English | عربي

د. ئارام: ساڵی داھاتوو ھەرێم تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بە خۆی دەبێ


د. ئارام: ساڵی داھاتوو ھەرێم تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بە خۆی دەبێ

2019/09/10 | 10:50

(هەواڵ كوردستان)-

هەولێر-KDP.info- كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان، دەستی بە ھەنگاوەكانی دروستكردنی تۆماری دەنگدەران كردووە، بەرپرسێكی كۆمسیۆنیش پێی وایە، ساڵی نوێ ھەنگاوی جیددی بۆ تۆماری دەنگدەران دەنێرێت.

دكتۆر ئارام نەجمەدین، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پارێزگای ھەولێری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشتر كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێمی كوردستان بڕیاری خۆی دابوو تا تۆمارێكی سەربەخۆی ھەڵبژاردن ئامادە بكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی باڵا پێك ھات، كارەكانی لیژنەكە كۆتایی ھات و دەرئەنجام گەیشتینە ئەو بڕیارەی ھەرێمی كوردستان پێویستی بە تۆماری سەربەخۆی دەنگدەران ھەیە".

بەرپرسەكەی كۆمسیۆن گوتیشی: "رۆژانی رابردوو شاندێكی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕی ئەو ناوانەی لە فۆڕمی خۆراك تۆمار كراون تا رادەستی كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی ھەرێمیان بكات، ھەتا ئەو رێكارانەیشی پێ گوتین كە ناوەكان بۆمان دەنێرنە ھەرێمی كوردستان".

دكتۆر ئارام ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە ھەر پشت بە تۆماری عێراق و فۆڕمی خۆراك نابەستین، چونكە پڕۆسەیەكی ھەستیاری گرینگە و پێویستی بە رێكاری دیكە ھەیە، لەوانەش ئەنجامدانی بایۆمەتریی دەنگدەران بۆ دەنگدەرانی ھەرێمی كوردستان، ھەرچەندە ئەمساڵ ئێمە نابین بە خاوەن تۆماری دەنگدەران، بەڵام ھەنگاوەكان دەست پێدەكەن و بۆ ساڵی نوێ قۆتاغی باش دەبڕین".

 

قائید میرۆ








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending