English | عربي

ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی چەند تۆمەتبارێک رادەگەیەنێت


ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی چەند تۆمەتبارێک رادەگەیەنێت

2019/09/04 | 19:35

(هەواڵ كوردستان)- خەندان-بە رێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی چوار تۆمەتباری راگەیاند، كە بە كوشتنی هاوڵاتیەك تۆمەتبارن.

دەستیان هەبوە لە كوشتنی ئەو هاوڵاتیەی لەنێوان  گەڕەکی زێرینۆک-حاجی ئاوا تەقەی لێکرا

لە راگەیەندراوێكی بەڕیوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیدا كە وێنەیەكی دەست خەندان كەوتوە، دەستگیركردنی چوار تۆمەتبار راگەیەندراوە كە دەستیان هەبوە لە كوشتنی ئەو هاوڵاتیەی شەوی دوێنێ سێشەممە لەنێوان  گەرەکی زێرینۆک-حاجی ئاوای شاری سلێمانی تەقەی لێکرا و پاشان گیانیلەدەستدا.

پێشتر پلانیان بۆ كارەكە داناوە

لە راگەیەندراوەكەی ئاسایشی سلێمانیدا هاتوە "پاش وەرگرتنی بریاری دادوەر هێزەکانمان گەیشتونەتە شوێنی روداوەکە و دەستیانکردوە بە لێکۆڵینەوە، دواتر توانراوە لەماوەی یەک کاتژمێرو نیودا  یەکێک لە هاوکارانی  ئەو تاوانە  دەستگیربکەن و دانی بەوەداناوە کە تۆمەتباری سەرەكی روداوەكە پێشتر كێشەی لەگەڵ ئەو هاوڵاتیەدا هەبوە كە تەقەی لێكراوە، دواتریش لەگەڵ چەند كەسێك پلانیان داناوە ئەو كارە بە ئەنجام بگەیەنن".

پاش گەیاندنی  بۆ نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە

هەر بەپێی ناوەڕۆكی راگەیەندراوەكە "تۆمەتباری سەرەكی بەهاوکاری  چەند کەسێک بەرنامەیان دارشتوە و کاتژمێر 9:00ی شەوی(3/9/2019) بە ئۆتۆمبێلیکی  جۆری بی ئێم دەبڵیو، لە نێوان گەڕەکی زێرینۆک و حاجی ئاوا بەچەکی کڵاشینکۆف تەقەیان  لە (ر.

م.

ص) کردوە و پاش گەیاندنی  بۆ نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە".

توانیویانە تۆمەتباری سەرەکی  و  سێ لە هاوکارانی  لە بازگەی  سماقوڵی دەستگیربکەن

دوای ئەنجامدانی  ئەو تاوانە، ئاسایشی سلێمانی   بە رێنمایی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بە هاوکاری هێزەکانی  بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی  رۆژهەڵاتی هەولێر توانیویانە تۆمەتباری سەرەکی  و  سێ لە هاوکارانی  لە بازگەی  سماقوڵی دەستگیربکەن، لەکاتێکدا هەوڵیانداوە بەرەو شاری هەولێر هەڵبێن.

دەستگیراوە بەسەر پێنج ئۆتۆمبێل و سێ چەكدا

ئاماژە بەوەشكراوە، لە ئێستادا تۆمەتبارانی  ئەو تاوانە كە حەوت کەسن سەرجەمیان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سلێمانیەوە  دەستگیرکراون و توانرا وە لەو چالاكیەدا دەستبگیرێت بەسەر پێنج ئۆتۆمبێل لەگەڵ سێ چەک لەجۆری کلاشینکۆف و دەمانچە، کە تۆمەتبارەكان بەکاریانهێناوە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکەیان  و سەرجەمیشیان دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە و بەپێی بڕگەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی روبەروی یاسا کراونەتەوە.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending