) كە سەردانی دراوسێ‌ جووەكەیی كردووە (سەیری مصنف إبن أبی شیبە ژمارە 11927) بكرێ‌).

- پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) بەهەمانشێوە رازیبووە لە كاری ئەو هاوەڵانە كە هەستاون بە دۆعاكردن بۆ كەسێكی بێباوەڕ (سەیری صەحیحی بوخاری فەرموودەی ژمارە 2156 بكرێ‌).
لەوەش زیاتر پێغەمبەری خۆشەویستمان كە (صلی الله علیە وسلم) بە بەزەیی بووە بۆ هەموو جیهانیان، لە كاتێكدا ئازاری زۆری چەشت بەدەست عەبدوالله كوڕی ئوبەی كوڕی سەللولەوە كە گەورەی دووڕووەكان بووە، ئەوەبوو كاتێ‌ كە مرد عەبدوالله ی كوڕی كە موسڵمان بوو داوای لە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) كرد كراسەكەی خۆیی بداتێ‌ تا بیكاتە كفنی باوكی، ئینجا داواشی لێكرد نوێژی مردوویشی لەسەر بكات، ئەویش نوێژی لەسەر كرد، ئالەوێدا عومەر توند عەباكەی پێغەمبەری (صلی الله علیە وسلم) گرت ئەوەش وەك ناڕەزاییەتییەك تا نوێژی لەسەر نەكات، پێغەمبەریش (صلی اللە علیە وسلم) فەرمووی: ((من خوای گەورە سەرپشكی كردووم، پێی فەرمووم: (أستغفر لهم أو لا تستغفر لهم، إن تستغفر لهم سبعین مرە فلن یغفر الله لهم....) )) تا كۆتایی فەرموودەكە كە لە صەحیحی بوخاریدا بە ژمارە (4670) هاتووە.

لە صەحیحی موسلیمدا لە فەرموودەی ژمارە (2774) حافیز ئیبن حەجەر دەڵێ‌: (پێغەمبەر –صلی الله علیە وسلم- ویستوویەتی دڵی قەومەكەی عەبدوالله كوڕی ئوبەی و كوڕە موسڵمانەكەشی بەلای خۆیدا رابكێشێ‌، هەروەها ئەو كەسێكی بە بەزەیی بووە...).
- مەبەستم لەم روونكردنەوەیەی سەرەوە ئەوەیە كە بڵێم دەرگای دڵدانەوەو پەیوەندی كۆمەڵایەتی مەسەلەیەكە جیاوازە لە مەسەلەكانی تر، لە ریوایەتێكی سەلمێنراودا هاتووە كە پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) فەرموویەتی: ((كراسی من بۆ ئەو لای خوا چ سودێكی هەیە، شەفاعەتی بۆ ناكات، بەڵكو هیواخوازم كە بەم كارەم هەزار كەس لە قەومەكەی موسڵمان ببن)).

منیش بەمە ویستم لێبوردەیی ئیسلام و كراوەیی و رەوشتە بەرزەكەی لەمجۆرە حاڵەتە مرۆییانەدا بخەمە پێشچاو.
بەڵام بۆ پرنسیپە نەگۆڕەكان كە لامان سەلماو و جێگیرن ئەوا بەویستی خوای گەورە بە هیچ جۆر لانادەین لێیان، لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە دامەزراومان بكات لەسەر رێبازی راستیی، لەسەر باوەڕی راست و دروست، لەسەر ئەنجامدانی كارێك كە گونجاو بێت لەگەڵ شەریعەت و رەوشتی بەرزدا، لەسەر ئیجتیهادی راست و شوێنكەوتنی پێغەمبەر كە بەزەییە بۆ هەموو جیهانیان.
ئامین یا ربّ العالمین