English | عربي

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌


روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

2019/09/07 | 21:35

(هەواڵ كوردستان)- K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ڵامی میدیا عه‌ره‌بی و لۆكاڵییه‌كان ده‌داته‌وه‌، كه‌ له‌ چه‌ند راپۆرتێكدا باسیان له‌ "بوونی نزیكه‌ی 5 هه‌زار ده‌ستگیركراوی كه‌ركووك" كردووه‌ له‌ هه‌ولێر و سلێمانی.

له‌و باره‌یه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و میدیایانه‌ كۆمه‌ڵێك زانیاری و ژماره‌ی چه‌واشه‌كاری و نادرووستیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش پشتیان به‌ لێدوان و قسه‌ی دوور له‌ راستی و نابه‌رپرسانه‌ی كه‌سانێك به‌ستووه‌، كه‌ به‌رده‌وام بێده‌نگ بوونه‌ له‌ بارودۆخه‌ سه‌خته‌كان، ته‌نانه‌ت له‌و كاتانه‌ی كه‌ ناوچه‌كه‌ خه‌ریك بوو بكه‌وێته‌ بنده‌ستی دڕنده‌ترین دوژمن له‌ مێژووی نوێی مرۆڤایه‌تی كه‌ (داعش) بوو، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش نه‌بووایه‌.

وه‌زاره‌تی ناوخۆ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و راپۆرتانه‌ قه‌وانی سواون و ناوه‌ ناوه‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌.

داواش له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌كات به‌ ته‌واوی ئاراسته‌كانیان، به‌ر له‌ دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرتانه‌ ورد بن كه‌ پێشوه‌خته‌ له‌لایه‌ن كه‌سانێك ئاماده‌كراون و ده‌یانه‌وێ ناوبانگی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بشێوێنن.

له‌و روونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، بانگه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی دانیشتووانی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌ له‌ به‌ندیخانه‌كانی هه‌رێم دوورن له‌ راستییه‌وه‌ و هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه‌، ده‌رگای به‌ندیخانه‌كانیش له‌به‌رده‌م رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان و مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی و لۆكاڵی كراوه‌یه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.

وه‌ك له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌: "به‌داخه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌و جۆره‌ تۆمه‌ته‌ بێبنه‌مایانه‌ ده‌به‌خشنه‌وه‌، پشت به‌ بانگه‌شه‌ سواوه‌كانی كه‌سانی وه‌كو راكان جبووری ده‌به‌ستن، كه‌ ته‌واوی رێكاره‌كانی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور و یاسا و نه‌ریته‌كانه‌ له‌ ته‌عریب و ده‌ربه‌ده‌ركردن، داگیركردنی زه‌وی و زار و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی موڵك و ماڵی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركووك".

له‌ كۆتایی روونكردنه‌وه‌كه‌دا، وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌ڵێت: "بۆ هه‌موو لایه‌ك دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌و لێدوانه‌ نه‌رێنییانه‌، ته‌نها ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر خودی ئه‌وانه‌ هه‌یه‌ كه‌ بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌ و هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ئیراده‌ی ئێمه‌ نییه‌، به‌ڵكو پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی به‌هێزتر ده‌كات، هه‌ر وه‌كو به‌ڵێنماندابوو، هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌ لانكه‌یه‌كی ئارام بۆ هه‌موو چه‌وساوه‌كان به‌بێ جیاوازی".

ئ.

م








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending