English | عربي

مونا قەهوەچی: لایه‌نه‌كان پشتیوانیی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی پەرلەمان دەربڕی


مونا قەهوەچی: لایه‌نه‌كان پشتیوانیی خۆیان  بۆ هەنگاوەكانی پەرلەمان دەربڕی

2019/09/11 | 13:15

(هەواڵ كوردستان)-

هەولێر-KDP.info- دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەستیان كردووە بە سەردانیكردنی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و یەكەم سەردانیشیان بۆ لای (سەرۆك بارزانی) بوو، دواتریش سەردانی مەكتەبی سیاسیی پارتی و رۆژی دووشەممەش سەردانی یەكێتی و یەكگرتوو و بزووتنەوەی گۆڕانیان كرد، سكرتێری پەر‌لەمانیش دەڵێ، بەردەوام دەبن لە سەردانەكانیان بۆ لای تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و دەیانەوێت لایەنەكان پشتگیری لە هەنگاوەكانی پەرلەمان و حكوومەت بكەن.

مونا قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەكو دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، دەستمان كردووە بە سەردانیكردنی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بە مەبەستی دروستكردنی كۆدەنگی لەسەر كۆمەڵێك بابەتی چارەنووسساز، لەوانەش دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی هەرێم و، هەروەها هەماهەنگیی زیاتر بكرێت لە نێوان پەرلەمانی كوردستان و نوێنەرانی كورد لە بەغدا و، هانی لایەنە سیاسییەكان بدرێت بۆ ئەوەی بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن، لەگەڵ پڕۆژەیاسای چاكسازی و، نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان، كە دەمانەوێت لەم خولەدا ببینە خاوەنی دەستوور، بۆ ئەم مەبەستەش داوامان كردووە زەمینەسازییەك دروست بكرێت و پاڵپشتمان بن".

قەهوەچی ڕاشیگەیاند: "لە رۆژانی داهاتووشدا بەردەوام دەبین لە سەردانەكانمان و، ئەو لایەنانەی سەردانیشمان كردوون، دەستخۆشییان لێمان كردووە، كە كار بۆ ئەم پرسە نشتیمانی و گرنگانە دەكەین و، پشتیوانیی خۆشیان دەربڕی بۆ هەنگاوەكانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و پڕۆژەیاسای چاكسازی و نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان، هاوڕاش بوون لەگەڵمان لەسەر ئەوەی پێویستە پرسە نشتیمانییەكان لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبەكانەوە بێت".

سكرتێری پەر‌لەمانی كوردستان باسی لەوەش كرد، وەكو پەرلەمان ئەولەوییەت دەدەن بە پڕۆژەكانی حكوومەت.

گوتیشی: "هەماهەنگییەكی باش لە نێوان پەرلەمان و حكوومەتدا هەیە و، لە ئێستاشدا حكوومەتی هەرێم كار لەسەر ژمارەیەك پڕۆژەیاسای گرنگ دەكات و لەنێویشیاندا پڕۆژەیاسای چاكسازییە و داوامان كردووە یەكەم پڕۆژەیاسا بێت حكوومەت بۆمانی ڕەوانە بكات، كە ئەولەویەتی پێ دەدەرێت لەلایە‌ن خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانەوە، هەر كاتێكیش حكوومەت پڕۆژەی چاكسازیمان بۆ ڕەوانە بكات، لە پەرلەمان كاری لەسەر دەكەین، بۆ ئەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان سوودمەند بن لەم جۆرە پڕۆژەیاسایانە".

 

نەشوان بەرزنجی








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending