English | عربي

بۆ قەدەغەکردنى شوفێریی تاکسی لە فەرمانبەران و مووچەخۆران رێکارێکى تازە دەگیرێتە بەر


بۆ قەدەغەکردنى شوفێریی تاکسی لە فەرمانبەران و مووچەخۆران رێکارێکى تازە دەگیرێتە بەر

2019/09/03 | 10:15

(هەواڵ كوردستان)-

 

بۆ جێبەجێکردنى رێکارەکانى قەدەغەکردنى کارى تاکسی لە مووچەخۆران و بەشێکى فەرمانبەران، لە رێگەى تۆمارى بایۆمەترییەوە رێکارێک دەگیرێتە بەر.

هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاریی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، لە رێگەى سیستەمى بایۆمەترییەوە، پرسى قەدەغەکردنى کاری شۆفێریی تاکسی لە فەرمانبەران رێک دەخرێتەوە، گوتى: "تاکە شوێن بۆ ئەوەى دڵنیا بین کەوا کەسێک داواى مۆڵەتى شۆفێریى تاکسی دەکات و مووچەخۆر نییە، لە رێگەى بایۆمەترییەوە وردبینى و بەراوردى بۆ دەکرێت".

روونیشى کردەوە، وردبینکردنى بایۆمەتریى ئەو خەڵکە بۆ وەزارەتى ناوخۆ لە رێگەى فەرمانگەکەى ئەوان دەکرێت، گوتى: "ئێمە داتاى ئەو ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆرەمان لایە، سیستەمێکمان دروست کردووە بۆ وەزارەتى ناوخۆ، بۆ ئەوەى بتوانن ئەوانە ئاشکرا بکەن، کە رێنمایى قەدەغەکردنى کارى تاکسی دەیانگرێتەوە".

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە 31ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە نووسراوێک، کاری شۆفیریی تاکسیی بۆ گشت ئەفسەر و کارمەندانی میلاکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کارمەندانی میلاکی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و گشت هێزە چەکدارەکان و کارمەندانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم قەدەغە کرد، هاوکات کارى تاکسیی لە فەرمانبەرانى شارستانیى سەروو پلە 7یش قەدەغە کرد.

ئەفەندى روونى کردەوە، بۆ ئەوەى ژمارەی دروستى مووچەخۆران ئاشکرا بێت کەوا کارى تاکسی دەکەن، چاوەڕوانى رێکارێکن، گوتى: "ئەو کەسانەى داواى مۆڵەتى شۆفێریى تاکسی دەکەن، سەردانى ئێمە دەکەن بۆ تۆمارکردنیان و تێستکردنیان، ئەگەر سیستەمەکە رێگەى پێ بدات، ئەوا بۆى دەبێت شۆفێرى بکات و نووسراوى پێ دەدرێت، بەپێچەوانەشەوە لێى قەدەغە دەکرێت".

بەپێى رێنماییەکانى وەزارەتى ناوخۆ، فەرمانبەرانى پلە 6 و 5 و بەسەرەوە، مافى ئەوەیان نییە تاکسی لێ بخوڕن".

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری جەختى کردەوە، ئەوان سیستەمەکەیان ئامادەیە، بەڵام وەزارەتى ناوخۆ دەیەوێت پەرە بە سیستەمەکە بدەن، گوتیشى: "بڕیار بوو 15ى 9 وەزارەتى ناوخۆ دەست بە کارەکە بکەن، بەڵام رەنگە ماوەیەک دوا بخرێت، وەزیرى ناوخۆ باسى لەوە کردووە، مانگێکیش ئەو پڕۆژەیە دوابخرێت باشترە لەوەى بە کەموکوڕى جێبەجێ بکرێت".

زیاتر لە 80 هەزار تاکسی لە هەرێمى کوردستان هەیە، کە بەشێکی زۆریان لاى مووچەخۆرانە.

سەڵاح جەوهەر، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بە (باس)ى ڕاگەیاند، جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی کاری تاکسی لە فەرمانبەر و هێزەکانی ناوخۆ، پەیوەست کراوە بە دەستپێکردنى ئەو رێکارەى تۆماری بایۆمەترییەوە.

 

 

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending