هەواڵی کوردستان ئێستا

بەوێنە.. شەشەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی بەڕێوە دەچێت

بەوێنە.. شەشەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی بەڕێوە دەچێت
بەوێنە.. شەشەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی بەڕێوە دەچێت

2019-12-05 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ئامەدەبوونی ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسوکارەکەی، چالاکییەکانی شەشەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی دەستی پێکرد و بڕیارە ژمارەیەک چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام بدرێن.

پەیامنێری (باسنیوز) لە شاری کەلار ڕای گەیاند "کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٥/١٢/٢٠١٩ بە گردبوونەوەی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنی و کەسوکارەکەی، چالاکییەکانی شەشەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی لە شاری کەلار دەستی پێکرد".

گوتیشی "کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش لە ھۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و ھونەری گەرمیان مەراسیمی سەرەکی ئەنجام دەدرێت  و تێیدا خەڵاتی ساڵانەی شەھیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی دابەش دەکرێت، کاتژمێر ٨.٣٠ خولەکی شەویش لە ژووری تایبەتی شەھیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی لە گەڕەکی سەرکەوتن مەراسیمێکی تایبەت بەڕێوە دەچێت".

کاوە گەرمیانی تەمەن ٣٥ ساڵ، ڕۆژنامەنوسێکی بوێر و دیاری گەرمیان بوو، ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ‌و ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی بووە، پەیامنێری ڕۆژنامەی (ئاوێنە) و ڕادیۆی (ئازادی) بووە لەگەرمیان، ھاوکات سەرنوسەری گۆڤاری (ڕایەڵ) بووە کە گۆڤارێکی سیاسی کۆمەڵایەتی گشتییە و مانگی جارێک لە گەرمیان دەردەچوو، خاوەنی کتێبێکیشە بەناوی (گەرمیان لەنێو بەڵگەنامە رەشەکاندا).

گەرمیانی لەژیانی پیشەیی خۆیدا چەندینجار ڕووبەڕوی گرتن و ئەشکەنجەدان و ھەڕەشەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەرپرسە حزبی و ئەمنیەکان بووەتەوە.

شەوی پێنج شەمە ٥ کانوونی یەکەم/دیسەمبەری ٢٠١٣، لە نێو ماڵی باوکی و لە ئامێزی دایکیدا لەگەڕەکی سەرکەوتنی شاری کەلار تیرۆر کرا.