English | عربي

به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بۆ یادی پەنجاو هەشت ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول


به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بۆ یادی پەنجاو هەشت ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول

2019/09/10 | 16:50

(هەواڵ كوردستان)-

 

هه‌ولێر-KDP.info-  مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ یادی پەنجاو هەشت ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دا بەیاننامەیه‌كی راگه‌یاند كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

 

جەماوەری كۆڵنەدەری كوردستان

 

پێشمەرگە قارەمانەكان و تێكۆشەرانی دێرین

 

پەنجاو هەشت ساڵ لەمەوبەر، ئەو دەمەی جمهوریەتی نوێی عێراق پشتی لە بەڵێنەكانی كرد و پرنسیپی شەراكەتی كورد و عەرەبی لە دەستوری ئەوكاتی ووڵاتدا ژێرپێ نا و نكۆڵی لە مافەكانی كورد كرد و تەنانەت رێگاكانی خەباتی مەدەنی و دیموكراتی بەروودا داخست و بە ئاگر و ئاسن و لەشكركێشی مامەڵەی كرد، گەلی كوردستان و پێشڕەوەكەی (پارتی دیموكراتی كوردستان) بۆ رەتكردنەوەی ئەو واقیعە تاڵە و ئەو زوڵم و ستەمە، رێی خەباتی چەكدارییان گرتەبەر و شۆڕشی مەزنی ئەیلول هەڵگیرسا.

 

شۆڕشی ئەیلول بە پاڵپشتی هێزی گەل و بە رابەرایەتی سەركردەی ئەفسانەیی مستەفا بارزانی نەمر و بە پێشڕەوایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك بزوتنەوەیەكی رزگاریی نیشتمانی هاتە مەیدان و بە چەك و توانایەكی سنوردار و لە چیا سەكەشەكانی كوردستانەوە بانگەوازی حەق و رەتكردنەوەی ستەمی نەتەوەیی بە رووی رژێمێكی پڕ چەك و عەسكەرتاریدا راگەیاند، شۆڕش چونكە لەسەر حەق و خاوەن پەیامێكی رەوا بوو، توانی لە ماوەیەكی پێوانەییدا كۆی گەلی كوردستان بە جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و چینایەتی لە دەوری یەك ئامانجی پیرۆز كۆبكاتەوە و ببێتە رەشماڵی فراوانی هەموو نیشتمانپەروەران بە كورد و توركمان و كلدان سریان ئاشور، بە موسڵمان و مەسیحی و ئیزیدی، بە جوتیار و كرێكار و كاسبكار، بە خەڵكی لادێ و شار، بە ژن و پیاو، بە گەنج و پیرەوە.

 

شۆڕشی مەزنی ئەیلول گەرچی هاوشانی شەڕی چەكداری، بە درێژایی شۆڕش هیچ دەرفەتێكی دانوستانی رەت نەكردەوە و بە بەشێک لە درێژەدانی خەباتی دەزانی، بەڵام دەستی لە تفەنگ بەرنەدا و كۆڵی نەدا و نەسرەوت تا لە دواجاردا رژێمی نكۆڵیكاری ئەوكاتی ناچار كرد مل بۆ سەلماندنی ناسنامەی نەتەوەیی كورد و جوگرافیای كوردستان و بەدیهێنانی سەرەتای مافەكانی كورد لە رێككەوتننامەی یازدەی ئازاری ١٩٧٠دا كەچ بكات، ئەو رێككەوتننامەیەی بووە بەڵگەنامەیەكی مێژوویی و بناغەیەكی پتەو بۆ هەموو ئەو دەسكەوتانەی لەوەدوا بەدیهاتن.

ئەوەش یەكەمجار بوو كە شۆڕشێكی كوردستانی بتوانێ بە ئامانج بگات و دروشمی خۆی بێنێتەدی وسەركەوتنە سەربازییەكانی بكات بە دەسكەوتی سیاسی و مافی نەتەوایەتی و نیشتمانی بەدەست بهێنێ.

 

مەزنایەتی شۆڕش ئەیلول تەنیا لەوەدا بەرجەستە نەبووە كە شۆڕێك بوو توانی ئامانجی خۆی بەدیبێنێ، بەڵكو گەورەیی شۆڕش لەوەشدا بوو كە بوو بە قوتابخانەیەكی دەوڵەمەند بۆ پێگەیاندنی تێكۆشەران، بۆ پێگەیشتنی بیر و رێبازی كوردایەتی ئاوێتە بە دیموكراتخوازی و بەهاكانی سەردەم، بۆ پێشمەرگایەتی و نیشتمانپەروەری، بۆ تەجروبەی خۆبەڕێوەبردنی خۆماڵی لە رێی ئیدارەدانیی ناوچە ئازادكراوەكان كە رۆژ بە رۆژ فراوانتر دەبوون،  بوو بە قوتابخانەیەك بۆ پەروەردەی سیاسیی و سەربازی، بۆ ئیداری بۆ تێكۆشانی پیشەیی و رێكخراوەیی، بۆ ئامادەكردنی هەزاران كادری لێوەشاوە و لاوی بڕوا پۆڵایین كە بتوانن قۆناغەكانی دواتری خەبات درێژە پێبدەن.

