English | عربي

حكوومەتی ھەرێم بەڵگە و دۆكیومێنت لەسەر ناوچە كوردستانییەكان كۆدەكاتەوە


حكوومەتی ھەرێم بەڵگە و دۆكیومێنت لەسەر ناوچە كوردستانییەكان كۆدەكاتەوە

2019/09/11 | 11:05

(هەواڵ كوردستان)-

هەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەی رۆژی ٣٠/٧/٢٠١٩، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لیژنەیەكی تایبەت بە ئاساییكردنەوەی رەوشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێم پێك ھات، بەرپرسێكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانیش دەڵێ، دەست بە كۆكردنەوی بەڵگە و دۆكیومێنت كراوە.

عەدالەت عومەر، راوێژكاری دەستەی ناوچە كوردستانییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمانی مەسروور بارزانی لیژنەیەكی تایبەت بە چارەسەركردنی پرسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی پێك ھێناوە و لیژنەكە دەتوانێت رۆڵی بەرچاوی ھەبێت لە ئاساییكردنەوەی رەوشی ناوچە كوردستانییەكان، ھیچ نەبێت لەبەر خەڵكی ئەو سنوورانەی ئاڵۆزییان تێدایە، رەوشەكە گۆڕانكاری بەسەردا بێنن".

راوێژكارەكەی دەستەی ناوچە كوردستانییەكان دەشڵێت: "بەپێی بڕیاری ژمارە حەوتی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن، لیژنەكەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەست بە دانوستان لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ دەكات بۆ چارەسەركردنی پرسی ئەو ناوچانە و ئاساییكردنەوەی رەوشی ئاڵۆزیان، لە رۆژی ٢٢/٧ بڕیارێكی دیكە دەركراوە و تێیدا ھاتووە، كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەڵگە و دۆكیومێنت لەبارەی رەوشی ناوچە كوردستانییەكانەوە كۆدەكاتەوە بۆ ئەوەی كاری پێویستی لەسەر بكرێت".

عەدالەت عومەر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "مەبەست لە پێكھێنانی لیژنەكەی حكوومەت، بۆ چەند ئامانجێكە و ئومێد ھەیە ئەو ئامانجانە بەدی بێن لە ئەنجامی ھەوڵەكان، ئەویش گەڕانەوەی ئاوارەكانی دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و قەرەبووكردنەوەیانە، ھەروەھا ئیدارەدانی ئەو ناوچانەیە بە بێ ئاڵۆزی و بە شێوەیەكی ئاسایی".

 

قائید میرۆ

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending