هەواڵی کوردستان ئێستا

عێراق.. دوو فەرماندەی باڵای سەربازیی لە پۆستەکانیان لادران

عێراق.. دوو فەرماندەی باڵای سەربازیی لە پۆستەکانیان لادران
عێراق.. دوو فەرماندەی باڵای سەربازیی لە پۆستەکانیان لادران

2020-07-08 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

 وەزارەتی بەرگریی عێراق: "لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی لە دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکاندا ئەنجامی دەدات، بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی، فەریق روکن سەعد عەلاق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی زیقار، فەریق روکن جەمیل شەممەری لە پۆستەکانیان لادراون".

وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند کە لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی لە دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکاندا ئەنجامی دەدات زنجیرەیەک گۆڕانکاری گرنگ لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی کراوە کە لە میانیدا ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی لە پۆستەکانیان لادراون.

شارەزایانی ئەمنیی لە عێراق ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو گۆڕانکارییانەی کە سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی لە دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکاندا ئەنجامی دەدات، ئامانج لێی ئەوەیە ئەو دامەزراوانە نەکەونە ژێر کاریگەریی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.

بەپێی ئەو گۆڕانکارییە نوێیەی کە ئەنجامدراوە، هەریەک لە بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی، فەریق روکن سەعد عەلاق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی زیقار، فەریق روکن جەمیل شەممەری کە تۆمەتبارە بە سەرکوتکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران لە پۆستەکانیان لادراون.

لای خۆیەوە گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، عەمید یەحیا رەسول لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوی کردەوە کە فەریق روکن جەمیل شەممەری دوای لادانی لە پۆستی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی زیقار گواستراوەتەوە بەشی فەرماندەیی یەدەگ لە وەزارەتی بەرگریی، هەروەها فەریق روکن سەعد عەلاق دوای لادانی لە پۆستی بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی کراوە بە سەرۆکی زانکۆی بەرگریی.

راشیگەیاندووە کە هەر لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە نۆییەکەدا، لیوا روکن فائز مەعموری کراوە بە بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی، هەروەها عەمید حەمد جبوری بۆ بەڕێوەبردنی بەڕێوەرایەتی بەڵگەنامەکانی سەربازیی دەست نیشان کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەپێی فەرمانێک، سەرۆكی سندوقی بنیانتانەوەی شارە كۆنترۆڵكراوەكان، مستەفا هیتی لە پۆستەكەی لادا و لە شوێنی ئەو محەمەد هاشم عانی دەست نیشان كرد.

مستەفا كازمی كە لە حەوتی ئایارەوە بووە بە سەرۆكوەزیرانی عێراق، تا ئێستا چەندین گۆڕانكاری لە پۆستە ئیداریی، ئەمنیی و سەربازییەكاندا كردووە.