لە هەموو ئەمانەش گرنگتر، شۆڕشی ئەیلول بووە كۆكەرەوەی هەمووان لە دەوری ناسنامەیەكی كوردستانیی فراوان كە پڕنسیپەكانی هاوچارەنوسی و هاونیشتمانی بنەماكانی بوون، ئەو بنەمایانەی كە تا ئەمڕۆش هەوێنی شەرعییەت و پێگەی رێزلێگیراوی دۆزی گەلەكەمانن لە جیهاندا.

 

شۆڕشی مەزنی ئەیلول بەرهەم و هەڵقوڵاوی هەناوی میللەت بوو.

پشت و پەناشی هەر رۆڵەكانی گەل و هێزی لەبن نەهاتووی خەڵك بوو، بۆیەش نسكۆ و پیلانەكان نەیانتوانی بیشكێنن.

هەر بە پشتیوانی گەل لە دوای نسكۆیەكی كاتی، دوبارە هەڵگیرسایەوە و بە هەمان باوەڕ و بە گوڕوتین و پلانێکی سەردەمی بۆ هەمان ئامانج كاروانی خەباتی درێژەپێدا و دۆزی رەوای كوردی بە زیندوویی هێشتەوە و قۆناغ بە قۆناغی بڕی تا بە ئەمڕۆ گەیشتین.

 

ئەمڕۆ كە یادی پەنجاو هەشت ساڵەی ئەو شۆڕشە مەزنە دەكەینەوە، هێشتا بە رۆحی ئەیلول لە تێكۆشان بەردەوامین، بە هیممەتی رۆڵە گیانفیدا و دڵسۆزەكانی گەل و بە رابەرایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی ووڵاتی خۆمان لە شەڕی تیرۆریستان پاراست و دڕندەترین دوژمنی مرۆڤایەتیمان بەزاند، بەرگەی شەڕی برسیكردن و پیلان و پەلامارەكانمان گرت، دوای سەد ساڵ بێبەشی لە مافی چارەی خۆنوسین، لە ریفراندۆمێكی سەركەوتوودا تەعبیرمان لە ئیرادەی ئازادانەی خۆمان كرد، دواتریش قەوارەی سیاسی هەرێمەكەمان پاراست و زڕەخەونی ناحەزانمان پوچەڵكردەوە كە دەیانویست ئەم قەوارەیە لەناوببەن.

بە هەڵبژاردنێكی گشتی شەرعیەتمان بۆ دامەزراوەكانمان نوێكردەوە و سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەتی نوێمان كارا كردەوە.

ئێستاش بە هەمان وورە و باوەڕی پتەو و نەگۆڕەوە لەسەر ماف و داوا رەواكانمان مكوڕین و بەڵام لە هەمان كاتیشدا و هەر پشت ئەستور بە پرنسیپەكانی شۆڕشی ئەیلول، هیچ دەرفەتێكی دانوستان و لێكگەیشتن بۆ بەرژەوەندی كوردستان و راستەرێكردنەوەی عێراق لەدەست نادەین و رەتناكەینەوە.

 

ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی پڕشكۆی شۆڕشی ئەیلول دەكەینەوە، وەك هەمیشە ئەركی گەورەمان لە پێشە، چەسپاندنی مافە دەستورییەكانمان و پاراستنی دەسكەوتە بەدیهاتووەكانمان و دەستپێكردنەوەی بوژاندنەوە و پەرەپێدانی كوردستان و بەرخوردی ژیرانە لەگەڵ پێشهاتەكانی ناوچەكە و دەوروبەرمان، یەكدەستیی هەموو لایەكمان دەخوازێ، لە پێناو كوردستانێكی بەهێز و ئارام و ئاوەداندا، دەبێ توانا و دەنگ و هەڵوێستمان یەكخەین و هەر ناكۆكییەكی لابەلا بخەینەلاوە.

دەبێ ئامانجی هەموولایەكمان هێنانەدی گوزەرانێكی باشتر و ژیانێكی سەربەرزانە بێت بۆ رۆڵەكانی گەلەكەمان كە شایستەی ئەو هەموو خوێن و خەباتە بێت كە لەو پێناوەدا بەخشیویانە.

 

 

لە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلولدا:

 

-هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی مستەفا بارزانی نەمر رابەری شۆڕشی مەزنی ئەیلول.

 

- سڵاو لە گیانی سەركردەی نەمر كاكە ئیدریسی هەردەم لە یاد.

 

- سڵاو لە پارتی دیموكراتی كوردستان و جەماوەرە كۆڵنەدەرەكەی

 

- درود و سڵاو بۆ تێكڕای شەهیدانی شۆڕشی ئەیلول و گشت شەهیدانی كورد و كوردستان و خانەوادە سەربەرزەكانیان.

 

- سڵاو لە گەلی كۆڵنەدەری كوردستان

 

- سڵاو لە تێكۆشەرانی دێرین و پێشمەرگەكانی ئەیلول

 

- سەركەوتن و ئازادی بۆ كوردستان

 

مەكتەبی سیاسی

 

پارتی دیموكراتی كوردستان

 

11ی ئەیلولی 2019

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending