English | عربي

کرماشان.. شوێنەوارێکی چوار هەزار ساڵ دۆزرایەوە


کرماشان.. شوێنەوارێکی چوار هەزار ساڵ دۆزرایەوە

2019/09/07 | 14:35

(هەواڵ كوردستان)-

بەپێی زانیاریی میدیا خۆجییەکانی کرماشان، لە بەرزاییەکانی شاری "سەلاسی باوەجانی"ی سەر بە پارێزگای کرماشان، نەخش و نیگارێکی هەڵکۆڵراوی مرۆڤ کە نزیکەی چوار هەزار ساڵ پێشینەی هەیە، دۆزراوەتەوە.

 

لەمبارەوە ئومید قادری، بەڕێوەبەری بەریوەبەرایەتیی شوێنەوار و گەشتیاریی پاریزگای کرماشان بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە: "بەمدوایانە دوو نەخشی بەرجەستەی هەڵکۆڵراو لە شاخەکانی "ئەزگڵە"ی سەر بە سەلاسی باوەجانی دۆزراوەتەوە کە ئەگەری هەیە دیمەنی کاتی سەرکەوتنی "ئیدین سین" سەرۆکی دەوڵەتی "سیموروم" نیشان بدات".

 

ئاماژەی بەوەش کردووە ئەو نەخشە هەڵکۆڵراوە بەهۆی ئەوەی لەناو بەردەڵانێکدا هەڵکەوتووە کە بە قامیشەلان دەورە دراوە، بووەتە هۆی ئەوەی لەچاوی خەڵک بەدوور بێت.

 

سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن لەو ناوچەیە شەڕ و تێکهەڵچوونی زۆر لە نێوان دەسەڵاتدارانی "میزۆپۆتامیا" لەگەڵ دانیشتوانی زاگرۆس وەک "لۆلۆیی، گۆتی، کاسی و مادەکان" ڕوویان داوە.

 

بە گوتەی قادری ئەو نەخشە هەڵکۆڵراوە سەرکەوتنی شایەک نیشان دەدات کە دیلێک کەوتووەتە بن پای و خەریکە لێی دەپاڕێتەوە.

 

هاوکات لە یەکێک لە نەخشە هەڵکۆڵراوەکاندا هێما مەزهەبییەکانی میزۆپۆتامیاش پیشان دراوە.

 

شاری سەلاسی باوەجانی بە ٣٨ هەزار دانیشتوو لە ١٣٨ کیلۆمەتریی ڕۆژئاوای کرماشان هەڵکەتووە و هاوسنووری هەرێمی کوردستانە.

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending