English | عربي

پەرلەمانی كوردستان داوای تۆماركردنی سكاڵا له‌سه‌ر یاسایەكی دارایی عێراق دەكات


پەرلەمانی كوردستان داوای تۆماركردنی سكاڵا له‌سه‌ر یاسایەكی دارایی عێراق دەكات

2019/09/03 | 19:30

(هەواڵ كوردستان)-

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ لیژنه‌ی دارایى و كاروبارى ئابوورى له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی پرسی تۆماركردنی سكاڵایەكی یاسایی سه‌باره‌ت به‌ یاسای "الاداره‌ المالیه‌ العراقیه‌" كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی تۆماركردنی سكاڵای یاسایی له‌ دادگای فیدراڵیی عێراق له‌سه‌ر یاسای فیدراڵیی ناسراو بە "الاداره‌ المالیه‌ العراقیه‌" بۆ ساڵی 2019 تاوتوێ كرا، دوای گفتوگۆكردن و بیروڕا گۆڕینه‌وه‌، بڕیار درا داوا له‌ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بكرێت له‌سه‌ر ئه‌و مادانه‌ى كه‌ له‌ یاساكه‌دا هاتوون و تیایدا پێشێلی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان كراون، سكاڵای یاسایی تۆمار بكه‌ن.

هه‌روه‌ها به‌ پێی ماده‌ى (121)ى ده‌ستوورى عێراق، داوا له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بكرێت به‌ گوێره‌ی یاسای ژماره‌ (1)ى ساڵی 2005 كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات و به‌رگرى له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی كوردستان ده‌كات، له‌ دادگاى فیدراڵی سكاڵای یاسایی تۆمار بكات.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا راپۆرتی لیژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابووریى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ رۆڵى دیوانی چاودێریی دارایی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كرا و له‌مباره‌یه‌وه‌ لیژنه‌كه‌ به‌م بڕیارانه‌ى خواره‌وه‌ گه‌یشت:

یه‌كه‌م: رۆڵی دیوانی چاودێریی دارایی به‌ گوێره‌ی یاسای ژماره‌ 9ى ساڵی 2008 كارا بكرێته‌وه‌ و تێیدا ته‌واوى داموده‌زگاكانى هه‌رێم كه‌ ده‌چنه‌ ژێربارى چاودێریی داراییه‌وه‌ ده‌رگایان واڵا بێ.

دووه‌م: پۆستی سه‌رۆكی دیوان كه‌ له‌ 10/5/2018ه‌وه‌ ماوه‌ی یاسایی كۆتایی هاتووه‌ هه‌رچی زووه‌ په‌له‌ بكرێت له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته‌ و جێگرى سه‌رۆكی دیوانیش كه‌ تاكو ئێستا دانه‌نراوه‌ و به‌ به‌تاڵی ماوه‌ته‌وه‌ پڕ بكرێته‌وه‌.

سێیه‌م: هه‌رچی زووه‌ په‌له‌ بكرێ له‌ كردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی دیوانی چاودێریی دارایی له‌ پارێزگاكانی (دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌) كه‌ تا ئێستا له‌و دوو پارێزگایه‌ نییه‌، هه‌روه‌ها له‌ پارێزگای سلێمانى كه‌ دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هه‌یه‌ رێك بخرێ.

چواره‌م: داوا ده‌كه‌ین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و خه‌رجییانه‌ى له‌ ئه‌نجامدانى گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی بیانی ده‌یكات له‌ كاراكردنه‌وه‌ى رۆلی دیوانی چاودێریی داراییدا بكرێ و دیوانی چاودێریی داراییش رۆلی خۆی له‌ چاودێریكردنی داراییدا ببینێ.

پێنجه‌م: داوا له‌ وه‌زاره‌تی دارایی ده‌كه‌ین خه‌رجییه‌كانی دیوان دیاری بكرێ و به‌گوێره‌ی خه‌رجی بودجه‌یان بۆ سه‌رف بكرێ نه‌وه‌ك وه‌ك یارمه‌تى داواى خه‌رجى له‌ وه‌زاره‌تی دارایی بكات، ئه‌مه‌ش له‌پێناو پاراستنى سه‌ربه‌خۆیی دیوانه‌.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending